بەشار ئەسەد: وەڵامی لەشكركێشیەكەی توركیامان داوەتەوە

17/10/2019 جیهان
نەوا
بەشار ئەسەد سەرۆكی‌ سوریا دوای‌ تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای‌ كوردستان هاتەدەنگ و دەڵێت، "وەڵامی لەشكركێشیەكەمان داوەتەوە".
لە میانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عیراق، كە بۆ گەیاندنی پەیامێكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە سەردانێك لە دیمەشقە، ئەسەد جەختی كردەوە، "چاوچنۆكی دەرەوە بۆ وڵاتانی ناوچەكەمان بە درێژایی مێژوو بەردەوامبووەو دەستدرێژییە تاوانكارییەكەی ئێستای توركیاش كە لەلایەن رژێمی ئەردوغانەوە كراوەتە سەر وڵاتەكەمان، لە چوارچێوەی ئەو چاوچنۆكی و تەماعكاریانەدایە، هەرچەندە درووشمی دوور لە راستیش بەرز بكەنەوە، ئامانجیان داگیركردنێكی حاشاهەڵنەگر و دوژمنكارییەكی ئاشكرایە و سووریا لە زیاتر لە ناوچەیەك بە لێدانی بریكارەكانی توركیا وەڵامی ئەو دەستدرێژیانەی داوەتەوە و بەردەوامیش دەبێت و بە هەموو ئامرازە یاساییەكانی بەردەستی رووبەڕووی دەبێتەوە".
لای خۆشیەوە فالح فەیاز دووپاتیكردەوە، "عیراق و سووریا بەردەوام دەبن لەسەر كاری هاوبەشیان لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەكان بۆ بەدەستهێنانی هەرچی لە بەرژەوەندی گەلانی هەردوو وڵاتدایە و دەستەبەركردنی ئاسایش و ئاشتی بۆ هەردوو وڵاتەكان".
لەبارەی پەیامی بەغداش بۆ دیمەشق،‌ ئاژانسی فەرمی سووریا "سانا" رایگەیاند، پەیامی عیراق تایبەتە بە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوانیانە لە هەموو بوارەكاندا بۆ بەرزترین ئاست، چ لە بوارەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنوور، وێڕای هاوكاری ئابووری و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان عیراق و سوریا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group