دوای، پاشەكشە و چونە دەرەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كوردستان، ئیتر قۆناغێكی گرنگ، كە بە داگیركردنیی عێراق دەستی پێكرد، كۆتایی هات. روخاندنی رژێمە دیكتاتۆریەكەی سەدام حسێن و لێكەوتەكانیی، بە دوای یەكدا، چەندان دەرفەتی گەورە و مێژویی خستە بەردەم كورد و حیزب و جوڵانەوە سیاسییە كوردستانیەكان. بەڵام بە داخەوە، ئەو دەرفەتانە، بە دوای یەكدا لەبار بران و دوا جار، كورد بە كردەوە، بە كەمترین دەستكەوت، لە هەمو پرۆسەكە، هاتە دەرەوە. لە ئیستادا كە كورد و كوردستان گەورەترین هێز و پشتیوانیی لەدەستداوە، دەڤەرە داگیركراوەكانیی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم، كەوتونەتە ناو تونێڵێكی تاریكەوە و ئەژدیهای تەعریب راستبوەتەوە و كورد كراوەتەوە هاوڵاتی پلە دو. پەڕلەمانی كوردستان، ئیفیلج كراوە و مردوە و حكومەتی هەرێم و هێزیی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكان، یەكگرتو و نین و دامەزراوە نیشتیمانیەكان، رۆڵی پێویست و شایستەی خۆیان ناگێڕن. سەرەڕای ئەو دۆخە ناهەموارە، كورد و هێزە كوردستانیەكان، لەسەر یەك نەخشە رێگە و هێڵێكی تۆكمەی نەتەوەیی كۆك و تەبا نین. ئێستا كە ئیتر، سەردەم و قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات، لە تەواوی كوردستانی گەورە و مەزن، پاشەكشە و نائومێدی سەریهەڵداوە و ئاراستەی تەسلیمبون و خۆبەدەستەوەدان، جێگەی بەرگریی و بەرخۆدانی گرتوەتەوە. ئاراستەی ئینتیگرەیشن و راكشان لە باوەشیی شكست و توانەوە لە ناو دەوڵەتی شۆڤێنیی تورك، بوەتە ئامانج و دروشمیی تەڤگەریی كورد لە باكور. رۆژاڤا و ئەزمونەكەی، توشی گەورەترین نسكۆی مێژویی هات و روبارێك خوێن و رەنجی دەیان هەزار شەڕڤان و لاوانی قارەمانیی كورد، كرانە قوربانیی ئایدیۆلۆجیا و زڕە خەونی چەپ و ئانارشیزم. جوڵانەوەی كورد لە خۆرهەڵات، هێشتا، قاچێكی لە ناو چەمكە توڕەهاتەكانی چەپی كلاسیك و قاچەكەیتریی لە ناو یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆجیای ئاپۆچی گیریخواردوە. تا ئەم ساتە، جوڵانەوەی رزگاریی كوردستان، گیرۆدەی ئایدیۆلۆجیای چەپ و ئیسلامیزم و ناشناڵیزمیی كلاسیكی نەریتیە. ئەو رەوت و ئایدیۆلۆجیا سیاسیانە، سۆما و بەرچاوی دەستەبژێریی سیاسیی كوردیان لێڵكردوە و ئاسۆیان لێبزر كردوە. كورد خراوەتە ناو دۆخێكی ئەوتۆوە كە دۆست و دوژمنی خۆی ناناسێتەوە و لەوەش خراپتر، دەیان هەزار لاوی كورد لە ژێر پەرچەمیی ئیسلامیزم و چەپ و سۆسیالیزم كراون بە پاشكۆ و بەردەستی ئەجێندا و بەرژەوەندیی داگیركەرانی كوردستان. ئیسلامیزم و چەپ و ناشناڵیزمیی كلاسیكیی نەریتی، نەتەوەكەیان بە جۆرێك گومڕا و چەواشە كردوە، كە دەرفەتەكان نەناسێتەوە و لە بری ناسینەوەی دەرفەتە گەورە و مێژوییەكان، چاوەڕوانیی فریادڕەسێكە لە دەرەوە بێت و دەوڵەت بۆ كورد دامەزرێنێت و رێگە تەخت بكات و ئاسۆ روناك بكاتەوە! بۆیە، لە سی و پێنج ساڵی رابردو، لەبری قۆستنەوەی دەرفەتە یەك لە دوای یەكەكان، دەستەبژێری دەسەڵاتداری كورد، چاوەڕێیە، ئەمەریكا و ئەوروپا، دەوڵەت بۆ كورد دروست بكەن، وەك ئەوەی ئەمەریكا، رێكخراوێكی زەبەلاحی خێرخوازیی بێت و لە هەزاران مایلەوە هاتبێت و هەزاران سەربازیی ئەمەریكی بە كوشت بدات، بۆ ئەوەی دەوڵەت بۆ كورد دروست بكەن! لە بەرامبەردا، ئیسلامیی و چەپەكان، لەبریی سازكردنی هۆشیاریی و روناكردنەوەی ئاسۆی نەتەوە، باوەشێنی رەوت و ئاراستەی دژە ئەمەریكایی و دژە ئەوروپایی و دژە ئیسرائیلیی، دەكەن، گوایە نایەن دەوڵەت بۆ كورد دروست بكەن و خیانەت لە كورد دەكەن، هەڵبەت ئەوەش بۆ ئەوەی رەوتیی تەسلیمبون و تێكشكانیی ناچاریی بخەنە بەردەم كورد و پاڵی بدەن بەرەو باوەشی داگیركەران. ساڵانێكە، دڵسۆزانی نەتەوە، هاوار دەكەن، بونی ئەمەریكا و هەژمونیی ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەرفەتە و دەبێت، تەنها وەك دەرفەت ببینرێت. بێگومان، خوای باڵادەست دەرگای بەختی بە روی كوردا كردوەتەوە، كە هێزێكی گەورە و مەزنی وەك ئەمەریكا هاتوەتە ناوچەكە و دەستی دۆستایەتی بۆ كورد راكێشاوە. بەڵام، لە دوا جاردا، دەبێت كورد و حیزب و جوڵانەوە كوردستانیەكان، خۆیان خەمی دەردی سەدان ساڵەی كورد بخۆن و دامەزراوە و حوكمڕانیی مۆدێرن ساز بكەن و نەتەوە بنیاتبنێن. حوكمڕانی باشور و ئەزمونە تەمەن كورتەكەی رۆژاڤا، بەرهەمی شڵەژانیی هەرێمیی و گۆڕانكاریەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بون. ئەوە راستە، كە قۆناغێكی گرنگ كۆتایی هات و دەیان دەرفەت لەدەستچون. بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، ئێمە هێشتا، لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناو زریان و گێژەڵوكەیەكی سیاسیی و جیۆپۆلەتیكی گەورەداین و دەرفەتی گەورە لە پێشەوە چاوەڕێی كورد دەكەن. بەڵام، پرسیارە گرنگ و گەورەكە ئەمەیە: ئایا كورد، وەك نەتەوە و وەك دامەزراوەی نەتەوەیی، بۆ قۆناغ و سەردەمی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەیە؟!
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.