بۆچی بە هەڵبژاردەی فەرەنسا دەوترێت "كەڵەشێرەكان"؟

15/07/2018 وەرزش

نەوا


زۆرێك لە هەڵبژاردەكان نازناوی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەریەكە لەو نازناوانەش رەگ و ریشەی خۆیان هەیە، لەوانەش هەڵبژاردەی فەرەنسا كە پێیاندەوترێت هەڵبژاردەی كەڵەشێرەكان و هێمای كەڵەشێرێك لەسەر تیشێرتەكەیان بوونی هەیە.
چیرۆكی كەڵەشێرەكان بۆ پێش سەردەمی زایینی دەگەڕێتەوە، بەپێی گێڕانەوەكان و مێژووی فەرەنسا، كەڵەشێر هێمای ئایینی وڵاتی "غال" بوە كە (وڵاتەكانی باكوری خۆرئاوای ئەوروپا دەگرێتەوە) و رۆمەكان فەرمانڕەواییان كردوە و دواتر فەرەنسای لێ‌ جیابۆتەوە.


بەپێی ئەو گێڕانەوانە، دوای جیابونەوەی فەرەنسا، بەرهەڵستكارانی ئەو كارە نازناوی كەڵەشێریان لە فەرەنسیەكان ناوە وەك گاڵتەپێكردنێك، بەڵام سەرەڕای ئەوە فەرەنسیەكان كەڵەشێریان كرد بە هێمای كەللەڕەقی و رەتكردنەوەی دۆڕاندن، كە لە سیفاتەكانی ئەو گیانلەبەرەن.
دوای ئەوەی چاخی ناوەڕاست هاتەپێشەوە، كەڵەشێر بووە هێمایەكی رۆشنبیری فەرەنسیەكان و دواتریش كڵێسای كاسۆلیكی كردی بەهێمایەكی ئایینی كە پەیوەستیان كردبوو بە گەڕانەوەی مەسیح و هێمای سەرهەڵدانی رۆژێكی نوێ‌ لەدوای تاریكی، بەڵام دوای لاوازبونی كڵێسا، بەكارهێنانی هێماكەش لاواز بوو.


دوای شۆڕشی فەرەنساش، جارێكی تر هێمای كەڵەشێر بە بەهێزی گەڕایەوەو دەوڵەتی فەرەنسا وەك هێمای زانستی و گەشەسەندن و هەستانەوە بەكاری هێناو بووە هێمایەكی نافەرمی خەڵكی وڵاتەكە، لەكۆتایی سەدەی 19دا لەسەر رووی پارەی ئاڵتونی نەخشەی كێشراو دواتر یەكێتیی تۆپی پێی فەرەنسا لەساڵی 1908ەوە وەك رەمزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەكاریهێنا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group