زیاتر لە 100 گوندی سیدەكان چۆڵكراون

27/05/2018

نەوا – سالم سەلیم  
قائیمقامی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی شەڕوپێكادانی هێزەكانی پەكەكە و سوپای توركیا، رەوشی ناوچە سنورییەكان سەقامگیرنییە و بەوهۆیەشەوە، چەندین گوند چۆڵكراون و دانیشتوانی، ئاوارەی شوێنەكانی دیكەی هەرێم بوون.
كرمانج عیزەت قائیمقامی سۆران بۆ رادیۆی نەوا جەختی كردەوە، بەهۆی بوونی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچە سنورییەكانی هەرێم، سوپای توركیا بە بەردەوامی گوندەكان دەكاتە ئامانج و بۆردومانیان دەكات و تەنها لە سنوری ناحیەی سیدەكان زیاتر لە 100 گوند زیانیان بەركەوتووەو تائێستاش ئاوەدان نەكراونەتەوەو گرفتی لەبەردەم گەڕانەوەی گوندنشینان دروستكردووە.
قائیمقامی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچە سنورییەكان، گوندنشینان ناتوانن زێدی خۆیان ئاوەدان بكەنەوەو كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵی خۆیان بكەن و بەشێكی زۆریان لە كۆمەڵگەكانی دەوربەری هەولێر و سۆران نیشتەجێبوون.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group