چیتر كەس ڕەقەم نیە

د.پیرۆت محمد امین

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ماوەیەکی زۆر نەبوو، هەموو کۆمەڵگایەک كەسێك یان چەند كەسێكی هەبوو کە بەپێی پێوەرە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری بە"ڕەقەم " دادەنرا. بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر ئەم چەمكەدا هاتووە. ئەم چەمکە چیتر لە یادەوەری کۆمەڵدا وەک جاران باو نییە، کاتێک لوتکە لە تاکێکدا بەڕوونی پێناسەو قەتیس کرابوو هەروەها وەک مۆدێلی کۆتایی سەرکەوتن و کاریگەری سەیر دەکرا.
ئەمڕۆ لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای وێنەکان و زۆربوونی پلاتفۆرمەکان، سەرۆک و فەرمانڕەواکان لەگەڵ بازرگانانی دەوڵەمەند، ئەستێرەکانی مۆدە لەگەڵ گۆرانیبێژەكان و ئەکتەرەکان لەگەڵ کوڕەکانی بەرپرسانی حکومەتدا یەکسانن، هەموو ئەمانە لە پێشبڕکێیەکی کراوەدان بۆ سەرنجدان و بینین. ئیتر پێگە تەنیا لە پۆستەکانی دەسەڵاتەوە سەرچاوە ناگرێت بەڵكو بەشێوەیەکی ئاسۆیی دروست دەکرێت و بەکاردەهێنرێت، وەبەردەوام بەهۆی سەلیقەی گشتی و لۆژیکی بازاڕەوە لە قاڵب دەدرێت. لەئێستادا هەر کەسێک دەتوانێت سەکۆیەک بەدەستبهێنێت و بۆ ماوەیەکی کورت سەرنجی خەڵک  کۆبکاتەوە پێش ئەوەی بەو خێراییەی کە دەرکەوتووە نەمێنێت. 
کاتێک پرسیارێکی بەڕواڵەت ئاشکرا دەکرێت كە ئایا ئەوانەی خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ نواندن یان وەرزش وەردەگرن، یان خەڵاتی نۆبڵ لە زانست، ئەدەب، یان هەر بوارێکی تر وەردەگرن، مەرجە باشترینن لە کۆمەڵگادا؟ وەڵامەکە وەک جاران سادە نییە. لە کاتێکدا کە خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان هێشتا ئاماژەن بۆ دەستکەوتی تاکەکەسی ناوازە لە بوارە تایبەتەکاندا. لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا، هەڵسەنگاندنی باشی چیتر تەنها بەو جۆرە دەستکەوتانە سنووردار نییە. ڕای گشتی، سەرنجی دیجیتاڵی و کاریگەریی کولتووری هەموویان لەیەکتردا تێکەڵ دەبن بۆ ئەوەی دیاری بکەن کێ بە "ڕەقەم " دادەنرێت. تەنها دەستکەوتە زانستییەکان بەس نین بۆ ئەوەی کەسێک لە پێگەیەکی بێ ڕکابەردا دابنێن، چونکە ئەمڕۆ زۆرێک لە دەنگەکان پێیان وایە کاریگەرەکانی سۆشیال میدیا و گەنجانی خاوەنکار و چالاکوانانی کۆمەڵگا شایەنی هەمان ناساندنن.
ئەمەش دەمانباتە سەر پرسیارێکی دیكە كەئایا پێوەرێکی گشتی یان کۆمەڵایەتی بۆ گەیشتن بە لوتکە چییە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە ئیتر یەک ستانداردی جێگیر نییە کە پشتی پێ ببەسترێت  بەڵکو پێوەرەکان چەند هێندە بوون و تێڕوانینەکان بۆ سەرکەوتن جیاواز دەبن. لە ڕابردوودا میدیای تەقلیدی و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان ناوبانگیان دیاری دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بوونەتە ناوبژیوان، بە ژمارەی فۆڵۆوەرەکان و خێرایی کارلێککردن و گەیشتن بە ناوەڕۆک حوکم دەدرێت. بۆیە ئەوەی هەندێک بە دەستکەوتێکی سەرنجڕاکێش دەزانن، ڕەنگە بۆ کەسانی دیکە مانایەکی کەمی هەبێت و ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم بینەرێکی فراواندا بە شێوەیەکی گەشاوە دەدرەوشێتەوە، ڕەنگە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە خێرایی کاڵ ببێتەوە. ئەمەش وا دەکات بون بە " ڕەقەم " لەكۆمەڵگادا بەشێوەیەكی کاتی بێت و کەس ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بیپارێزێت .
