"هۆشداری دەدرێت لەوەی جارێكی دیكە داعش موسڵ داگیر بكاتەوە"

15/07/2018 عێراق

نەوا – سالم سەلیم 

بەرپرسێكی یەكێتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، "رەوشی ئەمنی موسڵ خراپەو بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی و پلانی هاوبەش لە نێوان سوپای عیراق و گرووپە جیاجیاكانی حەشدی شەعبی، ئاسایش و ئارامی لەو شارەدا كۆنترۆڵ نەكراوە".
نەسروڵڵا سورچی بەرپرسی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی بۆ رادیۆی نەوا وتی "رەوشی ئەمنی موسڵ ناجێگیرەو بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، وەك پێویست كۆنترۆڵی شارەكە نەكراوە و هاووڵاتیان جارێكی دیكە بەناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێدەهێڵن و روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن".
بەرپرسەكەی یەكێتی لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا بۆ رادیۆی نەوا جەختی كردەوە، رەوشی دەوروبەری موسڵ خراپترەو زیاتر لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش و شانە نوستوەكانی ئەو رێكخراوەدایە، وتیشی "ئەگەر حكومەتی فیدراڵی دۆخی ئەمنی موسڵ بەهەند وەرنەگرێت و وەك پێویست كۆنترۆڵی نەكات، ئەوا داعش جارێكی دیكە ئەو شارە داگیر دەكاتەوە".

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group