لێكۆڵینەوە لە داهاتی 20 ساڵی رابردوی پلە باڵاكان دەركرێت

18/03/2024 عێراق

نەوا-
پەرلەمانی عیراق كار بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسایەك دەكات كە رێگە بە لێكۆڵینەوە لە مامەڵەی 20 ساڵی رابردوی پلە باڵاكان دەدات، هەر مامەڵەیەكیش لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت پێویستە بانكی ناوەندی لێ ئاگادار بكرێتەوە.
پڕۆژە یاساكە تایبەتە بە چۆنێتی گەڕاندنەوەی ئەو پارە و موڵك و داهات و سامانەی لە لایەن پلە باڵاكان و بەرپرسانی عیراقیەوە بە گەندەڵی بەدەستیانهێناوە و رەوانەی دەرەوەی عیراقیان كردوە. 
لە رەشنوسەكەدا هاتوە، پێویستە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بانكی ناوەندیی عیراق ئاگادار بكەنەوە لە هەر مامەڵەیەك كە بڕەكەی لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت یان هەر مامەڵەیەكی گومانلێكراو كە لەلایەن پلە باڵاكان و خێزان و كەسوكاریانەوە كرابێت، تاوەكو ئەویش دەستەی دەستپاكی لێ ئاگادار بكاتەوە و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكات.
هاوكات هەر  مامەڵە و حەواڵەكردن و قەرزێكی  حكومی كە كراوە لە بەرواری  كانونی دوەمی 2004 ەوە بدرێتە بانكی ناوەندی و دەستەی دەستپاكی بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و گەرانەوەی داهاتەكە بۆ عیراق. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group