شكۆی لەقبووی ئەمریكا!

سۆران عەلی

24/12/2018

ئەو كاردانەوە رەخنەئامێز‌و توڕانەی بڕیارەكەی سەرۆك دونالد ترەمپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا وروژاندنی، جێی سەرسوڕمان نەبوون، چونكە هەنگاوێكی لەو شێوەیە لە كاتی جێبەجێكردنیدا دەشێت كاریگەری نەرێنی لەسەر جەنگی دژ بە تیرۆری داعش هەبێت كە قۆناغە سەربازییەكانی خەریكە كۆتاییان دێت. هەروەك هاوسەنگی هێز لەناوچەكەدا تێكدەدات‌و شڵەژانێكیش بۆ هەموو لایەنەكان دروست دەكات، بەتایبەتیش هاوپەیمانەكانی واشنتۆن، ئەمە سەرباری ئەو ئاسەوارانەی دیكەی لەمەودای دووردا لەسەر لەقبوونی شكۆی ئەمریكا دەیبێت.

راستە چەند مانگێك لەمەوبەر كشانەوەی ئەمریكا مەسەلەیەكی جێی گفتوگۆ بوو، زۆر كەسیش پێیان وابوو هەر دەبێت رووبدات، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی ترەمپ لە لێدوانەكانیدا سەبارەت بە بڕیارەكە باسی دەكات كە "كتوپڕ" نەبووە، هاوپەیمانەكانی هاوڕانین لەسەر كات‌و هەلومەرجی وەرگرتنی، چونكە تەنانەت كەسە نزیكەكانی ئیدارەكەیشی ئاگایان لە دەرچوونی نەبووە، چجای ئەو هاوپەیمانانەی لەگەڵیدا لەدژی داعش جەنگاون‌و بەردەوامیشن.

پاڵنەرە ئاشكرا‌و شاراوەكانی بڕیارەكە كە پەیوەندیدارن بە سیاسەتی دەرەكی‌و سەربازی‌و ئابووریی واشنتۆن هەرچییەك بن‌و سەرۆك ترەمپ لەكاتی وەرگرتنی بڕیارەكەدا بیری لە هەرشتێك كردبێتەوە، ئەوا چاودێران پێیان وایە سەرەتا زیان بە بەرژەوەندییەكانی ویلایە یەكگرتووەكان‌و هەژموونی لە جیهان‌و بەتایبەتیش لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت كە دەمێكە وەكو دڵی ئابووری‌و ستراتیجی هەموو جیهان دادەنرێت.

كشانەوەی ئەمریكا ئەگەر رووبدات، بۆشاییەكی گەورە لە هەڵمەتی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی لەدژی تیرۆر دروست دەكات‌و دەبێتە مایەی دەركەوتنی یاریزانی نوێ لە گۆڕەپانی سوریادا كە مەرج نییە كۆك بن لەگەڵ تێڕوانینی واشنتۆن و سیاسەتەكانی لەو ناوچەیەدا، بەم پێیەش رەنگە ئەمریكا ئەو دەستكەوتە گەورانە لەدەست بدات كە ساڵانێكە لەسەر زەوی بەخوێنی سەربازانی‌و بەپشتیوانی هاوپەیمانە نزیكەكەی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) بەدەستیهێناون، دووریش نییە كاریگەرییەكانی پەلبكێشن بۆ نێو ماڵی ئەمریكا كە ئاماژەكانی بە دەستلەكاركێشانەوەی جیمس ماتیس وەزیری بەرگری‌و برێت مەكگۆرك نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر‌و توڕەیی‌و نیگەرانی نێو هۆڵەكانی كۆنگرێس لەدژی بڕیارەكە، دەركەوتوون.

ئیدارەی ئەمریكا ئازادە لە وەرگرتنی بڕیارەكانیدا، بەڵام دەبێت وەك دەوڵەتێكی زلهێز مەودای ئەخلاقی بڕیارەكانی لەبەرچاو بگرێت كە دەڵێت ناكرێت دۆستەكان لە گۆڕەپانی شەڕێكدا بەجێبهێڵرێن كە هێشتا كۆتایی نەهاتووە ئەویش لە پێشێلكردنێكی ئاشكرای لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بە پابەندبوونیان بەپشتگیری هاوپەیمان‌و دۆستەكانیان‌و مانەوە لەگەڵیان لە سەختییەكاندا.

كاردانەوەكان لەسەر بڕیارەكەی ترەمپ بۆ ماوەیەك بەردەوام دەبن‌و پێدەچێت چەند رۆژی داهاتووش پێشهاتی خێرای سیاسی‌و سەربازی بەخۆوە ببینن لەبەر رۆشنایی ئەو گوشارانەی كە رەنگە سەرۆكی ئەمریكا رووبەڕوویان ببێتەوە یاخود ئەو پێشنیارانەی لەوانەیە لەلایەن ئەو دەوڵەت‌و لایەنانەی سوورن لەسەر مانەوەی ئەمریكا لە سوریا، پێشكەشی بكرێن، بەڵام كاریگەرییەكانی بڕیارەكە لە تێڕوانینی هاوپەیمانانی واشنتۆن یان ئەوانەی لە ئایندەدا دەبنە هاوپەیمانی هەر دەمێننەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group