سەعدی پیرە: دادگا بڕیاری نەداوە پرۆسەكانی هەڵبژاردن رابگیرێن

پێش 2 هەفتە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەرێگای مەكتەبی هەڵبژاردنیەوە تانە لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەلای دەستەی دادوەری كۆمسیۆن دەدات.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: هەرچەندە دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەو سكاڵایەی كە ئاڕاستەی كرابو فەرمانە وەلائییەكەی پەلەی پێوەدیارە  پێدەچێت پێشتر ئەو فەرمانە ئامادەكرابێت و چاوەڕوانی سكاڵابێت، بەڵام وەك یەكێتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رێزلێگیراوە لامان و بەهیچ شێوەیەك وەك هەندێك لایەن ناویان نازڕێنین.
وتیشی: تانەكەی یەكێتی بۆ بڕیارەكەی كۆمسیارانە كە بڕیاریداوە ئامادەكارییەكانی دارایی و هونەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵپەسێرێت، چونكە پێمانوایە لە فەرمانە وەلائیەكەی دادگای فیدراڵیدا بڕیار نەدراوە هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن رابگیرێت، بەڵكو دادگا داوای كردوە پێداچونەوە بۆ ژمارەی كوسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، هاوكات یەكێتی پێیوایە دواخستنی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی كوردستان لاواز دەكات. 
سەعدی پیرە راشیگەیاند: ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆن و لایەنەكانەوە دەیان ملیۆن دۆلاری تێچوە، لەم روانگەیەشەوە پێویستبو دادگای فیدراڵی وردتر خوێندنەوەی بۆ بارودۆخی هەرێم و تێچوی پڕۆسەكە بكردایە ئەوكات بڕیاری بدایە، هاوكات پێویستە ئەوەش بخەینەڕو كە تەنها یەك لایەن نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و سەرجەم لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردندان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group