لەپێناو رێگریكردن لە هەراسانكردنی سێكسی منداڵەكەت

ئەشواق نەجیب

23/02/2020

پێویستە هەوڵی تەواوی رێكخراوەكان یەكبخرێت بۆ فشارخستنەسەر دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی یاسایەكی تۆكمەتر دەربكات تا هیچ تۆمەتبارێك دەربازی نەبێت و سزای خۆی وەربگرێت، یاسای سزادانی عیراقی هەمواربكرێت بە دانانی مادەیەكی یاسایی تایبەت بەو تاوانە، كە سزاكەی قورستر بێت و شمولی كەفالەت نەكات.
لەپێناو رێگریكردن لە هەراسانكردنی سێكسی منداڵەكەت:
1-پێویستە منداڵی كوڕ و كچ بەشێوەیەك پەروەردە بكرێن متمانەی تەواویان بەخۆیان هەبێت و خۆیان خۆش بوێت و فێریان بكرێت جەستەی خۆیان تەنها مافی خۆیانە و كەس بۆی نییە دەستی بۆ ببات، لەكاتێكدا هەستی بە هەر هەڵسوكەوتێكی نامۆ كرد بەرامبەری پێی بڵێیت قبوڵی مەكە ئەگەر لە كەسی زۆر نزیكیش بێت بێ ترس ئاگاداری دایك و باوكی بكات.
2-كچەكەت ئاگاداربكەرەوە كە نابێت لەسەر قاچی هیچ پیاوێك دابنیشێت با خزمیش بێت، رێگە نەدان بەوەی ماچی منداڵەكەت نەكرێت لەلایەن بێگانە و بۆ كەسی نزیكیش ئەگەر منداڵەكە رازی نەبوو زۆری لێنەكرێت لەلایەن دایك و باوك.
3-ناسینی هاوڕێی منداڵەكەت و چاودێری هەڵسوكەوتیان بە هەر شێوەیەك بێت بكرێت تاوەكو بزانرێت هاوڕێكانی كێن، رێگەنەدرێت هاتوچۆی ماڵیان بكەن.
4-پۆشاك گۆڕین لەبەردەم منداڵێكدا كە دوو ساڵی تێپەڕاندبێت رێگەپێدراو نییە.
5-رێگە مەدە بە هیچ كەسێكی باڵغ كە بڵێت من دەبمە هاوسەری منداڵەكەت.
6-كاتێك منداڵەكانت دەچنەدەرەوە بۆ یاریكردن لەگەڵ منداڵانی تردا پَویستە چاودێریان بكەیت و بزانیت چ یاریەك ئەنجامدەدەن، چونكە هەندێك رەفتاری نەشیاو لەنێو منداڵاندا بڵاوبوەتەوە.
7-منداڵەكەت ناچار مەكە سەردانی هیچ كەسێكی گەورە بكات كە حەزی پێناكات.
8-ئەگەر منداڵەكەت پاشەكشەی كرد لەو چالاكی و یارییانەی بەردەوام ئەنجامی دەدات، پێویستە ئارامگر بیت و هۆكارەكەی لێ‌ بپرسیت.
9-پێویستە دایك و باوك بەشێوەیەكی زانستی گونجاو لەگەڵ رەوشت و بەهاكانی كۆمەڵگەدا رۆشنبیری سێكسی بدات بە منداڵەكەی، بەپێچەوانەوە لە شوێنی ترەوە بە هەڵە فێر دەكرێت.
10-پێویستە دایك و باوك ناوەڕۆكی ئەو فیلم كارتۆنانە ببینن، كە رێگەدەدەن منداڵەكانیان تەماشایان بكەن.
11-هەوڵبدە لەنزیكەوە چاودێری ئەو بابەتانە بكەیت كە منداڵەكەت لە ئینتەرنێتدا سەیریان دەكات.
12-منداڵەكەت رابهێنە لەسەر گرنگیدان بە پاكوخاوێنی شوێنە هەستیارەكان و رێگەنەدان بە هیچ كەسێك بۆ دەست لێدانی.
13-لیستێكی رەش بنوسە بۆ هەموو ئەو رەفتار و شتانەی كە منداڵ لە سنوری ئەدەب دەردەكات.
14-ئامۆژگاری منداڵەكانت بكە بە دوركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ.
15-بەباشی گوێبگرە بۆ سكاڵای منداڵەكەت دژ بە هەر كەسێك، هەرگیز سكاڵاكانی بە كەم مەگرە.
16-پێویستە رێگەنەدرێت منداڵ سەیری دراما و فیلم و چەناڵی یوتیوبی كۆنترۆڵ بكرێت بەپێی تەمەنی.
17-ناسینی هەڵسوكەوتی نەشیاو و هۆشیاری یاسایی و پەروەردەیی بۆ منداڵەكەت و هونەری بەرگریكردنی فێربكرێت بۆ كاتی روبەڕوبونەوەی هەرجۆرە دەستدرێژییەك ئەم خاڵە پێویستە بەپێی تەمەنی گونجاوی خۆی بێت.
18-منداڵەكەت فێربكە لەگەڵ كەس بەتەنها نەڕوات بۆ هیچ شوێنێك بێ ئەوەی دایك و باوك ئاگاداربن، بە هەمان شێوە دایك و باوك، منداڵ لای هەموو كەسێك جێنەهێڵێت و زۆر بە تەنها جێهێشتنی منداڵ لای كەسانی تر.
19-باش بزانە تۆ یەكەمین و گرنگترین هێڵی بەرگری منداڵەكەتی.
20-پێویستە لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێكی تاوانی بەرامبەر منداڵەكەت سكاڵا تۆماربكرێت بۆئەوەی رێكاری گونجاو بگیرێتەبەر بۆ دیاریكردنی حاڵەتەكەی بەپێی راپۆرتی پزیشكی كە ئەم راپۆرتە تا زوو بكرێت كەمە، چاودێری كاتی هاتنەوەی منداڵەكەت لە خوێندنگە، بۆئەوەی لە كاتی دواكەوتنی منداڵەكەت ئاگاداربیت و كاری پێویست بكرێت و گوێ لە منداڵەكە و چاودێری هەڵسوكەوتی بكرێت و لەكاتی بوونی هەر شتێكی نامۆ و نائاسایی خێرا پەیوەندی بكرێت بە لایەنی پەیوەندیدار بۆ پشكنینی منداڵ و سكاڵاكردن گەر تاوانی بەرامبەر كرابو.
لەیادت بێت كە ئازاری كەمتەرخەمی بە درێژایی تەمەنت لەگەڵتدا دەمێنێتەوە، كەواتە منداڵەكەت بپارێزە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group