دۆخی كشتوكاڵ و ئاوی هەرێم تاوتوێ كراو بڕیاردرا چوار بەنداو دروست بكرێت

پێش 2 هەفتە

نەوا-
بەسەرۆكایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەك لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامدرا.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڵاویكردۆتەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و  شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەتەوە، لە دیدارەكەدا دوای گفتوگۆ و خستنەڕوی دۆخی كشتوكاڵ و ئاو لە هەرێمی كوردستان جەختكراوەتەوە لەسەر وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خواروی عیراق بەشێوەیەكی یەكسان.
باس لەوەشكراوە، لە كۆبونەوەكەدا رەزامەندی دراوە لەسەر دابینكردنی بوجەی پێویست بۆ دەستپێكردنی رێككارەكانی دروستكردنی هەر چوار بەنداوەكانی(دەلگە ،باكرمان، مەنداوە تەقتەق ) و پاڵپشتی دارایی و تەكنیكی بۆ دروستكردنی بەنداو و پڕۆژەكانی ئاودێری و سودوەرگرتن لەسەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ، هەروەها دابینكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ نۆژەنكردنەوەی هەرسێ بەنداوەكانی (دوكان ، دەربەندیخان ، دهۆك).
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە هاوكاری و كارئاسانی بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریە كشتوكاڵییەكان لە پێدانی قەرزی كشتوكاڵی و ئامێر و كەلوپەلەكان و دەرمان و پەینی كیمیایی بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خواروی عیراق.
جەخت لەوەشكراوەتەوە، بڕیاردرا كە تیمی تەكنیكی هەردو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عیراق كۆببنەوە بۆ مەبەستی دیاریكردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بەپێی رێژەی بەرهەم (غیلە)بۆ هەر دۆنمێك، هەروەها دروستكردنی تیمێكی هاوبەش بۆ مەبەستی خێراكردنی رێككاركانی دروستكردنی هەر چوار بەنداوە ستراتیژییەكانی هەرێم و دیاریكردنی رێژەی پاڵپشتی جوتیارانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group