بەربەستەکانی سیاسەتی کورد لە ڕۆژهەڵات

حامید فەرازی

19/06/2021

وتاری یەک (بەشی یەک)

پوختە

 کوردی ڕۆژهەڵات لە ئێستا و داهاتوویەکی نێزیکدا هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوونی بۆ چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە هەمبەر ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتوودا نییە چون لە بنەمادا خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی دروستی بۆ واقعی خۆی و دەروبەریی وجیهان نییە.
 لە ئەگەری هەرەسهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا ـ جا بە هۆی دەستێوەردانی دەستێکی دەرەکییەوە بێ یاخود سەرهەڵدانێکی کۆمەڵایەتیی لەناکاو و بەهێز کە بتوانێ جێگای پێ لێژ کا ـ ئەوسایش هێشتا ئیمکانی ئەوە بۆ کورد نییە بیهەوێ لە چوارچێوەی ئەو قەوارە سیاسیـکولتووریە کە ناوی ئێرانە، خۆی دەرباز کا و ئاڵای سەربەخۆیی سیاسی بەرزکاتەوە، بۆیە گرنگە بۆ خۆی ڕوون کاتەوە دەیەوێ چ هەڵسوکەوتێکی لەگەڵ هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران هەبێ؟
ستراتیژی سیاسی هەردووک حیزبی "حدکا و حدک" - کە لەڕاستیدا دەتوانین بەیەکەوە هەر بە "حیزبی دێموکڕات" ناویان ببەین-  لە سەر سێ کۆڵەکەی شەڕی چەکداری،  ڕووخانی ڕژیم و دامەزرانی حوکومەتێکی دێموکڕاتیکی فێدرال دامەزراوە کە لەو باروودۆخەدا، ئەو ئامانجانە بەگشتی 

بەختێکیان بۆ سەرکەوتن نییە. کەواتە ڕاوەستان و پێداگریی لەسەر ئەو سێ کۆڵەکەیە، لەلایەن ئەو حیزبانەوە، تەنیا دایەرەی چالاکییەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە و لە ناوەندی هاوکێشە و گۆڕانکارییەکانی  ئێستا و داهاتووی ئێران دووریان دەخاتەوە.

