بڕ و ماددەكانی بەشەخۆراك بۆ مانگی ڕەمەزان زیاد دەكرێن

8 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وەزارەتی بازرگانی عێراق بە نیازە بڕ و ماددەكانی بەشەخۆراكی تایبەت بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز زیاد بكات.
لما موسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند، وەزارەت وەك هەوڵێك بۆ بەڕێوەبردنی باشتر و گەیاندنی شایستەی بەشەخۆراك بە هاوڵاتییان، پێشنیازێكی لەبەر دەستە بۆ دروستكردنی كۆمەڵەی هەرەوەزی لە بەغدا و پارێزگاكان بە مەبەستی دابەشكردنی خۆراك.
باسی لەوەشكردووە، بەپێی پێشنیازەكە، خۆراكەكان لە ڕێگەی ئەو كۆمەڵانەوە و بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دابەش دەكرێن، یان وەك بژاردەی دووەم لە ڕێگەی (هایپەرماركێت)ـەكانی سەر بە وەزارەت و لە چوارچێوەی سیستمێكی توندوتۆڵی دەوڵەتی دابەش دەكرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی ئەو سامانە داراییەی كە لە پرۆسەی دابەشكردن لە ڕێگەی بریكارەكانەوە خەرج دەكرێت.
موسەوی رونیشیكردەوە، ئەم هەنگاوە نوێیە یارمەتیدەر دەبێت لە خێرا گەیاندنی بەشەخۆراك و كەمكردنەوەی ئاستەنگە كارگێڕییەكان، هەروەها هەڵسەنگاندنێكی دووبارەیە بۆ سیستەمی كۆمەڵایەتی بە مەبەستی بەرزكردنەوەی كارایی دابەشكردن و چەسپاندنی دادپەروەری، جگە لەوەی هەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتییان دەڕەخسێنێت.
ئاشكرای كرد كە وەزارەت بڕیاریداوە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، بڕ و جۆری بابەتەكانی بەشە خۆراك زیاد بكات و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشی بكات.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت لە كاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردوو بریكارەكانی خۆراك خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی ڕێكارە نوێیەكانی وەزارەت، كە بریتی بوون لە بەرزكردنەوەی نرخی پارەی وەرگیراو لە هەر كەسێك لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار، لەگەڵ گۆڕینی سیستەمەكە بۆ ئەلیكترۆنی و هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی پارە بە دەستی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group