دەربارەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی حکومەت ؛ پێشینان دەڵێن ئەگەرییان چاند سەوز نەبوو

عەبدولرەحمان عەلی رەزا

26/03/2018

بەناوحکومەتە شکستخواردوەکەی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکی چەند دێڕیدا ، دەڵێ ئەگەر بەغدا مانگانە پارە بنێرێت ئەوا دەستکاری سیستمی پاشەکەوتی موچە دەکەین. دیارە کە ئامانج ومەبەستی سەرەکی لەم ڕاگەیەندراوەی حکومەت تەنها کپکردنەوەو درێژەنەکێشانی خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران بەگشتی ومامۆستایان وتەندروستکارانە بەتایبەتی کەلەئێستادا چۆتە قۆناغێکی بەرفراوانترو زۆرێک لەشاروشارۆچکەکانی گرتۆتەوە.  بۆیەزۆر بەسادەیی لەم بەناوحکومەتە دەپرسین : -- 
- بەکارهێنانی وشەی( ئەگەر ) گومانی تەواو دروستدەکات لەوەی کە حکومەت بەنیازنیە کۆتایی بەسیستمی پاشەکەوت بهێنی، واتا گەر بەغداش مانگانە زیاتر لە (۳۱۷)ملیارد دیناریش بنێرێت ئەوسا دەستکارییەکی سیستمی پاشەکەوت دەکات کەبەنایاسایی سەپاندویەتی بەسەر فەرمانبەراندا.
- بۆچی لەئێستادا ڕاست ودروست پێمان ناڵێن کە داهاتی فرۆشی نەوت بەبۆری و بەتانکەر چەندە ؟ هەناردەی نەوت چەندە؟ داهاتی ناوخۆ جەندە ؟ بۆدەیخەنە چەند ڕۆژێکی تر یان مەبەستی ڕاگەیەنراوەکەتان تەنها بۆ کپکردنەوەو کۆتایهێنانی خۆپیشاندان وناڕەزاییەکانە گەر بەتەنگ پڕۆسەی پەروەردەو سێکتەری تەندروستیەوە بوایەن ئەوا لانی کەمی کەمتر لەنیوەی ئەو پارەیەی کە دەیدەنە کۆمپانیاکانی نەوت بدرایەتە ئەو دوو سێکتەرە گرنگە ،ئەوا کێشەوگرفتەکانیان هەر زووچارەکرابوون.
- ئێوە بیرتانە کاتێ کەلە غیابی پەرلەمانی کوردستاندا کەهەر خۆتان دەرگاکەیتان کڵۆم دابوو، بیدعەی سیستمی پاشەکەوتی موچەتان داهێناو بەبڕیاری ژمارە (٦٤)ی ئەنجومەنی وەزیران لە( ۳- ۲- ۲۰۱٦)سەپاندتان بەسەر فەرمانبەراندا نرخی بەرمیلێک نەوت تەنها (۲۷)دۆلاربوو، وەلەیەکێک لەخاڵەکانی بڕیارەکەتاندا بەڕوونی ئاماژەتان بۆئەوەکردبوو کە مانگانەو بەپێی بەرزبونەوەی نرخی نەوت گۆڕانکاری لەسیستمی پاشەکەوتی موچەدا دەکرێت ، بەڵام نرخی نەوت نەک زیادیکرد بەڵکو بەبەراورد بەوکاتەی بڕیارە نایاساییەکەتان خستەبواری جێبەجێکردنەوە نرخەکەی لە(۱۰۰٪) زیاتربەرزبوەتەوە کەچی هیچ گۆڕانکارییەکتان تێدا نەکرد.
بۆیە ئێوە متمانەتان لای فەرمانبەروکەسی دیکەش نەماوەو نەدەشمێنێ . چونکە ئێوە پابەندی بڕیارێکی خۆتان نەبوون کەدەرتانکرد ئایا چ گرەنتیەک هەیە پابەندی ئەگەرێکی بەغدا ببن. بۆیە پێویستە ناڕەزاییەکان فراوانتربکرێت لەدوو ڕوەوە:
 یەکەمیان سەرجەم فەرمانبەران وتوێژەکانی تر بەچڕوپڕتری بەشداری بکەن و هەموو شاروشارۆچکەکانی تری هەرێمیش ببنە پاڵپشت وپشتیوانی خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران ، چونکە بەردەوامبونی سیستمی پاشەکەوتی موچە تەنها زیان ناگەیەنێت بەفەرمانبەروموچەخۆران ،بەڵکو کاریگەری تەواوی کردۆتە سەر هەموو چین وتوێژە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی لەدەستگێڕێکەوە تادەگاتە بازرگانێکی ڕاستەقینەی بەویژدان 
دووەمیان هیچ بیانوو بەهانەیەکیش نەماوە تاکو حکومەت بیهێنێتەوە بۆ بەردەوامبونی سیستمی بەناوپاشەکەوتی موچەو هەمووی بونە بڵقی سەرئاو ، چونکە شەڕی داعش کۆتایی هات ، نرخی نەوت بەرزبۆتەوە ، زۆرینەی ئاوارەکانی شاروشارۆچکەکانی عێراق گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان ، عێراق دەستیکرد بەناردنی بڕە پارەیەکی باش . بۆیە پێویستە فەرمانبەران وموچەخۆران جگەلەوەی متمانە نەکەن بەو ڕاگەیەندراوەی حکومەت ، نابێت ساردیش ببنەوە لەهەوڵەبەردەوامەکانیان چونکە ئەم دەسەڵات وحکومەتە بۆتەمەلەوانە درۆزنەکەوهەرگیز باوەڕی پێ ناکرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group