خۆش باوەڕی یان نەزانی؟!

عەلی كەریمی

15/06/2019

ئیتر ئەوە، هەر ئەوە بوو ساڵێك پێش هاوارمان كرد و بەگووتن و نووسین بە هەموو دنیامان راگەیاند و لە نیازی شومی دەسەڵاتی بنەماڵە ئاگاداركرانەوە.
رێك هەروا دەرچوو، ئیتر پارتی و بارزانی هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی كوردیان لە هەرێم خستە ژێر چۆكی خۆیان. گووتمان مەسعود لە وازهێنانی راست ناكا، نێچیر دەكاتە سەرۆكی هەرێم بۆ بێدەنگ كردن و بە رەواڵەت راگرتنی خاتری برازا و زاوا. كوڕە نازدار و خۆشەویستەكەی دەكاتە سەرۆك وەزیرانێكی خاوەن دەسەڵات و ئەوجار خۆشی لەهەموان باڵاتر دەبێتە مەرجەع و یان بە قەولی ئەو "نوخبانەی" حیزبی و میدیایی كە زۆریان حەز لە ماستاوی خەستە و چاویان بڕیوەتە خوانی دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازەكان، شەهنشا!
ئەوان ئەوەی دەكەن كە بۆیان دەلوێ و پێموایە بە كردەوەش زۆربەی دەسەڵاتی ئەم جیهانە پێشیان بەر بدرێ هەتا دیكتاتۆرییەت ناوەستن. كەوابوو ئەوان شتێكی زۆر سەیر و عەجایبیان نەكردووە. حیزبەكانی كوردستان بە هەموویانەوە ئەو مەجالەیان رەخساند كە دەسەڵات لە سەرۆكایەتییەوە نەبووە پەرلەمانی هیچ، ئەولاتریش بەرەو تەواو بنەماڵەیی و خستنە ژێر چۆكی هەر هەموو دەسەڵات و موئەسساتەكان چوو!
لە هەموو جیهان وا باوە مرۆڤی سیاسی و دەوڵەتی، زۆر وەعد دەدەن و زۆرجاران درۆ دەكەن، دواتریش كە وەڕاست نەگەڕا وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن و هیچ بە لایانەوە شەرم نییە كە چەند رۆژ پێش چییان گووت و وەعدی چییان دا.
لە نیوچە دەوڵەتمەدارانی كاڵ و خۆش خەون و خەیاڵی ئەمڕۆ و شۆڕشگێر و یاخی و خۆشەویستی ناوخەڵك و هەڵسوڕاوانی تاقە ئۆپۆزیسۆنی جێی هیوا و ئومێدی خەڵكی دۆینێی گۆڕان، چەند رۆژیكە بە هیوای بوون بە پیاوی دەوڵەت قسە و ئامۆژگاری سەیر و عەجایب دەبیسم.
شك و گومان لای كەس نییە منیش وەك ئێوە ئارەزووی چاكسازی و حكومەتێكی پاك و بێگەردم بۆ هەرێمەكەمان هەیە. ئەمڕۆژانە زۆر شت نووسراوە و زۆرتان رەخنە لێ گیراوە و لێرەدا دووپاتیان ناكەمەوە، بەس بەڕاستی حەزم كرد بزانم ئەو هەموو خۆشباوەڕی بە بنەماڵە و دەسەڵاتێك كە تا سەر ئێسقان دەستیان بە خوێنی هاووڵاتی و دەنگی ئازاد سورە و دەیان و سەدان جار تاقی كرانەوە و دەركەوت ئەوان جیا لە مەسڵەحەتی بنەماڵە هیچی تریان مەبەست نییە و تێناگەن، لە كوێرا هاتووە؟! كاكی هەڵسوڕاو! هاووڵاتی مافی خۆیەتی ئەویش وەك تۆ هیوادار و باوەڕی بەو چاكسازییە بێ رۆژانە لەسەر پەیج و سایتەكان وەعدی دەدەن. باشە بۆ ناكرێ ئەوەی تۆ دەیزانی و بە دڵنیایی دەفەرمووی بۆیە بەشداری حكومەت دەكەین بۆ حكومەتێكی ساڵم و دوور لە گەندەڵی، بە بێ فێل و سادەقانە بە خەڵكی بڵێن و ئەوانیش با وەك ئێوە بە مێشكێكی ئارامەوە چاوەڕی بن و بچن بەرەوپیری حكومەتێكی پڕ لە عەدالەت و پاك و خاوێن. ئەدی گەر تۆ دەیان فایلی گەندەڵی ئەوانەت ئامادەكردوە تكایە بەم خەڵكە بڵێن بەو هەموو فایلەوە چۆن متمانەتان كردووە؟ دەفەرموون: دواڕۆژ هەموو راستییەكان ئاشكرا دەبێ!
دەفەرموون: داوای یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی و وەزیری دارایی و بەرپرسی سندوقی داهاتی نەوتمان كردوە. خەڵك چۆن باوەڕ بكا بەو هەمووە ئەزموونە خراپ و مافیاییە، ئەم داوایەتان بۆ جێبەجێ دەكەن؟! مادام داواكارییە ئەوە هیچ، ئەرێ توخوا تۆ گۆڕی ئەم رەوانشادە بۆ چاكسازییە یان بۆ پۆست و پاروو چەورەكانە؟!
دیسان دەفەرموون: بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت مانای بێدەنگی پەرلەمانتارەكانمان نییە لە گەندەڵی و كاری نایاسایی و بەفیڕۆدانی دارایی گشتی، خۆ جارێ هیچ نەبووە و حكومەتەكەش پێك نەهاتووە بێدەنگن هیچ، بە شەرمەوە دەست هەڵدەبڕن هیچ، بە بەرچاوتانەوە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا ئەو نمایشە مەسخەرە و مناڵانە بۆ سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم لە پێش چاوتان روو دەدا كەچی كز و مات و پێدەنگن و تەنانەت مارشی نەتەوەیی بۆ راگرتنی دڵی توركەكان لێنەدرا و دژی پرۆتۆكۆڵی پەرلەمان بوو هیچتان نەگووت!؟
دەفەرموون: هەڵە تێگەیشتوون و ئایەندەش ئەمە رووندەكاتەوە!
هاوڕێیان و دۆستانی جێی هیوا و ئومێدی دۆینێم، سادە و خۆشباوەڕەكانی خۆشەویستی ئەمڕۆ، زۆر بەداخەوە من و زۆری وەك منیش هیچ باوەڕمان بەم قسانە نەماوە و متمانە بە شتێك ناكەین كە چەندینجار ئەزموون كراوە و خەتایەكی گەورەیە دیسان ئەزموون بكرێتەوە. من دڵنیام هیچی لەوانەی تۆ راست دەرناچێ و خۆمی بۆ فریو نادەم بەس نازانم دواڕۆژ چی بە تۆ بڵێم و چیت لێبكەم كە تەمەنێكی تری ئەم خەڵكەت بە خۆشباوەڕی و یان تەماحی خۆت بە فیڕۆ دا، جا كە چەرمەكە ئاو بردی چیت پێ بڵێم!؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group