شاندێكی عیراق و توركیا لە ئەنقەرە كۆدەبنەوە

26/03/2024 عێراق

نەوا-
شاندێكی عیراق بەسەرۆكایەتی ناسر ئەسەدی راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری گواستنەوە گەیشتە ئەنقەرە.
باڵیۆزخانەی عیراق لە ئەنقەرە لە راگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ناسر ئەسەدی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری گواستنەوە بە یاوەری هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێڵی ئاسنین لە عیراق و بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان گەیشتونەتە ئەنقەرە.
راشیگەیاندوە، شاندەكەی عیراق بەمەبەستی بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و گرتنەبەری رێوشوێنەكان و رێككەوتنەكان لەبارەی دەستپێكردن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆدەبێتەوە. هەروەها هاتوە، كۆبونەوەكانی شاندەكەی عیراق لە سەردانەكەی بۆ ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تەواوكەری ئەو كۆبونەوانەن كە لە ماوەكانی رابردودا لەنێوان هەردولا لەبەغداو ئەنقەرە بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و قۆناغەكانی كاركردن لەبارەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان ئەنجامدراون.
ڕێگای گەشەپێدان رێگاكانی وشكانی و ئاسنین لە خۆدەگرێت كە بەندەری فاو لە كەنداوی بەسرەی باشوری عیراق بە درێژایی هەزارو 200 كیلۆمەتر بە توركیاو دواتر ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group