ئەم کاتژمێرە چیمان پێدەڵێ؟

تەها سلێمان

24/07/2019

1
پێچەوانەی ئەو باس و خواسانەی کە دوورو نزیک قازانجیان نیەو زیانیان زۆرترە؛ خوازیار بووم نەک ماڵی تایبەتی بەشداربوانی فەیسبووک، بەڵکو سەرپاکی ماڵ بەماڵی هەموو کوردو مرۆدۆستێک، گشت ڕێگاوو بانەکان، تێکڕای دام و دەزگاکانی باشووری کوردستان، تابلۆی هەموو ئۆتۆمبێلەکان، دەرگاوو پەنجەرەی هەموو خوێندنگاوو زانکۆو پەیمانگاکان، تابلۆی هەموو دووکان و بازاڕەکان، لاپەڕەی یەکەم و کۆتایی هەموو ڕۆژنامەکان، دێری یەکەمی مایکی هەموو ڕادیۆکان، شاشەی گشت تیڤیەکان، هەواڵی یەکەمی هەموو ماڵپەڕەکان، پۆستی بچوک و گەورەی نێوتویتەرو زۆرو زۆری تر، ببوایەتە وێنەی ئەو کاتژمێرەی دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە، بەشێکی بەرچاو بێ درێخ بوون لەبڵاوکردنەوەی.
ئەگەرچی بەشێک لەشارەزایان لەبواری ئەرشیف و تاوانەکانی جینۆسایدی کورد بەگشتی و جینۆسایدی ئەنفال بەتایبەت زانیاری ئەوە دەدەن کەوێنەکە هی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە نیەو هی گۆڕێکی ترە؛ پێم وانیە ئەمەش گرفت نیە، چونکە هەمان سەرچاوەی زانیاریدەر ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە، کە وێنەکە هی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالە.
2
هەستێک لەدوای وێنەی ئەم کاتژمێرە جێگای تێڕامانێکی قووڵە بەدیوە ئەرێنیەکەی، ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لەدایک و باوکی ئەنفالکراوان، کوڕو کچ، نەوەی قوربانیانی تاوانی ئەنفال، کەس و کاری قوربانیەکان، وای لێک دەدەنەوە کەهی کوڕەکانیان یان باوکیان یان براو کەس و کاریان بێ؛ هەروەک ئەم کاتژمێرە ئەو تابوەشی شکان کە خەڵک هاواربکات و بڵ: ڕەنگە ئەوە پرچە سەر یان گودیلەو کەزییەی دایکم بێ؛ دیمەنەکەو لێکدانەوەکە ئەوەندە گەورەیە، کە جێگای داخە توانای ئێمە لەئاست خوێندنەوەو ڕاڤەکردنی بچوک و خوێنساردانەیە! من کاتێک سەرنج دەدەمە وێنەی کاتژمێرەکە لەم ڕستەیەدا کورتی دەکەمەوە (جینۆسایدی ئەنفال، تەنیا تاوانێک نیە لەڕابردوودا؛ بەڵکو مەترسییەکە بەردەوام لەپێشمانە؛ بۆ ئەوەی ئەو مەترسییە نەمێنێ، پێویستە لەدنیا بینی و فەلسەفەی فاشیزمی عەرەب و بەعس بگەین و ڕێگا ڕاستەکانی پێشگرتن لەدووبارەبوونەوەی بگرین).
3
هەموو جارێک لەئاست ئەرکی ڕێگاگرتن لەدووبارە بوونەوەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، بیرو هۆشی خۆم دەگوشم؛ بەخۆم دەڵێم ئێمەیەک لەدوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک حوکمڕانی کوردەواری 1991بۆ ئێستا 2019، نەمانتوانیبێ (بەلایەنی کەم کۆدەنگیەکمان درووستکردبێ بۆ ئەوەی فشار لەسەر عێراق درووستبکرێ پەیماننامە یان ڕێککەوتنامەی ڕۆما 1998 واژۆبکات و بەرەو ئەوە هەنگاو بنێ ببێتە ئەندام لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، نەمانتوانیبێ تاوانبارو تۆمەتبارەکانی بەشدار لەتاوانی جینۆسایدی ئەنفال دادگایی بکەین، لەدوای ڕووخانی بەعس 2003بۆ 2019کە لایەنێکی کەم نەبووین و نین لەپێکهاتەی حکومەت داوای لێبوردن لەکەس و کاری قوربانیانی تاوانەکان بچەسپێنین، نەمانتوانیبێ قەربوو بۆ کەس و کاری قوربانیەکان بەدەست بێنین، نەمانتوانیبێ ئێسک و پروسکی قوربانیەکان بەئازیزانیان شاد بکەینەوە)؛ چۆن دەتوانین ڕێگا لەدووبارەبوونەوەی تاوانی جینۆساید بگرین؟!
4
ئەم کاتژمێرەو تاڵ تاڵی پرچی ئەو ژنانەی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە، کل و کلدان و سورمەو ئوزمەی ناو بوخچەو گیرفانی سوخمەی ئەو فریشتە ژنانە، نەعل و پاتەی پێی ئەو مناڵانەو زۆر شتی تر؛ پێمان ئێژێ ئێمە خوێنساردین و لە ئەرک و مۆراڵی نیشتمانی و نەتەوەیمانا، لەئاست تێگەیشتن لەتاوانی جینۆسایدی ئەنفال و دوباربوونەوەی، نەک بچوک بەڵکو هێندە خوردەین، کۆک بوون و کۆکردنەوەمان زۆر ئاستەمە!!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group