ساڵی رابردوو نزیكەی 100 رۆژنامەنوس لە جیهان كوژراون

03/05/2019 جیهان

 

نەتەوەیەكگرتوەكان رایدەگەیەنێت تەنها لە ساڵی رابردوودا نزیكەی 100 رۆژنامەنوس بە هۆی پیشەكەیانەوە كوژراون.
لەپەیامێكدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی كاری رۆژنامەوانی، ئانتۆنیۆ گۆتێریز، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندووە: ئازادی رۆژنامەوانی، بنەمای سەرەكییەوە بۆ بەرقەراربونی ئاشتی و دادپەروەریی و پەرەپێدان و دەستبەركردنی مافەكانی مرۆڤ.
راشیگەیاندووە: هیچ دیموكراسیەتێك كامڵ نییە بەبێ دەستبەسەركردنی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بەشێوەیەكی راست و شەفاف، هەر ئەوەش بەردی بناغەی دروستكردنی دامەزراوەی دادپەروەرو پاك و ملكەچ بونی سەركردەكانە بۆ لێپێچینەوە و بەدواداچون، بەتایبەتی لە وەرزی هەڵبژاردنەكاندا.
ئاماژەی بەوەكردوە لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و دەستبەركردنی ماف و ئازادیی بۆ رۆژنامەنوسان، توندوتیژی و تەنگپێهەڵچنین و گوشارەكانی رۆژنامەنوسان زیادی كردوە.
سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكان پاڵپشت بە ئامارێكی رێكخراوی یۆنكۆ رایگەیاندووە، تەنها لە ساڵی 2018دا 99 رۆژنامەنوس لەسەرتاسەری جیهان كوژراون و بەدەیانی تریش برینداربوون، ئەشكەنجراون و ژمارەیەكی زۆریش رووبەڕووی گرتن و زیندان بوونەوە.
جێی باسە لە ساڵی 1993ەوە نەتەوەیەكگرتوەكان رۆژی 3 ی ئایاری وەك رۆژی جیهانی ئازادی كاری رۆژنامەوانی دەستنیشان كردووە و بە پێی ئامارێكی لە ساڵی 1993 ەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 300 رۆژنامەنوس لەسەرتاسەری جیهان كوژراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group