پێنی کورد هۆشداری ده‌دات له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی

07/11/2020

نه‌وا

ناوەندی پێنی کوردی سەر بە پێنی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە و رایگەیاندوە، نەبوونی ئاشتیی نێوخۆیی دەتوانێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد بخاتە ژێر مەترسی لەناوچوون.
لە راگەیەنراوەکەی پێنی کورددا هاتووە، خەباتی گەلی کورد لە سەدساڵی رابردوودا ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەك دەرخستووە کە بەبێ ئاشتیی ناوخۆیی و یەکریزیی کورد، گەلی کوردستان بە ئامانجەکانی ناگات. هاوكات ناشتوانێت سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتوونەتە ئاراوە. نەتەنیا ئەمانە، نەبوونی ئاشتیی نێوخۆیی دەتوانێت دەستکەوتەکانی گەلی کوردیش بخاتە ژێر مەترسی لەناوچوون.
باسی لەوشەکردووە، سەرباری ئەو ناڕەزایەتیانەی لە بەرامبەر ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دروستبوون، بەڵام ترسی ئەوەیان هەیە، کە جارێکیتر بە ھاندانی دوژمنان، کورد پەڵکێشی شەڕێکی ناوخۆیی و خۆکوژی ببێتەوە.
پێنی کورد رەخنەشی لە بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن گرتووە و پێیوایە بەشیک لەو کەناڵانە ئاگری شەڕی ناوخۆیی بەگوڕتر دەکەن و لە کۆتاییشدا داوای لە لایەنە کوردستاینەکان کردووە، نەکەونە تەڵەی دوژمنان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی و جەختیشی کردوەتەوە لەوەی، کە لە لە ئەگەری هاتنەئارای شەڕێکی ناوخۆیی هیچ لایەنێک مافدار و براوە نییە و ڕای گشتی هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیار و تاوانباری ئەم شەڕە دەزانێت. 

دەقی راگەیەنراوەکەی پێنی کورد

‎خەباتی گەلی کورد لە سەدساڵی رابردوودا ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەك دەرخستووە کە بەبێ ئاشتیی ناوخۆیی و یەکریزیی کورد، گەلی کوردستان بە ئامانجەکانی ناگات. هاوكات ناشتوانێت سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتوونەتە ئاراوە. نەتەنیا ئەمانە، نەبوونی ئاشتیی نێوخۆیی دەتوانێت دەستکەوتەکانی گەلی کوردیش بخاتە ژێر مەترسی لەناوچوون.
‎سەرەڕای ئەوەی کە بۆ پێشیگرتن لە دووبارەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی، بەسەدان و هەزاران لێدوان و داواکاری لەلایەن کەسایەتیی دڵسۆز، ڕێکخراو و ناوەندەکانەوە دەرچووە، ترسی ئێمە ئەوەیە کە جارێکیتر بە ھاندانی دوژمنان، کورد جاریکیتر پەڵکێشی شەڕێکی ناوخۆیی و خۆکوژی ببێتەوە.
‎گەلی کورد بۆ مانەوە و بەدەستهێنانی ئازادی لەهەموو بوارێکدا قوربانی زۆڕی داوە، ناکرێت ئەوندە بێڕێزی و کەمتەرخەمی لە بەرامبەر نەتەوەکەماندا بکرێت.
‎لەلایەکی ترەوە دەبینین کە بەشێک لە میدیای کوردی کەوتوونەتە خزمەتی بەگوڕکردنی ئاگری ئەم شەڕە و ئەزموونیان لە شەڕی ناوخۆیی جاران وەرنەگرتووە، شەرێک کە جیا لە ماڵوێرانی و دواخستنی دۆزی نەتەویی گەلی کورد هیچ سوودێکی نەبووە و نییە. بۆیە پێویستە میدیای کوردی هەستیارتر و بەرپرسیارانەتر لەگەڵ دۆخی ئێستای کوردستان مامەڵە بکات و بە هیچ شێوەیەک نەبێتە هۆکاری گەورەکردنی پشێوی و ئاڵۆزی نێوان پارت و پێکهاتە سیاسی کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان.
‎ئەرکی قورسی بڵاوکردنەوەی بیروهزری ئاشتیخوازانە و کولتوری یەکتر قەبوڵکردن لە نێو کۆمەڵگادا دەکەوێتە سەرشانی ڕوناکبیر، چاپەمەنی، بەرپرسیار و بەڕێوەبەرەکانیان. بەهەر شێوازێک بێت دەبێت بە بەرپرسیاری و هەستاریی نیشتیمانپەروەرانەوە ڕێکارەکانی دیالۆگ بدۆزرێنەوە و پێش بە براکوژی و خۆکوژی بگیرێت.
‎هەر کەسێک خۆی بە وڵاتپارێز دەزانێت پێویستە لەم دۆخە هەستیارەدا دەنگی هەڵبڕێت و ڕیگا بەم ماڵوێرانییە نەدات و لە هەموو هەلومەرجێکدا مافەکانی گەلەکەی بپارێزێت.
‎ئێمە وەکوو ناوەندی پێنی کورد، داوا لە هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەین کە نەکەونە تەڵە و پیلانی دوژمنانی گەلی کورد و لەڕێی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەییان هەنگاو بنێن. پێویستە بزانرێت لە ئەگەری هاتنەئارای شەڕێکی ناوخۆیی هیچ لایەنێک مافدار و براوە نییە و ڕای گشتی هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیار و تاوانباری ئەم شەڕە دەزانێت.  
 
‎کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی
‎ناوەندی پێنی کورد

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group