نوكتەی دیپلۆماسی

بەكر فەتاح

07/07/2018

پێش ئەوەی بێمە سەر نوكتەكە، جارێكیان لە مانگی سێی ساڵی 2003 بانگكرابووم بۆ بەرنامەیuna matina  مانای "بەیانییەك" لە تەلەفزیۆنی ئیتاڵیا، سەرەتا پرسیاری لێ كرم وتی: تۆ چۆن بواری خەباتی دپلۆماسیت هەڵبژارد؟، وتم داوای لێبوردن ئەكەم من لە وڵاتێكەوە هاتووم كە كەس مافی ئەوەی نییە كار بۆ خۆی هەڵبژێرێت، هەمووی سەپێنراوە نەك هەر كار، بەڵكو شوێنی كار، جۆری كار تەنانەت لە هەڵبژاردنی هاوسەریشدا ئازاد نین، من بۆخۆم ئارەزووم ئەوەبوو كە بەڵگەنامەی پسپۆڕی لە كیمیا و بە دیاریكراوی لەسەر پرۆسەی مێتاپۆلیزم (مێتاپۆلیزم باس لە ململانێی پرۆسەی بونیادنانی سێڵەكان و رووخاندنیان لە ناو هەموو بونەوەرێكی زیندوو ئەكات) كەچی بە سەرما سەپێنرا رێگای شاخ بگرمەبەر لەوێ خەریكی ململانێكانی ناو حزبەكانی ناو شۆڕش بم.
لە بەرازیل بووم كاتێ ئەركەكانم كۆتاییهات، لەوێ وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل ئاگاداریان كردم كە ئاهەنگێكی ماڵئاوایم بۆ ئەكەن بۆ بەخشینی وسامی "رێۆ برانكۆ" بە من، سەرپشكیان كردم كە من كێ بانگهێشت بكەم.
بۆ شەوی داهاتوو لە ماڵی باڵیۆزی پورتوگال بە باڵیۆزی ئەمەریكام وت: من رۆژی 24-5-2013 ئاهەنگی خواحافیزیم هەیە لە وەزارەتی دەرەوە، پێم خۆشە بانگهێشتی بەڕێزتان بكەم، یەكسەر وتی بە خۆشحاڵییەوە. ووتم: زۆر سوپاس، بەڵام حەزئەكەم بزانی باڵیۆزی ئێرانیشم بانگهێشتكردوە. وتی: ئاساییە، با شتێكت بۆ بگێڕمەوە، ئەم ساڵ چووم بۆ بازاڕی دیپلۆماسی (هەموو ساڵێك لە بەرازیل باڵیۆزخانەی هەموو وڵاتەكان بازاڕێكیان ئەكردەوە بە ناوی هاوسەری باڵیۆزەكان كە خواردنی وڵاتەكانیان تێدا ئەفرۆشت، سودەكەشی بۆ رێكخراوە خێرخوازییەكان بوو) ویستم بچم بۆ ستاندی مەكسیكی، بە رێكەوت لە تەنیشتی ستاندی ئێرانەوە بوو، باڵیۆزی ئێران فەرمووی لێ كردم بۆ خواردنی ئێرانی، منیش قبوڵم كرد ویستم پارەكەی بدەمێ (ئاخر لەوێ دەبوو هەموو كەسێك پارە بدات تەنانەت سەرۆك وەزیرانیش) یەكسەر باڵیۆزی ئێران وتی: نانا ئێمە لەژێر ئابڵوقەی ئەمەریكاین ناتوانین پارەی ئەمەریكا وەرگرین. وتم: باشە. كە گەڕامەوە بۆ ستاندەكەی خۆمان دەورییەك خواردنی ئەمریكیم بۆ نارد لەگەڵ نامەیەك كە ئابڵوقە خواردەمەنی ناگرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group