دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی: كێشەكانی ناو ئێران سودی بۆ عیراق هەیە

پێش 3 هەفتە جیهان

نەوا
ئادەم ئێرلی دیپلۆماتكاری ئەمریكی دەڵێت "تا كێشە لە ئێراندا هەبێت بۆ عیراق باشترە، چونكە تا كێشەی ناوخۆیی زیاتر بێت توانای تەركیز خستنەسەر عیراقی كەمتردەبێتەوە".
ئادەم ئێرلی، كە چەندین ساڵ وەك دیپلۆماتكار لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق كاری كردوە و چەند ساڵێك باڵیۆزی ئەمریكاش بوە لە بەحرەین، بەماڵپەڕی "الحرە"ی ئەمریكی وتوە "پێموایە ئەوەی لە ئێراندا رودەدات كاریگەری گەورەی لەسەر عیراق دەبێت، چونكە رژێمی ئێران ئەگەر بەكێشە ناوخۆییەكانی خۆیەوە سەرقاڵ ببێت، ئەوا توانای تەركیز خستنەسەر عیراقی كەمتردەبێتەوە و عیراقییەكان زیاتر دەتوانن كۆنترۆڵی وڵاتەكەیان بكەن".
سەبارەت بە راپۆرتەكەی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"یش لەسەر بەرپرسانی عیراق و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئێران، ئەو دیپلۆماتكارە ئەمریكییە وتویەتی "ئەوەی راپۆرتەكە پیشانیداوە، ئەوەیە كە ئێران بەشێوەیەكی گەورە خۆی خزاندوەتە عیراقەوە، بۆیە تا زیاتر سەرقاڵبێت بە سەركوتكردنی هاووڵاتیانی خۆیەوە، توانای كەمتردەبێتەوە بۆ سەركوتكردنی عیراقییەكان و ئازاردانیان لەسەر خاكی خۆیان".
سەبارەت بە بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیش لە عیراق، پێیوانییە بەمنزیكانە بگەنە چارەسەر بۆ عیراق و كێشەكان قوڵتردەبنەوە، ئەوەی خۆپیشاندەران داوای دەكەن نوێ‌ نییە، وەك بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و دەستوەردانەكانی ئێران و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، چەندین ساڵە ئەو كەیسانە بونیان هەیە، ئەگەر بەرپرسانی عیراقی توانای چارەسەركردنیان هەبوایە ئەوا دەمێك بوو چارەسەریان كردبوو، كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە ئەوەی لە حكومەتدا دەسەڵاتدارە، دەسەڵاتەكەی بۆ خزمەتكردنی ئەوانەی پشتگیری دەكەن بەكاردەهێنێت، لە خێزانەكەی و عەشیرەتەكەی و حزبەكەی، خەڵك هەیە سود لە گەندەڵی وەردەگرێت، دووفاقییەكی گەورە هەیە لەنێوان داواكاری سەدان هەزار هاووڵاتی و ئەوانەی لە دەسەڵاتدان جا عادل عەبدولمەهدی بێت یان حزبەكەی موقتەدا سەدر بێت.
دەشڵێت "ئەو پرسیارەی لە بەرپرسانی عیراق دەكرێت ئەوەیە، دەتوانیت چی پێشكەشی خەڵك بكەیت بۆئەوەی ئاسودە بن، لەهەمانكاتدا دەست بەدەسەڵاتەوە بگریت، لای من وەڵامێكی روون بۆ ئەو پرسیارە نییە".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group