نەوا-
سامی سابر ئەندامی دەستەی باڵای ژینگەی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، دوای ئەوەی وەرزی قەدەغەكردنی راوی ماسی لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بڕیارە لە 16ی ئەم مانگەوە پرۆسەی راوكردن دەستپێبكاتەوە، خۆشبەختانە ئەمساڵ تا ڕادەیەكی زۆر باش خەڵك پابەندی بڕیارەكە بوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە چاودێریی باش بەردەوام بێت بۆئەوەی رێگری لە هەر سەرپێچییەك بكرێت، چونكە رەنگە هێشتا كەسانێك هەبن بیانیانەوێت سەرپێچی بكەن، راو بكەن یان دار ببڕن و زیان بە سروشت بگەیەنن.
سامی سابر وتیشی، ئێستا هۆشیارییەكی زۆر باش لەنێو كۆمەڵگەدا دروستبوە، هاوڵاتیان بەهۆی ئاگاداربونیان لە بڕیارەكانی حكومەت و قورسیی سزای سەرپێچییكاران كەمتر پەنا بۆ تێكدانی سروشت دەبەن، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە بۆئەوەی ژینگە بە پارێزراوی بمێنێتەوە، چونكە ئەو بڕیارانە راستەوخۆ لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سامانی ماسی و گەشەپێدانی ژینگەی هەرێمدان.