پۆلیسی رانیە: گەنجێك بە گوللـە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

01/12/2020

نەوا
گەنجێك لە شاری رانیە لە رێگەی گوللـەوە گیانی لەدەستدا و پۆلیسی ئەو دەڤەرەش دەڵێت "پێدەچێت روداوەكە خۆكوژی بوبێت".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 1-12-2020 دوای ئەوەی هێزەكانیان ئاگاداركرانەوە، كە لە گەڕەكی ئاشتی لە شاری رانیە گەنجێك لەماڵەكەی خۆیدا گوللـە بەر جەستەی كەوتوە، دەستبەجێ هێزەكانیان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە.
ئاماژە بەوەشكراوە، گەنجەكە لەدایكبوی ساڵی 2003یە و شوێنەواری گوللـە بەجەستەیەوە هەبوە و گیانیلەدەستداوە، لەسەر ئەو روداوە رێكاری یاسایی گیراوەتەبەر و لە شوێنی روداوەكە چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف لەگەڵ چەند قەوانێكی تەقیو دۆزراونەتەوە.
پۆلیسی راپەڕین رونیكردوەتەوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان پێدەچێت روداوەكە خۆكوژی بوبێت، بەگوێرەی وتەی كەسوكارەكەشی، باری دەرونی تەواو نەبوە و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی بۆ تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری رانیە رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە، لەسەر روداوەكەش كەس دەستگیرنەكراوە، بەڵام لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group