پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان و لە عیراقدا

محەمەد فاتیح

28/11/2018

بیرمە كە لەقۆناغی ناوەندی بوم لە قوتابخانەی "عبدالرحمن بن عوف" لە كەركوك، مامۆستاكان داریان بەكاردەهێنا بۆ لێدانمان، كار گەیشتە ئەوەی جارێكیان مامۆستایەكمان كە رەفیق حزبی بوو، بە كێبڵی كارەبا لێی داین، ئەم كارە وای كرد برا گەورەكەم بێتە سەر مامۆستاكە و رەخنەی لێبگرێت، كە پێویستە ئەو جۆرە كەسانە سزابدرێن و زیندانی بكرێن.
بەكارهێنانی ئەم توندوتیژیە لە قوتابخانەكانی عیراق تاكو ئێستاش بەربڵاوە. ژمارەیەكی زۆر گرتەیی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوە، كە چۆن مامۆستاكان و بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی عیراق توندوتیژی لەگەڵ قوتابیەكان بەكاردەهێنن و هەندێكجار دەگاتە ئاستی ئەشكەنجەدانیان، لەكاتێكدا مامۆستایانی هەرێمی كوردستان نەك هەر بۆیان نییە توندوتیژی لەگەڵ قوتابیەكان بەكاربهێنن، بەڵكو تەنانەت بۆیان نییە زمانی زبر و توندوتیژیش بەكاربهێنن، تەنها لە حاڵەتێكدا نەبێت، كە قوتابیەكان سەرپێچییان كردبێت یان دەستدرێژی بكەنەسەر مامۆستایان، ئەمەش مافی مامۆستایە سنورێك بۆ ئەم بابەتە دابنێت.
من لێرەدا بەراورد لەنێوان پەروەردە و فێركردنی هەرێمی كوردستان و عیراق ناكەم، بەڵكو بەراوردی پەروەردە دەكەم، كە پێویستە لە فێركردندا پەیڕەوبكرێت، كاتی خۆیشی باوكم كە مامۆستا و بەڕێوەبەریش بوو لە كەركوك و عەمارە، بەوە ناسرابوو زۆر هێمن و گاڵتەچییە لەگەڵ قوتابیەكانی و شێوازێكی تایبەتی هەبوو بۆ فێركردنیان، بێ ئەوەی توندوتیژی بەكاربهێنێت، لەكاتێكدا دەیتوانی وەكو مامۆستاكانی دیكە بۆ لێدانی قوتابیەكان دار بەكاربهێنێت.
من لێرەدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر هەڵسوكەوتی پارێزگاری نەینەوا نۆفل عاگوب بەرامبەر بەڕێوەبەری قوتابخانەی "عبدالله بن جابر" ناشیاوبێت، ئەی هەڵسوكەوتی ئەو بەڕێوەبەرە بەلێدان و ئیهانەكردنی مناڵێكی قوتابی شیاوە؟
چ تاوانێك لەوە ناشرینترە منداڵێكی بێ تاوانی فریشتەئاسا ئیهانە بكەیت؟ ئەوە ناشرینترە یان ئەوەی بەرامبەر بەڕێوەبەرەكە كراوە؟
ئەو بەڕێوەبەرە و هەموو ئەو مامۆستایانەی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان دژی قوتابیان بەكاردەهێنن، پەروەردەكارنین، بەڵكو پێویستە لەسەر حكومەت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات و لەكارەكانیان دەریان بكات.
ئێوە رازی دەبن بە لێدانی منداڵەكان و ئیهانەكردنیان، كەچی دڵگرانن بە ئیهانەكردنی ئەو كەسانەی توندوتیژی بەكاردەهێنن. تاكو كەی رێز لە مرۆڤ ناگیرێت؟ تاكو كەی منداڵەكان لەسەر بنەمای توندوتیژی و رق لێبونەوە پەروەردە بكرێن و دەستی ئەو كەسانەش بوەشن و دەستخۆشیان لێبكەن، كە بەو جۆرە پەروەردەیان دەكەن.
ئەگەر یاسا و یەكسانی هەبوایە دەبوو ئەو جۆرە كەسانە كە دەستدرێژی دەكەنەسەر مرۆڤایەتی بدرێنە دادگا، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستاش كەسانێك هەن چەپڵە بۆ توندوتیژی لێدەدەن و لەپاڵ ستەمكار دەوەستن دژ بە بێ تاوانەكان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group