با حکومەتێکی نیشتمانی كارا پێكبهێنین تا کوردستان پارێزراوتر بێت

نه‌زهه‌ت حالی

پێش 3 هەفتە

براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان بووه، به‌ پێی یاساكانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌ركی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌سه‌ر شانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش به‌ پێی بارودۆخ و سروشتی سیاسی كوردستان ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی به‌شداری له‌حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم بكات،هه‌ڵبه‌ت گه‌ر بیه‌وێت به‌و ئه‌ركه‌ هەڵبستێت، ئه‌و به‌شداری كردنه‌ بۆ خودی یه‌كێتی و گه‌لی كوردستانیش باش ده‌بێت ،هه‌ر بۆیه‌ برادە‌رانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ به‌ تایبه‌ت خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كانیان به‌رپرسیارێتی زیاتریان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕامانێكی دوربینانه‌ و واقعیانه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌تی داهاتوو كار بكه‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ به‌شداری كردنیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم پایه‌كانی حكومه‌تی داهاتوو به‌هێز ده‌كه‌ن ، گومانیش له‌وه‌ دانیه‌ گه‌ر یه‌كیه‌تی بیه‌وێت به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بكات هه‌ر سێ لایه‌نی سیاسی ( پارتی ،گۆڕان و یه‌كێتی) پێكه‌وه‌ ده‌توانن سێ پایه‌یی سه‌ره‌كی بن له‌ پێك هێنان و به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ڕه‌چاو نه‌كردنی به‌شی هێزی یه‌كه‌م كه‌ پارتییه‌ له‌ پۆست و پایه‌كانی حكومه‌ت به‌ پێی استحقاقی خۆی كارێكی ناره‌وای نایاساییه و له‌ گه‌ڵ ئیتیكی سیاسی و پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكراسی ناگونجێت .
پێم وایه‌ زۆر جار له‌ هه‌رێم سیاسه‌ت وه‌كو هونه‌ر و ئامرازێك بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات بۆ خزمه‌ت كردنی گه‌ل و نیشتمان، كه‌ هه‌ندێ جار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ندێ له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان پێویستیان به‌ گرێدانی هاووپه‌یمانێتی هه‌بووه‌ بۆ پێكهێانی حكومه‌ت و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ، ئامانجی خۆی به‌ دروستی نه‌ پێكاوه‌ و له‌ خزمه‌تی به‌ڕێوه‌بردنێكی به‌ دور له‌ كێشه‌ نه‌بووه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه به‌شداربووه‌كان، وه‌كو پێویست كاركردن بۆ سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت و هه‌موو كابینه‌كه‌یان به‌ ئه‌ركی خۆیان نه‌زانیووه‌، ته‌نانه‌ت ڕۆلێكی نیمچه‌ ئۆپوزیسۆنیشیان بینیووه‌ ،بۆ ئه‌وه‌ی به‌ مه‌زنده‌ی خۆیان پارێزگاری له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان بۆ داهاتوو بكه‌ن، كه‌ پێم وایه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ نابێت له‌ كابینه‌كانی داهاتوودا ڕێگه‌ی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی پێ بدرێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی لاواز بوونی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان، هه‌روه‌ها زۆر جار له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی پارته‌ سیاسییه‌كان و هه‌ندێ جاریش بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسی چاوپۆشی له‌ مافی گشتی و حكوومه‌ت و بواری كارگێڕی ده‌كرێت. 
هه‌رێم به‌ بێ حكوومه‌ت به‌ڕێوه‌ ناچێت،بۆ پێك هێنانی حكومه‌تیش ڕێكاری یاسایی به‌ ڕوونی دیاری كراون و ئه‌ركی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌و پارتانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ حكومه‌ت به‌شداربن یاسا جێبه‌جێ بكه‌ن و حكومه‌ت پێك بهێنن. بارودۆخی عێڕاق و ناوچه‌كه‌ و فره‌ ڕه‌هه‌ندی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ ڕوو بده‌ن وا ده‌خوازن یه‌كگرتوو بین و خاوه‌ن حكومه‌تێكی كارا و به‌ هێزی نیشتمانی بین، هه‌روه‌ها پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌شداری و هاوبه‌شییه‌كی به‌رپرسیارانه‌ بكه‌ن له‌و حكومه‌ته‌ نوێییه‌ی كه‌ جێگه‌ی ئومێدێكی زۆره‌ كه‌ له‌ پاڵ كارا كردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و گرنگی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم خزمه‌تێكی شیاویی گه‌لی كوردستان بكه‌ن.
هیواخوازم ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ حكومه‌تی داهاتوودا به‌شدار نابن و له‌ په‌ڕله‌مان وه‌كو ئۆپۆزیسیۆن ده‌مێننه‌وه‌ وا باشه‌ حكومه‌ت به‌ هی خۆیان بزانن و له‌ دڵه‌وه‌ حه‌ز به‌ سه‌ركه‌وتنی بكه‌ن ، هه‌روه‌ها وه‌كو ئۆپۆزیسیۆنێكی به‌رپرسیار به‌ چاودێری كردنی خۆیان حكومه‌ت له‌ هه‌ڵه‌كان بپارێزن و هه‌میشه‌ بیر له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی قه‌یرانه‌ نه‌خوازراوه‌كان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group