سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی دادگای فیدراڵی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبونەوە

19/03/2024 عێراق

نەوا-
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و بڕیارەكانی دادگاكە كۆبونەوە.
لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق چاوی بە جاسم عبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كەوتوە بۆ راوێژكردن لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی و رایگەیاندوە، پرۆسەی سیاسی لەدوای ساڵی 2003 لەسەر چەند بنەمایەكی نەگۆڕ داڕێژراوە كە خواستی سەركردە سیاسییەكانی لەسەر بوەو لە دەستوردا چەسپاوە یەكێك لە دیارترین ئەو پرەنسیپانە ئەوەیە كە عیراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە، دەستور بەڕونی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی ئێستای پەسەند كردوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردوە دادگا پابەندە بەوەی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی لەسەری رێككەوتون ئەوەی لە دەستوردا ئاماژەی پێكراوە، بەپەرۆشە بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی لە دەستورو یاسا كارپێكراوەكاندا هاتوە، هەروەها بەپەرۆشیشە بۆ بەدواداچون لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كە ببێتەهۆی دەستەبەركردنی گەیاندنی شایستە داراییەكان بۆ فەرمانبەران و ئەوانەی كە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان دەگرێتەوە لە وادەی خۆیدا.
سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی دوپاتیكردۆتەوە كە بڕیاری پەیوەندیدار بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتیەو وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەماهەنگیەكی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە سەبارەت بەبابەتی بڕیارەكەو دیاریكردنی چوارچێوەیەك بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی، بەشێوەیەك كە خەرجكردنی موچە بەبێ وەستان مسۆگەر بكات و بەهۆكاری هونەری یاخود گرتنەبەری رێوشوێنەكان نەوەستێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group