ژنێكی كورد دەبێتە یەكەم فڕۆكەوانی ژن لە هێڵی ئاسمانیی عێراق

20/02/2024 هەمەڕەنگ

نەوا-
ژنێكی كورد دەبێتە یەكەم فڕۆكەوانی ژن لە مێژوی عیراق كە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی عیراق لێ بخوڕێت، یەكەم گەشتیشی بۆ ئیمارات بوو، بەرپرسێكی ئەو هێڵە دەڵێت لەمەودوا بەردەوام گەشت دەكات. 
رەزین دۆسكی بووە یەكەم ژن لە مێژووی عیراق، كە بگاتە پلەی كاپتن و گەشتی فڕۆكەوانی بكات.
وەلید دەلفی گوتی یەكەم گەشتی فڕۆكەوانی رەزین دۆسكی لە 19 ی شوبات لە فڕۆكەخانەی بەغداوە بۆ شاری دوبەی ئیمارات بووە، لەمەودوا بەشێوەیەكی بەردەوام گەشتی دەبێت، لەدوای ئەوەی پلەكەی لە كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق لە یاریدەدەری كاپتنەوە بەرزكرایەوە بۆ كاپتنی سەرەكیی فڕۆكە.
رەزین دۆسكی خەڵكی پارێزگای دهۆكە، لە ئوردن خوێندویەتی، لە ساڵی 2014 ەوە لە بواری گەشتی ئاسمانی كاردەكات، لە ساڵی 2017  پەیوەندی بە هێڵی ئاسمانیی عیراقەوە كردوە، لە ساڵی 2017 یەكەم فڕۆكەی جۆری بۆینگی لە ئەمریكاوە بۆ ئایسلاند و دواتر بۆ بەغدا لێخوڕی.
لەدوای یەكەم گەشتی و گەڕانەوەی بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا، رەزین دۆسكی لەلایەن رەزاق سەعداوی وەزیری گواستنەوەی عیراقەوە خەڵات كرا. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group