ھەتا ئەو بایە لەو کونەوە بێت

رێبوار کەریم وەلی

06/03/2021
رەنگبێ لاچوونی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت، بەقەدەر نەمانی مام جەلال بۆ یەکێتی کەمەرشکێن بێت؛ خوا بۆی دابوون، لە سلێمانی موعارەزە و لە ھەولێریش حکومەت بوون، ھەر چییەکیش لە سلێمانی روویدابا، حکومەت ئۆباڵەکەی بە ئەستۆ دەگرت.

*ئەم پارتییەی ئێستا، بەغدا چ بە ھەولێر بکات، ئەویش بە سلێمانیی دەکات. ئەگەر موتیع و ملکەچی ھەولێر نەبی ئەوا ھەر کەس لە ماڵی خۆی.

*ئەو بێمنەتییەی ھەولێر لە مەسەلەی ھەڕەشەکردن بە دوو ئیدارەیی لەوەڕایە کە پارتی دڵنیا بووە، یەکێتی نە خۆی پێوە بەڕێدەبرێت و نە دەتوانێ قووت و موچەی خەڵکی خۆی دابین بکات.

دانانی قوباد تاڵەبانی وەکو سەرۆکی شاندی ماراسۆنکاری ھەرێم لە بەغدا زۆر زیرەکانەیە؛ نەوەکا بە ناوی ھەولێر بچێتە داوای بودجە و بۆ سلێمانیی بخوازێت!

*لانیکەم دوو ساڵە یەكێتی قەوانێکی ھەیە لێدەدات و، بەدەم ئەو ئاوازەوە شەوان تەگبیر دەکات کە چۆن بە کارتی دوو ئیدارەیی پارتی ئەبڵەق بکات! کەچی دەرکەوت نیوەشەوێک پارتی بۆمبەکەی ھەڵداوەتەوە بن لێفەی یەکێتی!

*ھەموو ئومێدی یەکێتی ئەوە بوو کە بتوانن لە دەرەوەی حکومەتی ھەرێمەوە، موچەی دەڤەری سەوز لە بەغداوە دابین بکەن، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و پێدەچێ پارتیش ئەوە بزانێت. بۆیە لەسەر سینیی زێر دوو ئیدارەیی پێشکەشی یەکێتی کرد. سەیر ئەوەیە کە یەکێتی ئەوەی بە ھەڕەشە وەرگرتووە!!.

*ئەلبەتە پرۆژەی راستکردنەوە رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان لە بەر ھاتنی پاپا چەند رۆژێک دەوەستێ! بەڵام ھەقە ئیتر لێرە بەدواوە یەکێتی لەگەڵ خەڵکی خۆی راستگۆ بێت، بەڕاستی و بە فیعلی بچێتە بنباری ئیدارەی ناوچەکەی خۆیەوە و واز لەو تەگبیرانە بێنێت.

*راستە بۆ پارتی قورس دەبێ ببێتەوە حاکمی دوو شار، بەڵام پارتی بەسەرێک سلێمانیی لەکۆڵ دەبێتەوە و بەسەرێکی دیکەش ئۆباڵی ئەوەی ڕوو دەدات دەخاتە ئەستۆی ئێستای یەکێتی.

*ھا ئەگەر یەکێتی بە تەمای موعجیزەیە لە حوکمڕانیدا، شتی وا روو نادات. جارێ ئەو بایە ھەر لەو کونەوە دێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group