حكومەتی توركیا چی بەرامبەر هەدەپە و پارتە كوردەكان دەكات بۆ 31ی ئادار

لاڤه‌ كورده‌

16/02/2019
رۆژی 31-3ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا و باكوری كوردستان بەڕێوەدەچێت و هەشت پارتی كوردیی هاوپەیمانیەتیەكیان پێكهێناوە و پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەرپەرشتی ئەو هاوپەیمانیەتیە دەكات و ئامانجیان ئەوەیە بتوانن زۆرترین شارەوانی بەدەستبهێنن بە تایبەت لە دوای ئەوەی حكومەتی توركیا كە لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەڕێوەدەبرێت لە ساڵی 2016، 96 شارەوانی قەیومی بۆ داناو 102 هاوسەرۆكی شارەوانیشی خستە زیندانەوە كە سەربە هەدەپە و پارتە كوردەكان بوون، هەدەپە دەیەوێت لە هەڵبژادنی 31 ی ئاداری ئەمساڵدا سەرجەم ئەو شارەوانییانە وەربگرێتەوە. لە كاتی خۆیدا ساڵی 2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان‌ سەرۆك كۆماری توركیا ئەوەی وت كە لابردنی سەرۆك شارەوانیەكان لە باكوری كوردستان بەبڕیاری خودی خۆی بووە.
دوای سێ ساڵ هەدەپە دەیەوێت چی بكات بۆ ئەم هەڵبژاردنەی لە پێشیەتی؟ ئاشكرایە بە گوڕوتینەوە دەیەوێت بەشداری بكات و ئەو شارەوانیانەی لێی سەندراوە بەدەستیبهێنێتەوە، هەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری ئەو پارتە و بەشێكی زۆری پەرلەمانتارەكانی دیكەشیان دەڵێن 96 شار كە لە دەستمان دەرهێنراوە، چاوەڕێن وەریبگرینەوە.
هەدەپە كە ئامادەكاریی و سەردانەكانی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردوە و ژمارەیەك لە كاندیدەكانیشی ئاشكراكردوە، حكومەتی توركیا لە رێگەی هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسەوە كەوتۆتە رێگری لە چالاكیەكانیان و لە ئێستاوە بەشێكی كاندیدەكانی لێ دەستگیركردون، ئادەم گەڤەری پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە ماوەیەك بەر لە ئێستا پێیوتم تا دێت بارودۆخی هەدەپە خراپتر دەبێت و رۆژانە بە دەیان ئەندامیان لێ دەستگیردەكرێت، هەر كەسێكیش كە لەلایەن هەدەپەوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كاندید دەكرێت، حكومەتی ئاكەپە دەستگیری دەكات و پەرلەمانی ئەو وڵاتە كارناكات و تەنها حكومەت خۆی بڕیاردەدات و كار بە یاسا ناكرێت، لەم قسانەی ئەندامان و بەرپرسانی پارتی دیموكراتی گەلان ئەوە دەردەكەون كە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن توركیا قەبارەی پارتە كوردیەكان بچوكتر دەكاتەوە، سەلمێنەری ئەوەش دەستگیركردنی نزیكەی 15 هەزار ئەندامی هەدەپەیە و سەپاندنی سزای چەندین ساڵ زیندانی بەسەریاندا و داوای زیاتر لە 100 ساڵ زیندانی بۆ زۆربەیان بەبێ كارپێكردنی یاسا و دانانی تۆمەتی بێ بنەما.
ئەوەی مەترسیە، توركیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە مافی دەنگدان لە زیندانیان قورس دەكات و لە بڕیارێكدا بەپێی ناوچەی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ دەنگی زیندانیان دەكرێت كە مەبەستی سەرەكی رێگریە لە دەنگ بۆ هاوپەیمانێتی هەشت پارتەكەی باكوری كوردستان، ئەوە لەكاتێكدایە هەدەپە ئومێدی تەواوی بە زیادكردنی شارەوانیەكان هەیە و چەندین راپرسیش لە باكوری كوردستان و توركیا ئەوە دەڵێن كە ئەو پارتە بەراورد بە ساڵی 2014 ژمارەی شارەوانیەكانی زیاد دەكات.
ئەوەی چاوەڕێی دەكەین دوای 31ی 3یە ئاخۆ رێگریەكانی ئاكەپە و سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیادا بە كوێ دەگات؟ 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group