پـــەروەردەو ژیـــنـــگـــە

نزار سەرگەتی

30/12/2023

لە ژیانە ئاڵۆزەکەی ئەمڕۆدا و لە سەردەمی گەشەسەندنی پیشەسازی و قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوادا، ڕووبەڕووی مەترسیی سەختی ژینگەیی بووینەتەوە.
کەمئاوی و وشکەساڵی و کەمی و نەبوونی ڕێژەی سەوزایی لەو بابەتانەن کە مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و کۆی بوونەوەر درووست کردوو.
ئەوەی ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی سەروەت و سامانی ئێمە پێکدەهێنێت، ئەو دارستانانەن کە بە سرووشتی درووووست بوون و ئەو دارە بە تەمەنانەن کە پێشینانمان دەستیان لە ڕواندنیان دا هەبووە بەڵام بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ ڕووبەرووی لە ناوچوون دەبنەوە، سەرەرای هەوڵی تاک و ڕێکخراو و دام و دەزگا حکومیەکانەوە بۆ پاراستن و زیادکردنی ئەو سامانە بەڵام بە هۆی ناڕۆشنبیری و بێ باکی هەندێک لە هاوڵاتیانەوە زۆر جار هەوڵەکان بێ ئەنجام دەبن. ساڵانە شاهیدی سوتاندن و لەناوبردنی دەیان و سەدان هێکتار دارستانی سروشتی و لە ڕەگەوە دەرهێنانی داروو درەختی شارەکان دەبین بە بیانووی بێ بنەما ، جگە لەوەی لە دروستکردنی خانوو و پڕۆژەکاندا حسابێکی ئەوتۆ بۆ ڕێژەی سەوزایی ناکرێت و زۆر جار لە وەرزی پایزدا و بە بیانووی پاکوخاوێنی و خزمەتکردن بەردەبنە گیانی دارەکان ، خۆ ئەگەر لە ڕەگەوە دەرنەهێنرێن ئەوا بە جۆرێک هەڵدەپاچرێن کە چەندین ساڵیان پێویستە تاوەکوو دەکەونەوە سەر ڕێچکەی بوژانەوە و گەشەکردن. بێگومان هەموو ئەم پێشێلکاری و مەترسیانە لە سەر ژینگە و داروودرەخت پەیوەندی بە نەبوونی پەروەردەی درووست و ڕۆشنبیرییەوە هەیە ، پەروەردەیەک کە دەبێت لە خێزانەوە دەست پێبکات و لە قوتابخانەو زانکۆکاندا گەشە بکات و ڕێکخراوو ناوەندە ناحکومی و ئاینیەکان پاڵپشتی بکەن و حکومەت و داموو دەزگاکانی پارێزگاری بکەن و ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران ببنەوە ، بەم شێوەیە کۆمەڵگایەکی تەندرووست و ژینگەیەکی خاوێن دێتە ئاراوە کە بە پلەی یەکەم مرۆڤایەتی و دواتر هەموو گیانلەبەرانیش تێیدا دەحەسێنەوە.

لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەوە وەرگیراوە

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group