شارەوانی هەولێر دەست دەكات بە كردنەوەی رێگاكانی 8ی حەسارۆك

پێش 2 هەفتە

نەوا-
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لەساڵی 2022ەوە بڕیاردراوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیندرێتە گەڕەكی 8ی حەسارۆك، لەهەفتەی داهاتودا هەر سێ زۆنەكە كردنەوەی رێگاكانی بۆ دەكرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، كۆبونەوەی دوەمی سەرجەم سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەهەمو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت، ئەو فەرمانگانە نەخشەكانی خۆیان دەهێنن لەبارەی ئەو بابەتانەی لێیان داواكراوە بۆ دۆزینەوەی زەوی لەناو سنوری ماستەر پلانەكانیان یان ئەوانەی پێویستیان بە فراوانكردنی ماستەر پلانەكانیان هەیە.
وەزیری شارەوانی راشیگەیاند، فەرمانگەی ئاوەدانكردنەوە لە زۆنی "ئەی" كە پێشتر بڕیاربو شەقامی دوەمی 60 مەتریان بۆ بكرێت، بەڵام ئێستا لەسەر داوای هاوڵاتیان كە داوایان كردوە رێگە بۆ ناو زەوییەكان بكرێتەوە، بۆیە لە هەفتەی داهاتودا سەرۆكایەتی شارەوانی لە هەرسێ زۆنەكەدا دەست دەكات بەكردنەوەی رێگاكان.
ئاماژەی بەوەشداوە، 15 ساڵ بو گەڕەكی 8ی حەسارۆك بێ خزمەتگوزاری بو، بەڵام لەساڵی 2022ەوە بڕیاردرا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیندرێتە گەڕەكەكە، پڕۆژەكان بریتی بون لە ئاوەڕۆ و پڕۆژەی گەیاندنی شەقامی 60 مەتری كە شۆستەكانیشی تەواو بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group