هێزی بەرگریی ئیسرائیل: هێرشی ئاسمانیش لە رۆژهەڵاتی رەفەح ئەنجام دەدەین

پێش 2 هەفتە جیهان

نەوا-
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی ئاسمانیش دەكەنە سەر شاری رەفەحی باشوری غەزە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، هێرشی ئاسمانی دەكەینە سەر شاری رەفەحی باشوری كەرتی غەزە، ئەمەش بە ماوەیەكی كورت دوای ئەوەی حەماس رایگەیاند كە بە ئاگربەستێك رازی بوەو كە پێشنیار كراوە بۆ راگرتنی جەنگەكەی لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەروەها ئۆفیسی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتویەتی: پێشنیاری ئاگربەستەكە دورە لە داوا سەرەكییەكانی ئیسرائیلەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە ناردنی دانوستانكاران بۆ گفتوگۆكانی ئاگربەست لە قاهیرە.
هاوكات باس لەوەشكراوە، ئەمەریكا داوای لە سەرجەم لایەنەكان كردوە رێككەوتنێك بكەن، دانوستانكاران لە میسر لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ وەستاندنی شەڕەكە بۆ ماوەیەكی كاتی و ئازادكردنی ئەو بارمتانەی كە هێشتا لە غەزە ماونەتەوە و لەلایەن حەماسەوە گیراون.
جۆن كێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی كۆشكی سپی باسی لەوەكرد، دەمانەوێت بارمتەكان ئازاد بكرێن و ئاگربەستێكی شەش هەفتەیی واژۆ بكرێت، دەشمانەوێت یارمەتییە مرۆییەكان زیاتر بكرێن و هێشتا باوەڕمان بەوەیە كە گەیشتن بە رێككەوتن باشترین دەرەنجامە بۆ بارمتەكان و بۆ گەلی فەلەستینیش.
كێربی ئاماژەی بەوەشداوە، گرنگ نیە موشەك بێت یان رۆكێت، ئەو شتانەی كە خەڵكی سڤیل دەكوژن باش نین، ئێمە نامانەوێت ببینین ئۆپەراسیۆنەكان لە رەفەح ژیانی یەك ملیۆن و نیو هاوڵاتی بخەنە مەترسییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group