نامەی ژنی سەربازێکی ئەمریکی بۆ شەڕڤانان

هاوكار حسێن

19/10/2019

کەناڵی سی ئێن ئێن، نامەی ژنی سەربازێکی ئەمریکی بۆ شەڕڤانان بڵاوکردۆتەوە، منیش وەک خۆی کردم بەکوردی:
جەنگاوەرە کوردە ئازیزەکان
ئێوە من ناناسن. بەڵام لەهەڕەتی لاوێتیمەوە، من ئێوە دەناسم. هەر دوای ئەوەی من و هاوسەرە سەربازەکەم هاوسەرگیرییمان کرد، درککمان بەوە کرد کە بۆ شەڕی داگیرکردنی عێراق لەساڵی 2003، رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. ترس دایگرتبوم لەوەی داخۆ هاوسەرەکەم و یەکە سەربازییەکەی توشی چی دەبن کاتێک دەگەنە ئەوێ.
ترس لەوەی شەڕەکە تا چ رادەیەک نەگریسە؟ چەند دەخایەنێت؟ ئایا هاوسەرەکەم نەجاتی دەبێت؟
دوای چەند مانگێک مێردەکەم گەڕایەوەو ئەزمونی خۆی لەوبارەوە بۆ گێڕامەوە. پرسیارملێکرد کە ئاخۆ چۆن ئاوا رزگارتان بوو؟ وتی: "بەهانامانەوە هاتن، کوردەکانمان لەپشت بوو".
ئەو چیرۆکانەی بۆ گێڕامەوە کە چۆن کوردەکانی باکوری عێراق پشتیوانی هێزەکانیان کردون، رێنوێنیان کردون، هاوهەڵوێستیان بوون، لەشەڕەکاندا شان بەشانی هێزەکانی ئەمریکا شەڕیانکردوە و بونەتە دۆست و هاوپەیمان. بۆیە منیش سوپاسگوزاربوم، لەرادەبەدەر و بەردەوام و بۆ هەتایە سوپاسگوزاری ئێوەم.
لەو رۆژەوە، وشەی "کوردەکان" لەماڵی ئێمەدا مانای خۆی وەرگرتوە. مانای "هاوپەیمان" و "دۆستایەتی" وەرگرتوە. لەماڵەکەماندا ژمارەیەک وێنەی کوردەکانی عێراق هەن کە لەتەک هاوسەرەکەم و هاوڕێ سەربازەکانیدا وەستاون. کەمۆڵەیەکی قاوەخواردنەوەم هەیە وێنەی چەند ژنەشەڕڤانێکی کوردی لەسەرە کە بەشانازییەوە بەکاریدەهێنم بۆ وەبیرهێنانەوەی ئێوە. منداڵەکانمان بەتیشێرتی کوردستانەوە یاری دوگۆڵی دەکەن.
کوردەکان بێناسنامە نین، بێ روخسار نین لەسەرتاسەری دنیادا. ئێوە پێگەیەکی پڕ شەرەف و نەجابەتتان هەیە لەماڵی ئێمەدا. بۆ من گرنگە ئێوە درک بەمە بکەن. من زۆر قەرزارباری ئێوەم. پاش چەندان ساڵ شەڕ، ئێستا مێردەکەم بەسەلامەتی لەماڵەوەیە، دەزانم ئەمەش لە لوتف نواندنی ئێوەوەیە.
بەڵام ئێستاکە بەترسەوە تەماشای هەواڵەکان دەکەم. پەیمانشکێنی بەدیدەکەم، پێشکەوتنەکان داڕمان، بە تویتێک ئەو هەموو ساڵی رەنج و قوربانیدانە بێشومارە بەباچوو. دەبینم هاوپەیمانەکان خیانەتیان لێکرا، روخساریان لەنێو چوارشێوی وێنەکانی ماڵەکەمدا بەدیدەکەم. کاتێک تەماشای هەواڵەکان دەکەین، منداڵەکانم هەڵدێن بۆلام و لێمدەپرسن: ئەوە دۆستەکانمانن؟ دەڵێم: بەڵێ. دیمەنی حەپەسان لە روخساریاندا بەدیدەکەم.
