وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشەی پەلاماردانی كەمپی پەنابەرانی مەخمور دەكات

10/06/2021 جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشەی پەلاماردانی كەمپی پەنابەرانی مەخمور دەكات و بۆ ئەوەش داوادەكات یان حكومەتی عێراق هاوكاریان بكات یان رێگەیان پێبدات بە وتەی خۆی ئەو كەمپە لە پەكەكە پاكبكەنەوە.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: كەمپی پەنابەرانی مەخموور كەمپی پێگەیاندنی پەكەكەیە و پێویستە پاكبكرێتەوە. ئێمە لە بابەتی سڤیلدا لە هەمووان هەستیارترین، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەڕوونی دەبینێت، كە ئەو شوێنە لانەی پەكەكەیە. 
وەزیری دەرەوەی توركیا  هەروەك چەند جاری رابردوو داواكاریی وڵاتەكەی لە عێراق بۆ هاوئاهەنگی لە دژی كەمپی پەنابەرانی مەخمور دووپاتكردەوە و رایگەیاند: یان هاوئاهەنگی بكەین، یانیش لێگەرێن با ئێمە پاكیبكەینەوە".
 مەولوود چاوشئۆغڵو ئاماژەیكرد كە توركیا گرنگی بە سەقامگیری، ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق دەدات و رێز لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی دەگرێت، هەروەها وتی: "ئێمە دەمانەوێ بەیەكەوە ئەم كارە بكەین، بەڵام ئەگەر عێراق توانای هەیە بژاردەی ئێمە پاككردنەوەی چیای قەندیل، چیای شنگال و كەمپی مەخموورە".
كەمپی پەنابەرانی مەخمور نزیكەی 10 هەزار پەنابەری باكوری كوردستانی تێدایە، كە زۆرینەیان ئەو كەسانەن بە هۆی سوتانی گوندەكانیان لە لایەن سوپای توركیاوە ئاوارە بوون و تائێستا چەندین جار توركیا پەلاماری ئەو كەمپەی داوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group