وەزیری نەوتی عیراق: بەرهەمی نەوت لە هەرێمی كوردستان 375 هەزار بەرمیلە

پێش 1 هەفتە

نەوا-
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دوو لیژنە پێكهێنراون و گفتوگۆ دەكەن.
حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ (بغداد الیوم) رایگەیاندوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستان دوو لیژنەمان پێكهێناوە یەكێكیان هونەرییە ئەوی دیكەیان یاساییە بەمەبەستی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتەكەیان تاكو لەرێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)وە هەناردە بكرێت.
وەزیری نەوتی عیراق باسی لەوەشكردوە، گفتوگۆكانی لیژنەكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو گفتوگۆیانەی كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بكرێن لەنێوان لیژنەكاندا نوێنەرانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان تیادا ئامادە دەبن تاكو دانوستانیان لەبارەوە بكرێن، نیازەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی رادەستكردنی نەوتن بە بەغداو هەناردەكردنی لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە.
وەزیری نەوتی عیراق لەبارەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە رایگەیاندوە، بەرهەمی هەرێم لە ئێستادا دەگاتە 375 هەزار بەرمیل كە 46 هەزاری بۆ كارپێكردنی پاڵاوگەكانە ئەوەی دەمێنێتەوە نزیكەی 329 هەزار بەرمیلە پێویستە رادەستی وەزارەتی نەوتی عیراق بكرێت تاكو لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group