پێشەکی

لە کۆتاییەکانی ساڵی دوهەزار و بیستدا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا بەڕێوە چوو و دۆناڵد ترامپ کە هیوای هەندێک لایەنی سیاسی بوو تا بێتەوە سەر دەسەڵات و کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ، دەنگی نەهێنایەوە. ئەگەرچی لە بە دەسەڵات گەیشتنەوەی دووبارەی ترامپیشدا هیچ مەرج نەبوو حەتمەن قەیڕانی نێوان ئەمریکا و ئێران تا ئاستی پێکدادان و ڕووخاندن پەرەی سەندبا و گەورە بووایەتەوە. ئەوا جۆ بایدن کاندیدای دێموکراتەکان دەسبەکار دەبێ تا بۆ چوار ساڵ دەوڵەتی تازە بەڕێوەببا. بەم پێیە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەگەرچی لە باری ستراتیژییەوە گۆڕانێکی بنەڕەتی بە خۆوە نابینێ، بێگومان لە هەندێ بواردا هێندێک جیاوازیی لەگەڵ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپدا دەبێ کە دەتوانێ کاریگەریی لە سەر چارەنووسی خەڵکی ئێران و گەلی کورد دابنێ.
ئەم وتارە خوێندنەوەیەکە لەسەر سیاسەتی کوردی ڕۆژهەڵات، ئەو پلان و پڕۆژە سیاسییانەی کوردی ئەم پارچەیە، پاش دۆڕاندنی کۆمارییەکان و جۆرێک تێپەڕبوونی قۆناغی ترامپیسم یا لانیکەم بەسەرهاتنی نۆرە دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ، دەتوانێ هەیبێ. هەروەها توێژینەوەیەکە لە هۆکارەکانی ئەو جۆرە سیاسەت کردنەی کۆمەڵگای کوردی لە ساڵانی ڕابردوودا، بە حیزب و ڕێکخراوە و سیاسیی و نوخبەکانیەوە، بە شێوەیەک کە دەیەوێ بەگشتی خوێندنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ ڕووداوە سیاسییە ئێرانی و جهانییەکان بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. 
پرسیاری سەرەکی ئەم توێژینەوە ئەوەیە کە لەمەدوا پلان و پڕۆژەی سیاسیی کورد لەم پارچەی کوردستان، بۆ دەستەبەر بوونی ماف و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە داهاتوودا چ دەبێ و چۆن دەیەوێ خۆی لەگەڵ ئەو دۆخەی پاش هاتنە سەرکاری دەوڵەتی جۆبایدن بگونجێنێ؟
ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئێستا پڕۆسەی ڕێفۆرم لە ئێراندا شکستی هێناوە و هیچ هیوایەک بۆ کرانەوەی فەزای سیاسی لە ئارادا نییە تا کوردیش بتوانێ لەو فەزایەدا خۆی ببینێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەو حوکومەتە ئێستا لەسەر دەسەڵاتە، جارێ نیشانەکانی خێرای ڕووخانی پێوە دیار نییە. تەنانەت لە ئەگەری هەرەسهێنانی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەشدا ـ جا بە هۆی دەستێوەردانی دەستێکی دەرەکییەوە بێ یاخود سەرهەڵدانێکی کۆمەڵایەتیی لەناکاو و بەهێز کە بتوانێ جێگای پێ لێژ کا ـ ئەوسایش هێشتا ئیمکانی ئەوە بۆ کورد نییە بیهەوێ لە چوارچێوەی ئەو قەوارە سیاسیـکولتووریە کە ناوی ئێرانە، خۆی دەرباز کا و ئاڵای سەربەخۆیی سیاسی بەرزکاتەوە، بۆیە گرنگە بۆ خۆی ڕوون کاتەوە دەیەوێ چ هەڵسوکەوتێکی لەگەڵ هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران هەبێ؟
گریمانە و وەڵامی سەرەتایی ئەم خوێندنەوە بۆ شا پرسیارەکەی ئەوەیە کە کوردی ڕۆژهەڵات لە ئێستا و داهاتوویەکی نێزیکدا هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوونی بۆ چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە هەمبەر ئەگەرە
سیاسییەکانی داهاتوودا نییە چون لە بنەمادا خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی دروستی بۆ واقعی خۆی و دەروبەریی وجیهان نییە!
ئەم نووسراوە بەشی یەکەمە لە وتاری یەکەمی "بەربەستەکانی سیاسەتی کورد لە ڕۆژهەڵات" کە تایبەتە بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران(حدکا) و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان(حدک). 
ڕوانگەی زاڵ بەسەر نووسراوەکەدا ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستیی ڕەخنەگرانەیە کە بە ڕاشکاویی لێکدانەوەکانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات( بە حدکا و حدک)وە دەباتە ژێر پرسیار و پێی وایە لە ژێر سایەی ئەو جۆرە خوێندنەوانەەدا، حیزب لەداهاتوو هەر دێتوو تووشی قەیران ولاوازی زیاتر دەبێتەوە، بەڵام لەهەمانکات پێیوایە حیزبی دێموکڕات بەهۆی سامانێکی جەماوەرییەوە کە لە کۆنەوە هەیبووە و ئێستاش بەردەوامە، لەباری پێگەی کۆمەڵایەتییەوە ئەو حیزبە  هێشتایش لەکوردستاندا قسەی یەکەم دەکا، بۆیە هەر حکوومەتێکی ئێستا و داهاتووی ئێران، ئەگەر بیەوێ بە جددی ئاوڕ لە چارەسەریی کێشەی کورد بداتەوە، کەم و زۆر دەبێ گوێی بۆ ڕابێرێ و وەکوو حیزبی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  ناچار دەبێ لەگەڵی بکەوێتە دانوستاندن.

لە بەشی دووهەمی هەر ئەم وتارەدا باس لە حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ڕێکخراوەی کوردستانیی حیزبی کۆمونیستی ئێران(کۆمەڵە) و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان( پژاک) دەکرێ. 
و لە وتاری دووهەمدا، کە ئەویش خۆی دوو بەشە، نووسەر بەنیازە بچێتە سەر خوێندنەوەی کۆمەڵگا و چالاکانی مەدەنی ناوخۆی کوردستان و هەروەها ئەو بەربەستە فکریی و توێژینەوەییانەی کە مێشکی نوخبەی کوردی، بە شاعیر و نووسەر وسیاسیی و ئاکادێمیسیێنەکانیەوە، داگیر کردووە و ناهێڵی لێکدانەوەیەکی واقعیانە و هەنگاوی کردەیی گونجاویان بە نسبەت پرسی سیاسییەوە لە کوردستاندا هەبێ. 
لەم پێناوە و لە درێژەدا بۆ کرانەوەی زیاتری بابەتەکە هەوڵ دەدرێ سیاسەتی گشتی حیزب و لایەنە کوردییەکانی تری ڕۆژهەڵات و هەروەها بەشێک لە چالاکیی و هەڵوێستەکانی خەڵکی ئەم پارچە، نوخبە و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانی، وەک نموونە لە مەحەک بدرێ و خوێندنەوەی تازەیان بۆ بکرێ ، لەوێوە بەڵکوو هەنگاوێک هەڵبهێنرێ بەرەو ئەوێ کە چۆن دەکرێ کورد خۆی لە سیاسەتە کۆنەکانی هەتا ئێستای داماڵێ و بیر لە ستراتیژ و سیاسەتی تازە و کاراتر بکاتەوە.

