چالاكییەكی پێشبڕكێی درۆن لە شاریقە بەڕێوەدەچێت

پێش 4 هەفتە هەمەڕەنگ

نەوا-
بۆ یەكەمجار پێشبڕكێی پاڵەوانانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەشاری شاریقەی وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
میدیاكانی شاریقە بڵاویكردۆتەوە، پێشبڕكێی پاڵەوانانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەڕۆژانی 20 و 21ی نیسان لە شانۆی ئەلمەجاز بەڕێوەدەچێت، كە لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنی حكومەتی شاریقەی سەر بە وڵاتی ئیمارات لەگەڵ كۆمپانیای MultiGP  بەڕێوەدەچێت كە كۆمپانیاكە گەورەترین خولی پێشبڕكێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە لە جیهاندا، لەكاتی بەڕێوەچونیشیدا 16 پێشبڕكێكاری بەهێزی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەشدار دەبن كە پاڵەوانی جیهانن و خەڵاتی نێودەوڵەتیان بەدەستهێناوە. 
بەپێی وتەی تاریق سەعید عەلای بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی راگەیاندنی حكومەتی شاریقە، ئەم پێشبڕكێیە بەشێكە لە هەوڵەكانی شانۆی ئەلمەجاز بۆ بەرزكردنەوەی ناوبانگی شاریقە وەك شوێنێكی گەشتیاری و وەرزشی جیهانی بۆ چەندین پێشبڕكێی جۆراوجۆر، ئەم چالاكییە دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم جۆرە پێشبڕكێیە و بینینی باشترین پێشبڕكێكارەكانی جیهان و دۆزینەوەی نوێترین پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیاكە.
عەلای جەختی لەوەكردۆتەوە، پێشبڕكێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان تەكنەلۆژیا لەگەڵ ژیری خێرا تێكەڵ دەكات و پشت بە توێژینەوەو پەرەپێدان دەبەستێت، ئەو تەكنەلۆژیایە لە داهاتودا دەتوانرێت بۆ مەبەستی جۆراوجۆری ئەرێنی و خزمەتگوزاری گەشەپێدان بەكاربهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group