سێ حزبی كوردستانی: له‌ هه‌ولێر مۆڵه‌تى خۆپیشاندانمان پێناده‌ن

08/12/2020 عێراق

نه‌وا
كاوه‌ مه‌حمود سكرتێرى حزبى شیوعى كوردستان ئاشكرایده‌كات، داواى مۆڵه‌تیان بۆ ئه‌نجامدانى خۆپیشاندان له‌شارى هه‌ولێردا كردوه‌، به‌ڵام داواكاریه‌كه‌یان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.
بڕیاربوو رۆژی چوارشه‌ممه‌ 9-12-2020 له‌ شاری هه‌ولێر له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان خۆپیشاندانێك له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شی چه‌پی كوردستانی كه‌ پێكهاتون له‌ حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن پارێزگاى هه‌ولێره‌وه‌ مۆڵه‌تیان نه‌درا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ كاوه‌ مه‌حمود له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ شارى هه‌ولێر رایگه‌یاند، وه‌ك سێ حزبى كوردستانی به‌نیازبون رۆژى چوارشه‌ممه‌ خۆپیشاندانێكى مه‌ده‌نى ئاشتیانه‌ و دیموكراسیانه‌ سازبكه‌ن، به‌ڵام ئیداره‌ و پارێزگاى هه‌ولێر ره‌زامه‌ندیان نه‌داوه‌.
وتیشى "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پێشێلكاریانه‌ى هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆسێی پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادییه‌كان، به‌تایبه‌تى كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ورده‌ ورده‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت و كارى كردوه‌ته‌سه‌ر ئازادى راده‌ربڕین و ئازادى راگه‌یاندن".
سكرتێرى حزبى شیوعى جه‌ختیله‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژى رابردودا به‌بێ ره‌چاوكردنى یاساى ژماره‌ 35ى كارى رۆژنامه‌گه‌رى، هه‌ندێك ده‌زگاى راگه‌یاندنیان داخستوه‌، تائێستا له‌ كوردستاندا به‌تایبه‌تى له‌ روداوه‌كانى ئێستادا هیچ حزبێكى سیاسى داواى خۆپیشاندان و مانگرتنى نه‌كردوه‌، كاتێكیش حزبێك داوایه‌كى له‌و جۆره‌ ده‌كات واتاى ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا كاره‌كانى بكات نه‌ك هانى خه‌ڵك بدات و له‌ پشته‌وه‌ كاره‌كانى بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group