وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی لێدوانەكانی بەرپرسانی نەوتی عیراق دەداتەوە

پێش 1 هەفتە

نەوا-
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند، لە لێدوانەكانی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵییدا هەوڵ دەدرێت بەرپرسیارێتیی شكستی هەناردەكردنی نەوت بخرێتە پاڵ حكومەتی هەرێم.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە كە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵیی عیراقەوە سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان خراوەتەڕو،  ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شكستی هەناردەكردنی نەوت بخەنە پاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دەقی بەیاننامەكەی وەزرارەتی سامانە سروشتییەكان:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە كە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شكستی هەناردەكردنی نەوت بخەنە پاڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

بە تایبەتی وەزارەتی نەوتی عیراقدا ئاماژە بەوە دەكات كە "بەردەوامە لە پێداگری لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن لە ڕێگەی بۆری عیراق-توركیا بە زووترین كات، لە هەمان كاتدا پابەندە بە بڕگەكانی دەستوور و یاساكە، "بەڵام گرێبەستە پەیوەندیدارەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی حكوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە پەسەند نەكراون، چونكە بنەمای دەستووری و یاسایی دروستیان نییە".

وەك وەزارەتی نەوتی عیراق باش دەزانێت، هیچ بڕگەیەك لە دەستووری ساڵی 2005ی عیراقدا نییە كە دەسەڵات بە حكوومەتی فیدراڵی عیراق بدات بۆ "پەسەندكردنی" ئەو گرێبەستانەی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دەركراون.

بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانە لە ساڵی 2007 بە كۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كراوە. ئەم یاسایەی ساڵی 2007 لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێ دانراوە كە بنەمایەكی تۆكمەی لە دەستووری 2005ی عیراقدا هەیە. ئەو پارێزەرانەش بریتین لە پڕۆفیسۆری كۆچكردوو جەیمس كراوفۆرد، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی، و لەم دوایانەدا دادوەر ستیڤن شوبێل، سەرۆكی پێشووی دادگای نێودەوڵەتی. هەر دوو پارێزەرەكە بۆچوونی خۆیان بڵاو كردووەتەوە. ئەم بۆچوونانە بە شێوەیەكی دروست بوونەتە بنەمای تەواوی وەبەرهێنانەكان كە كۆی گشتیی سەدان ملیار دۆلارە، كە بەشێكی بەرچاوی لە وەبەرهێنە ڕۆژئاواییەكانەوە هاتووەتە كوردستانی عیراق.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عیراق تەنیا پشت بە بڕیارێك دەبەستێت كە لە مانگی شوباتی 2022 لەلایەن لیژنەیەك یاخود كۆمەڵێك لە ڕاسپێردراوی سیاسی لە بەغدا دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە یاسای 2007ی حكوومەتی هەرێم نادەستوورییە. لە كاتێكدا كە وەزارەتی نەوتی عیراق بە فەرمی ئەو لیژنەیە بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناو دەبات، هەمووان دەزانن كە شتێكی لەو جۆرە نییە. ئەو بەناو "دادگایە" بەپێی بڕگە پەیوەندیدارەكانی دەستووری ساڵی 2005 دانەمەزراوە.

ئاشكرایە كە وەزارەتی نەوتی عیراق تەنانەت قسە لەسەر شەرعیەتی ئەو لیژنەیە ناكات. هەر وەك چاوەڕوان دەكرا ئەو "بڕیارە"ی شوباتی 2022ی ئەو لیژنە سیاسییە وەك بڕیارەكانی سەردەمی رژێمی سەدامە كە لەسەری دیزاین كراوە، تەنانەت هیچ تێگەیشتنێكی یاسایی بنەڕەتی نییە. بۆتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵكی عیراق.

سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو "بڕیارە" ئەم ڕاستییە ڕوونەی ئاشكرا كرد و دواتر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی حكوومەتی هەرێمیش بەدوایدا هەمان ڕاستییان ئاشكرا كرد.

دەسەڵاتی دادوەریی حكوومەتی هەرێم بە شێوەیەكی دروست پێكهێنراوە، بڕیاری 15ی شوباتی 2022 وەك بڕیاری دادگایەك ناناسێت هەروەها ئاشكرایە كە پەرلەمانی عیراق بە پێچەوانەی پەرلەمانی كوردستانەوە تا ئێستا یاسایەكی نەوت و غازی دەرنەكردووە كە لەگەڵ دەستووری ساڵی 2005دا بگونجێت. لە ڕاستیدا، حكوومەتی عیراق بە هیچ شێوەیەك نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەكی نەوت و غاز دەربكات. كەرتی نەوتی حكوومەتی عیراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەركەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەكانی ڕژێمی سەدام حوسێن دەبەستێت. ڕاستییەكە ئەوەیە كە هیچ دامەزراوەیەكی فیدراڵیی عیراق بە هیچ "دادگا"یەكەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی 2005 یان یاساكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی نییە.

لە مانگی یەكی ئەمساڵدا، هەر دوو شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراق كۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە مافە دەستوورییەكانی خۆمان بگەیەنین، و لەسەر مەرجەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی ڕێككەوتن كە باس لە بابەتی تەكنیكی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە هەرێمی كوردستان. لێكتێگەیشتنی هاوبەشمان بوو كە یاساكە جێبەجێ دەكرێت و هەناردەكردن بەبێ دواكەوتنی زیاتر دەست پێ دەكاتەوە.

ئێمە هانی حكوومەتی عیراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەكانی ڕێككەوتنەكەی مانگی یەك و ئاسانكاری بكات بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن. هیچ پاساوێك نییە، نە لە دەستووری ساڵی 2005 یان لە هەر شوێنێكی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عیراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەكردنی نەوت. ئەو هەناردەكردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عیراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن.

لە هەمان كاتدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و هاندانی جێبەجێكردنی یاسا. حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكپارچەیی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەستووریی دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزێت. یاسای نەوت و غازی 2007ی هەرێم و هەموو یاساكانی حكوومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەكرێن. حكوومەتی هەرێم وەك هەمیشە دەستووری 2005 دەپارێزێت و یاسای ساڵی 2007 بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەكانی ئەو گرێبەستانەی كە بەپێی ئەو یاسایە كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group