ناتوانم بیهێنمە پێش چاوم کە ئاخۆ خێزانەکانتان چۆن رێدەردەکەن. ناتوانم مەزەندەی ترسەکانیان بکەم. ناتوانم ئەم هەموو شته بێنمە پێش چاوم، چونکە ئێوە بەدرێژایی 17 ساڵی رەبەق یارمەتی ئێمەتان دا و پەتای شەڕێکتان لەخاکی ئێمە دورخستەوە کە ئێستا وا لەملی خۆتان ئاڵاوە. ئەمە دڵشکێنە.
لەو شوێنەی منی لێم، وەعد و بەڵێن مانای خۆی هەیە. شەرەف و کەرامەتمان هەموو شتێکە، لێم رونە هەمان شتیش بۆ ئێوە راستە. باسوخواسی رۆژنامە جیهانیەکان لەبارەی ئەوەی کە وڵاتەکەی من (ئەمریکا) کوردەکانی فەرامۆشکردوە، زۆر دڵڕەنجێنەرە.
بڕیاری هەڵەشەی لەمشێوەیە نەک تەنها خەڵکەکەی ئێوەی خستۆتە مەترسیەکی تۆقێنەرەوە، بەڵکو رەوشەکەی بۆ سەربازەکانی خۆشمان لەو ناوچە سنوریانەی نێوان سوریا-تورکیا، هێندەی تر ئاڵۆزکردوە. مێردەکەم بۆ ماوەیەک لەگەڵ ئێوە بوو لەو ناوچە سنورییەدا و جا نازانم داخوا خێزانی سەربازەکانی خۆمان ئێستا هەستیان چۆنە.
مەسەلەکە هەر سەلامەتی نیە، بەڵکو زۆر سەختە بزانیت کە ئاخۆ چەندە قورسە لەسەر دڵی سەربازەکانمان کاتێک گوێیان لە دۆستەکانیان دەبێت هاواری بەهاناچون دەکەن و رێگەیان پێنادرێت بچن بەدەمیانەوە. هەروەک ئەوەش ناخۆشە کە دەبینین ئێوە باتانداوەتەوە بۆلای پوتین و رژێمەکەی ئەسەد، بەهۆی ئەوەی چیتر ناتوانن متمانە بەبەڵێنەکانی ئەمریکا بکەن.
من نیگەرانی سەلامەتی خۆتان و خێزانەکەتانم. نیگەرانی ئەو ناسەقامگیرییەی ناوچەکە و داهاتوەکەیم. نیگەرانم لەوەی بەهەوڵێکی زۆر هەزاران ئەندامی داعشمان خستە زیندانەوە، بەڵام ئێوە بەهۆی بەرگریکردنتان لەخۆتان، نەتانپڕژێتەر سەر پاراستنیان. ناتوانم مەزەندەی ئەو مەترسییە بکەم کە ئێستا هەڕەشەیە بۆسەر هەموومان. مێردەکەم کە هەموو ئێوارانێک لەهەواڵەکان دەڕوانێت، لەسەر روخساری تێڕامانێک بەدیدەکەم کە دەڵێت: " داوای لێبوردن دەکەم".
ئەمڕۆ، من لەبری خانەوادەکەم ئەم نامەیەتان بۆ دەنوسم و سوپاستان دەکەم بۆ هەموو ئەوەی کردتان بۆ ئێمە. سوپاس بۆ دۆستایەتیتان، بۆ بردنەسەری بەڵێنەکانتان، بۆ هاوسەنگەریتان لەگەڵ ئێمەدا، بۆ بەردەوامیتان لەسەر ئەو رێبازە. سوپاس بۆ پاراستنی مێردەکەم و بەسەلامەتی گەڕانەوەی بۆ لای من و منداڵەکانم. ئەمڕۆ منیش دەست بەدوعام بۆتان کە ئێوەش بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ناو خاووخێزانتان. سوپاس بۆ خانەوادەکانتان کە لەنەبونی ئێوەدا قوربانیان بەخۆیان داوە، کە ئەمەش وایکرد ئەو هاوبەشێتیەی نیوانمان بێتەئاراوە.
نزادەکەم بگەڕێینەوە بۆلاتان، بێینەوە شان بدەینەوە بەر شانتان و ئەم هەموو رەنجە بەفیڕۆ نەڕوات.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم
ژنێکی سوپاگوزار

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group