كێشه‌ی درۆ ئه‌وه‌یه كه به‌س خۆی نییه‌و به‌ته‌نیا نایه‌ت، به‌ڵكو وه‌همی ڕاستییش له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌هێنێ! درۆی سیاسه‌تی ئێمه پارتی و یه‌كێتی-ن، به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه ته‌نیا پارتی و یه‌كێتی نییه، به‌ڵكو ئه‌وانی تریشه كه درۆی پارتی و یه‌كێتی-یان قۆستۆته‌وه، تا له‌وێوه خۆیان بكه‌ن به ڕاستی، له‌كاتێكا ئه‌وانیش هه‌ر درۆن. وه‌ك ئه‌ڵێن قسه قسه ڕائه‌كێشێ، درۆش درۆ ڕائه‌كێشێ و هه‌میشه بوونی درۆیه‌ك باشترین ده‌رفه‌ته بۆ هه‌ڵتۆقینی درۆكانی تر، چونكه ته‌نیا خۆ گیڤكردنه‌وه‌و وه‌ستانه‌وه‌یه‌ك دژی درۆی یه‌كه‌م، به‌سه بۆئه‌وه‌ی له‌ڕووكه‌شدا ببیته ئاڵاهه‌ڵگری ڕاستی، ئه‌گه‌رچی له‌ناوه‌ڕۆكدا درۆشبیت! مه‌سه‌له‌ن ته‌نیا نمایشێكی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵیی، به‌سه بۆئه‌وه‌ی ببیته (دژه‌گه‌نده‌ڵ) ئه‌گه‌رچی گه‌نده‌ڵێكی عه‌یاره بیستوچواریش بیت. درۆ ئه‌گه‌رچی درۆیه، به‌ڵام له‌وه‌دا ڕاستگۆ‌و بێ پێچوپه‌نایه كه فریوی نه‌ماوه، به‌ڵام "وه‌همی ڕاستی" فریوده‌ره‌و دنیایه‌ك پێچه به‌ده‌وره‌ی هه‌یه تا ئه‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌سڵی خۆی كه درۆیه! مه‌سه‌له‌ن ئه‌و كه‌سه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی-یه، یان ده‌مارگیرییه‌و به‌قسه‌ی خۆیدا كه‌وتووه، یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌و پاروویه‌ك ئه‌پچڕێ، له‌مه زیاتر نییه.. به‌ڵام ئه‌وانی تر قسه‌ی باقوبریقیان زۆره، كه هه‌مان ئه‌و دوو شته‌ی له‌پشته‌وه بشارنه‌وه! ئه‌م باڵانه‌ی درۆ، خۆراك له یه‌ك وه‌رئه‌گرن و بێ یه‌ك ناژین و دژایه‌تییه‌كه‌یان درۆیینه‌یه! یه‌عنی پارتی و یه‌كێتی پێویستیان به‌وه‌یه دژێكی بریقه‌داریان هه‌بێ، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر كه بریقه‌ی نه‌ما، خه‌ڵك نائومێدبێ و ئه‌وان به‌رهه‌می نائومێدییه‌كه بچننه‌وه! دژه‌كانیش پێویستیان به‌وه‌یه پارتی و یه‌كێتی هه‌بن، چونكه ئه‌وانیش پۆخڵه‌واتی خۆیان له‌پشتی گه‌نوگووی پارتی و یه‌كێتی-یه‌وه شاردۆته‌وه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن، زبڵه‌كه‌ی ئه‌مانیش ده‌رئه‌كه‌وێ. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م یارییه ئه‌ونه دووباره نه‌بێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م درۆیه كۆتایی پێبێ و ئه‌زموونێكی ڕاسته‌قینه دروستبكه‌ین، ته‌نیا هۆشیاربوونه‌وه له درۆی یه‌كه‌م به‌س نییه، به‌ڵكو هۆشیاربوونه‌وه له درۆی دووه‌میش! ته‌نیا فریونه‌خواردن به حزب به‌س نییه، به‌ڵكو فریونه‌خواردن به باڵه ناڕازییه‌كانی ناو حزبیش!! یه‌عنی كاتێ دوو گروپی (هه‌لپه‌رست) ئه‌كه‌ونه كێشه، له‌ڕاستیدا ئه‌مه كێشه‌ی من‌و تۆ نییه. وه‌كئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی گه‌وره وردببێته‌وه بۆ پاره‌ی بچوك، ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر پارتی-یه و چه‌ند ساڵ جارێك وردئه‌بێته‌وه بۆ پارتییه‌كانی تر! بۆیه‌ش حاڵی زۆنی زه‌رد گێڕێك له زۆنی سه‌وز باشتره، چونكه له‌وێ درۆكه وردنه‌بۆته‌وه‌و هه‌ولێر و دهۆك هه‌ر گیرۆده‌ی یه‌ك درۆن! به‌ڵام سلێمانی له شه‌سته‌كانه‌وه به‌رده‌وام درۆكه‌ی تێدا وردئه‌بێته‌وه‌و هیلاك و گیرۆده‌ی زیاد له درۆیه‌كه. سه‌یركه پارتی به‌رده‌وام وردئه‌بێته‌وه‌و هه‌ر به‌هێزیش ئه‌بێت، چونكه له سیسته‌می درۆدا، هه‌میشه درۆ بچوكه‌كان قه‌ڵغانی پاراستن و مانه‌وه‌ی درۆ گه‌وره‌كانن! ئاخر تۆ مه‌شغوڵی درۆ بچوكه‌كه بیت ئاسایی سه‌ری درۆ گه‌وره‌كه‌ت ناپه‌رژێ. سیاسه‌تی دروست به‌رهه‌مهێنانی ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ره، ململانێی ناوه‌ڕۆكه، ئه‌مانه‌ش به شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ده‌ست نایه‌ن، ئه‌مه شه‌ڕێكه ئه‌بێ له‌گه‌ڵ خۆت بیكه‌یت، كه‌چی موعاره‌زه‌ی ئێمه پێمان ناڵێ هه‌گبه‌ی خۆی چی تێدایه، پێمان ئه‌ڵێ هه‌گبه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌تاڵه! ئێ خۆ پووچێتی ئه‌و، تۆ پڕناكاته‌وه‌و تا ئێرا تۆ ته‌نیا پووچێكی تریت، تۆ ته‌نیا له‌وێوه پڕیت و ئیتر پووچ نیت، كه ماهییه‌تێكی ترت هه‌بێ و ناوه‌ڕۆكێكی ترت هێنابێ.