لەنێوان هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدراڵدا

هەڤاڵ ئەبوبەكر

7 کاتژمێر پێش ئێستا

لە نێوان هەرێمی كوردستان و عیراقی فیدراڵدا؛ یەكتربەجێهێشتن و دابڕان و جیابوونەوە؛ نییە، لەیەكترگەیشتن و پێكەوەكاركردن و یەكترتەواوكردن و پشتبەیەكبەستن؛ هەیە، ئەویش نابێت هەتا هاووڵاتیبوون و دەستورسەروەریی و دەوڵەتداریی و  ئاسایش و ئابوریی دەوڵەتیی و یاساسەروەریی نەبێت، تا ئەمڕۆ لەهەردوولا دەسەڵات حوكم دەكات نەك دەوڵەت، ئەوەی هێزو داهاتی پێیە بە قەد قەبارەكەی كە پێیەتی و هەیەتی؛ حوكم دەكات، لەگەڵیدا دامەزراوەی حوكمڕانیی و ئەمن و عەسكەرو مەعلومات و دبلۆماسییەت و پەیوەندییەكان و وزەو ئاوو فڕۆكەخانەو دەروازەو بانك و بازاڕو زانكۆو دامەزراوە ئاینییەكان و زۆرێك لە حیزبەكان و كایەی گشتیی و ماڵیی گشتیشیان؛ كۆنترۆڵ و قۆرخكردووە، لە كوردستان جگە لەمانە؛ خاكیشیان بەدەستەوەیە، هەموویان بەسەر دوو بەرەی دژبەری ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دابەشبوون.
هەڵبژاردن تەنها بۆ ڕەوایەتیبەخۆدانەو هیچ لایەك كەمەكەی خۆی نادات بە زۆرەكەی هەمووان و ئەوانەی سەرەوە ڕادەستی دامەزراوەی دەوڵەت ناكات.
بەدیلی ڕاستەقینە؛ تەنها تێپەڕاندنی دەوڵەتحیزب و حیزبڕانیی و حیزبسالارییە، بنیاتنانی حوكمڕانیی و حكومەتێكی بەهێزی دادگەرە كە باوەڕی بە (بیرو بڕواو ڕەفتارو گوفتارو كردەوە)؛ بە دەستورو هاووڵاتیبوون و دەوڵەتداریی و سەروەریی و سەربەخۆیی یاسا هەبێت، پارێزەری ماڵ و میرات و سامان و داهاتی گشتیی بێت، سوپایەكی نیشتمانیی لەسەر بنەمای ئەرك و بەرپرسیارێتیی و بە پەیڕەوی زۆربگیریی (تەجنیدی ئیلزامیی)؛ هەبێت، پشت بە وزەو كانزاو سامان و كارو بەرهەم و سەرمایەی مرۆیی و ماڵیی و دارایی خۆی ببەستێت و ڕێ لە بردنەدەرەوەی دراوی قورس و سپیكردنەوەی پارە؛ بگرێت.
لە ڕێی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆوەو لە ئەنجامی هەڵبژاردنێكی بێگەردی بێگزیی و دزیی و فزیی؛ هاتبێتەكایەوە.
لەم دۆخەدا؛ قەدەری كورد لە هەر شوێنێك سازانە لەگەڵ ئەو شوێنەدا، بەمەرجێك ماف و خاوەندارێتیی و شكۆمەندیی و تایبەتمەندیی و كلتورو ڕەسەنایەتیی؛ پارێزراوبێت.
لە هەموو كۆبوونەوەو كۆنگرەكانی دەساڵی ڕابردوی كوردستان و دەرەوەدا جەختمان لەسەر ئەم ڕاستییە نەخوازراوە كردۆتەوە، ئێستا كوردانی باكور و ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات و ڕەوەندی كوردیی؛ باشتر لە باشوور بەتایبەتیی لە حیزب و دەستەبژێرەكانی باشوور، لە ناوەڕكی لۆزان و بەردەوامیی دۆخەكەو هەژمونە نێودەوڵەتییەكان و واقیع و لۆژیك و هاوكێشەو هاوسەنگییەكان؛ تێدەگەن.
ئیتر تێبگەن، پێبگەن، ڕێبكەن، دروشمبازیی بێ ناوەڕك و نامموكین، دابەشبوون و لەتبوون و ناكۆكیی و فرەبەرەكیی و وردوخاشبوونی ناوخۆو خۆتان، سەرمان بەتونی بابادا؛ دەبات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group