پۆتین گاڵتە بە خۆرئاوا دەكات: ئەگەر نانتان نییە كێك بخۆن

25/06/2022 جیهان

نەوا-
ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا گاڵتە بە وڵاتانی خۆرئاوا دەكات و دەڵێت، لە ماری ئەنتوانێتی شاژنی فەرەنسا دەچن كە وتبووی، ئەگەر میللەت نانی دەستناكەوێت با كێك بخۆن.
پۆتین رایگەیاندووە، بە بۆچوونی ئەو چاكەكە بۆ ماری ئەنتوانێت دەگەڕێتەوە كە لە پەنجەرەی كۆشكەكەیەوە سەیری هاوڵاتیانی برسی خۆپیشاندەری كردبو و بە كەمتەرخەمییەوە وتبووی "باشە، ئەگەر نانیان دەستناكەوێت با كێك بخۆن" هەر بەو شێوە گاڵتەجاڕییە هەندێك دەوڵەتی خۆرئاوایی دەیانەوێت سەقامگیری بەرهەمی كشتوكاڵی جیهانیی تێكبدەن.
پۆتین لە بەشێكی تری قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، وڵاتانی خۆرئاوا ئەو كارەش لە رێگەی سەپاندنی كۆت و بەندەوە دەكەن، بۆ نمونە كۆت و بەندیان خستووەتە سەر پەیینی روسی و بیلاڕوسی، هەروەها هەناردەی دانەوێڵەی روسی بۆ بازاڕەكانی جیهان سەختە.
سەرۆكی روسیا وتوشیەتی، پێشبینی دەكرێت روسیا بەرهەمێكی باشی دانەوێڵەی هەبێت و دەتوانێت 50 ملیۆن تۆن دانەوێڵە بخاتە بازاڕەكانەوە، هەروەها روسیا رێگری لەبەردەم هەناردەی گەنمی ئۆكرانی ناكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group