ئەمریكا 2 ترلیۆن دۆلار بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی تەرخاندەكات

26/03/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی قوربانییانی كۆرۆنا لە ئەمریكا بە ئاستێكی مەترسیدار بەرزدەبێتەوە، توشبووان لە 69 هەزار كەس نزیكدەبنەوە، گیانلەدەستدانیش هەزار كەسی تێپەڕاند، بۆیە ئەنجومەنی پیران 2 ترلیۆن دۆلاری بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی تەرخانكرد.
تا ئێستا لە هیچ یەكێك لەو وڵاتانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبۆتەوە، رۆژانە زیاتر لە 10 هەزار توشبووی كۆرۆنا دیارینەكراون، بەڵام لە ئەمریكا لەم دوو رۆژەی دواییدا سەرو 10 هەزار توشبوو لە رۆژێكدا تۆماركراون، بەشێوەیەك ژمارەی توشبووان لە 69 هەزار كەس نزیكدەبێتەوە، هەزار و 32 كەسیش گیانیانلەدەستداوە.
لای خۆیەوە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، بە پرۆژەیاسایەك، تەرخانكردنی دوو تریلیۆن دۆلاری بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا پەسەندكرد، كە ئامانج لێی هاوكاریی ئەو كرێكار و بێكارانەیە كە كۆرۆنا كاریگەریی زۆر لەسەر داهات و ژیانی رۆژانەیان دادەنێت، هەروەها سەدان ملیار دۆلاریش دەبەخشێتە كەرتی تەندروستی.
ئەو پرۆژەیاسایە رەوانەی كۆشكی سپی كراوە و پێویستە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا واژۆی بكات.
لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیشدا، ترامپ رایگەیاند، "هەر كاتێك  ئەو پرۆژەیاسایە هاتە سەر مێزەكەم، دەستبەجێ واژۆی دەكەم".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group