ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان: بارودۆخی ئابوریی زۆر مەترسیدارە

29/09/2020 عێراق

نەوا
ناجی سەعدی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بەرپرسیارێتی دواكەوتنی دابەشكردنی موچە دەخاتە ئەستۆی حكومەت و وەزارەتی دارایی و هۆشداریش دەدات لەوەی "بارودۆخی ئابوریی زۆر مەترسیدارە".
ناجی سەعدی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی دارایی باش دەزانن كێشەی كەمی پارەی نەختینەیان هەیە بۆ دابینكردنی موچە، پێویستبو پێش 20 بۆ 30 رۆژ یاسای قەرز و پەڕاوی چاكسازی ئابوری بناردایەتە پەرلەمان، بەڵام حكومەت زۆر بە هەڕەمەكی كاردەكات و شێوازێكی نادروستی هەیە.
جەختیشیكردوەتەوە، ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی بەتایبەتی داوادەكەن لێپرسینەوە لە حكومەت و وەزارەتی دارایی بكرێت، چونكە سەرەڕای بەڵێنەكانی وەزیری دارایی بۆ ناردنی پەڕاوی چاكسازی پێش كۆتایی ئەم مانگە، بەڵام تائێستا نەنێردراوە، بۆیە وەك دەردەكەوێت حكومەت بەدوای چارەسەری ئاساندا دەگەڕێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لەرێگەی قەرزی ناوخۆییەوە.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، حكومەتی عیراق بەو هەنگاوانەی و ناردنی یاسایەكی نوێ بۆ قەرزكردن، دەیەوێت لەبەردەم گەلی عیراقدا پەرلەمان ئیحراج بكات، بەلام سوربونی حكومەت لەسەر قەرزكردن و پێشكەش نەكردنی چاكسازی راستەقینە و خێرا، یەدەگی بانكی ناوەندی دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتەهۆی ئەوەی دراوی عیراق بڕوخێت، بارودۆخی ئابوری-یش زۆر مەترسیدارە و حكومەت جدی نییە لەسەر چارەسەركردنی ئەو كێشانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group