عێراق داهاتی مانگی پێشووی نەوتی ئاشكرا كرد

24/11/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، مانگی رابردوو زیاتر لە 89 ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتوە و داهاتیش نزیكەی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بوە.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، لە مانگی 10دا بڕی 89 ملیۆن و 153 هەزار و 932 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، داهاتیش بریتی بوە لە 3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار دۆلار، ئەوەش لەكاتێكدایە مانگی پێشووتر 78 ملیۆن و 388 هەزار و 619 بەرمیل هەناردە كراوە و داهات 3 ملیار و 172 ملیۆن و 949 هەزار دۆلار بووە، واتا داهاتی نەوتی مانگی 10 لە مانگی 9 زیاتر بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكردوە، نرخی تێكڕای یەك بەرمیل نەوت 38 دۆلار و 77 سەنت بووە و لەلایەن 29 كۆمپانیای جیاوازی جیهانییەوە نەوتی عێراق كڕدراوە.
رونیشكراوەتەوە، نەوتی هەناردەكراو زیاتر لە 86 ملیۆن بەرمیلی لە ناوەڕاست و باشورەوە بووە، زیاتر لە 2 ملیۆن و867 هەزار بەرمیل نەوتیش لە كەركوكەوە هەناردە كراوە، هەروەها زیاتر لە 263 هەزار بەرەمیلیش هەناردەی ئوردون كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group