بەرپرسێكی پارتی: حەشدی شەعبی لە پشت سوتاندنی زەوی كوردەكانە

21/05/2019
سوتاندنی زەوی كوردەكانی سنووری خانەقین

بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین دەڵێ، سوتاندنی زەوی كوردەكانی سنووری خانەقین بەردەوامە و گەیشتۆتە نزیكەی 700دۆنم، پێشی وانییە داعش بتوانێ ئەو كارە بكات، دەشڵێ، دەستی حەشدی شەعبی تێدایە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاند: "سوتاندنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە و تاوەكوئێستا گەیشتۆتە 700دۆنم زەوی و ئەوەیشی ماوە بسوتێندرێت هێشتا تەڕە، ئەگەرنا ئەوەش دەسوتێنن، چونكە تەنیا لە جەلەولا 150دۆنم سوتێندراوە".
وتیشی: "خەڵكی خانەقین چیتر تەحەممولی ئەو دۆخە ناكەن و لە یاداشتێكدا داوا دەكەن بە زووترین كات پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونكە بڕوا ناكەم ئەمە داعش بیكات و ئەمە حەشدی شەعبییە ئەوكارە دەكات، لەبەر ئەوەی هەرچی داعشە بۆتە چەكداری حەشدی شەعبی و لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تا ئێستا نزیكەی 70 كەس شەهید و برینداربوون لە خانەقین".
باسی لەوەشكرد، "بڕیارە شاندێك لەبەغداوە بێت بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكان، بەڵام پێویستە ئەو كێشەیە بەهەند وەربگیرێت و چارەسەر بكرێت و ناكرێت بەوشێوەیە بەردەوام بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group