ئەم گۆڕانکارییە بە ڕێکەوت ڕووی نەداوە؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە چۆنیەتی هەستکردن بە پێگە و کاریگەری مرۆڤەکان. ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە "ماکس وێبەر" بە گۆڕانکاری لە جۆرەكانی شەرعیەتدا وەسفی کردووە، کە شەرعیەتی کاریزمایەك یان بابەتی نەریتی بە تەنیا ناتوانێت چیتر قۆرخکاری "ڕەقەم " بکات. بەڵکو بە بوونی میدیا و کاریگەریی ڕەمزیشەوە بەستراوەتەوە. ئەمڕۆ بە تەنیا پۆستی سیاسی بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک بەرەو پێشەوە ببات و سامانیش گەرەنتی باڵادەستی ناکات. مرۆڤی ئاسایی دەتوانێت لە چەند خولەکێکدا سەرنج ڕابکێشێت و دەستڕاگەیشتن و کاریگەرییەک بەدەستبهێنێت کە لەوە زیاتر بێت کە کەسایەتییەکی بەهێز لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، تەنها لەبەر ئەوەی تێدەگات چۆن وێنەی خۆی بەڕێوەببات و چیرۆکەکەی بە شێوەیەک بگێڕێتەوە کە دەنگدانەوەی لەگەڵ خەڵکدا هەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، بیرۆکەکانی "غای دیبۆرد" سەبارەت بە "کۆمەڵگەیەکی تەماشاکەر" هێندەی تر پەیوەندیدارتر دەردەکەون. بەها چیتر لە خودی کردارەکەدا بوونی نییە. وەمرۆڤ چیتر بەو شتانە ناپێورێت کە بەرهەمی دەهێنێت یان پێشکەشی دەکات، بەڵکو بە توانای دەرکەوتن و ڕاکێشانی سەرنج. هەر لەبەر ئەمەیە لێرەدا هەمووان لە چوارچێوەی یەک قۆناخدا یەکسانن: سیاسەتمەدار و هونەرمەند و تاکی دەوڵەمەند و و تەنانەت ئەو میراتگرەی کە بە ماندووبوون ناوبانگیان بەدەست نەهێناوە. هەموو کەسێک بە هەمان شێوە نمایش دەکرێت، کەوتۆتە ژێر  لۆژیکی چەپڵە لێدان و لەبیرچونەوەی خێرا.
"جان بودریار" دەڵێ ئەم یەکسانییە ڕواڵەتییە نیشانەی دادپەروەری یان ڕزگاری نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی مانایە، کە هێماکان کاڵ دەبنەوە و جیاکارییەکان گرنگی خۆیان لەدەست دەدەن. ڕەنگە دەسەڵاتدارێك ببێتە کەسایەتییەکی گاڵتەجاڕی و گۆرانیبێژێك ببێتە سەرکردەو  و مۆدێلێكیش ببێتە دەسەڵاتی کولتووری، نەک لەبەر ئەوەی خاوەنی مەعریفە یان حیکمەتن، بەڵکو لەبەر ئەوەی سیستەمی ڕەمزی ناوەندەکەیان لەدەستداوە.هەربۆیە لەم جیهانەدا شتێک نییە بە ناوی "یەکەم" چونکە تەنها "زۆرترین ترێند" هەیە لە ساتێکی کورتدا.
ئەم بۆچوونە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا بەربڵاو بووە و زۆرێک پێیان وایە هێزی سۆشیال میدیا و سەرسامی بینەران لە ڕێگەی شاشە و مۆبایلە زیرەکەکانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە چەمکی "گەورەترین کەس" یان "باشترین کەسایەتی" هێناوە. لە جیهانێکدا کە مرۆڤەکان لە سەرانسەری چەندین پلاتفۆرمدا پەیوەندی دەکەن و بە خێرایی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکەن، زەحمەت بووە بزانین کێ بەڕاستی باڵادەستە. لەگەڵ هەر تویتێک، پۆستێک، یان ڤیدیۆیەکی نوێدا، کۆمەڵگا تێگەیشتنەکەی لە "ڕەقەم یەک" لە قاڵب دەداتەوە. نازناو ئیتر ئیمتیازێکی جێگیر نییە کە بە کەسێکی دیاریکراو بدرێت، بەڵکو بووەتە وێنەیەکی جوڵاو کە ڕەنگدانەوەی کارلێکی بیرۆکەکانە لە نێوان مرۆڤەکاندا.
وتنی "ئیتر کەس ڕەقەم نییە لە کۆمەڵگادا" مانای ئەوە نییە کە هەمووان لە بەرپرسیارێتی یان کاریگەری ڕاستەقینەدا یەکسان بن. بەڵکو بەو مانایەیە کە کۆمەڵگا توانای بەرهەمهێنانی نمونەیەکی ڕوونی نییە کە هەمووان لەسەری کۆک بن. لوتکە چیتر شوێنێک نییە بۆ یەک کەس بەڵكو قەرەباڵغ بووە بە چەندین ڕووخسار کە بەردەوام لە گۆڕاندان، هەندێکیان دەردەکەون و هەندێکی تریش بەپێی هەڵاوسانی میدیا و بازاڕ  نامێنن. لەم دیمەنە قەرەباڵغەدا مانای "ڕ ەقەم " گرنگی خۆی لەدەست دەدات و گرنگترین پرسیار دەبێتە کێ خاوەنی بەهای ڕاستەقینەیە؟، نەک کێ بۆ ماوەیەکی کورت زاڵ دەبێت بەسەر دیمەنەکەدا.
د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی : دارایی گشتی

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group