پێشینەی مێژوویی

٤۲ساڵە بەشێک لە لایەن وئەجێندا کوردی خەون بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییەوە دەبینێ و پێی وایە ئەو ڕێژیمە لە درەنگ و زوویەکی نەک ئەوەندە درەنگدا سەربەرەوخوار دەبێتەوە و هەلێکی مێژوویی زێڕین بۆ کورد و نەتەوەکانی تر دەڕەخسێ بێ ئەوەێ چوارچێوەیەکی پڕاکتیکی ئەوتۆی هەبێ بۆ خێراییدان بەو پڕۆسەیە و هیچ ئامادە کارییەکی کۆنکرێتیشی کردبێ بۆ ڕۆژانی پاش داڕمانی دیواری دەسەڵات. ٤۲ ساڵە کورد سیاسەتی چاوەڕوانی گرتووەتە بەر و چارەنووسی خۆی داوەتە دەست قەدەر، جا سەیریشە نەک ئەوەیە ئەو قەدەرەی پێبگۆڕدرێ نەک ئەوەشە قبووڵی کا و بیەوێ لەگەڵی ڕابێ! چاوخشاندنێک بە مێژووی ڕووداو و کردەکانی ئەو ساڵانەدا پێمان دەڵێ کە ئێمە وەک کورد هەرخەرێکین خۆمان دووپات دەکەینەوە و هیچ قسە، هیچ پلانێکی تازەمان لە ئارادا نییە بەڵکوو لە هەندێک بواریشدا تووشی گەڕانەوە و پاڕادۆکس و شەفاف نەبوون لەگەڵ خۆماندا بووین. 
لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەتا سەقامگیربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەتا ئێستاش بزوتنەوەی کوردی کە باری گرانی شەڕەکەی لەسەر شانی حیزبەکان و تا ڕادەیەکیش خەڵک بووە، کۆڵەکەی سەرەکیی کە ستراتیژی ئەو بزوتنەوە لەسەری ڕاوەستاوە، شەڕی چەکداری و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بووە. لە سەرەتاوە تا دەساڵی یەکەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، هێزی پێشمەرگە ئیمکانێکی زیاتری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ حوکومەت هەبوو بەڵام پاش تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق و سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی، وردە وردە پاشەکشێی هێزی چەکدار لە لادێ و شاخەکان دەستیپێکرد، بەجێهێشتنی شارەکانیش کە پێشتر دەستی پێکردبوو، هەروا دەڕۆیی و هاوسەنگیی هێزەکان لە دژی هێزی پێشمەرگە دەشکایەوە. لە کۆتایی هەشتاکانی زایینیدا بۆمبارانی کیمیاوی هەڵەبجە، تێرۆری ڕێبەرانی سیاسی کورد و هەرەسهێنانی ئۆردووگای سۆشیالیزم لەئاستی نێونەتەوەییدا، لە باری دەروونییەوە، قورساییەکی زۆری لە سەر دڵی بزووتنەوەی کوردی دانا بە جۆرێک کە ئەو ساڵانە لە ناوەوە و دەرەوە بۆ کورد ساڵانێکی خەموکیی و دڵساردی بوو، تا سەرەتای نەوەدەکان و شەڕی یەکەمی کەنداو کە ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و هێنانە ئارای دەنگوباسی نەزمی نوێی جیهانی لە لایەن جۆرج بۆشی یەکەمەوە، بوو بە ڕۆژەڤ. 
حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان کە تا ئەو کاتە زۆر لاواز ببوون، هەلێکیان بۆ هەڵکەوت و سەرخۆکەوتنەوە. هەر ئەوە هیوایەکیشی خستەوە دڵی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەر ئەوەش، ڕەنگە بەجۆرێک، بووە خاڵی دەسپێکێکی خراپ چون نەریتێکی ژیانەوە کە لەسەر بنەمای سیاسەتی چاوەڕوانیی و چاو لەدەستی دەرەکیی بوون دامەزرابوو. هەر ئەو سیاسەت و نەریتە کە تا ڕادەیەکی زۆر دەبووە مایەی دانیشتن و پاڵدانەوە. چون لە پڕاکتیکدا پێی وابوو کە ئێمە جارێ کارێکی ئەوتۆمان نییە بۆ کردن تا دەستێک لە غەیبەوە دێ و ڕزگارمان دەکا. کەچی هەر ئەو مەجالەی بۆ باشوور هەڵکەوت، بە پێچەوانەی پێشبینییە سەرەتاییەکان لە هەنگاوی یەکەمدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەرچی زیاتر سنووردار کردەوە و ئۆردووگا نشینی کردن. شایانی ئاماژە پێدانە هەر لەو ساڵانەدا زۆرترین ڕادەی ناکۆکیی و چەند بەرەکیی و لەتبوون لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەریانهەڵدا و پەرتەوازە بوون زیاتر لەجاران پەرەی ساند.
لەلایەکی ترەوە هەرلەو ساڵانەدا کەمکەم جمووجووڵێک له ژێر پێستی کۆماری ئیسلامیدا بۆ چەشنێک گۆڕان لە ئارادا بوو. بەستێن و زەمینەی ئەو جموجووڵە، ئامادەکارییە پێشەکییەکانی دەوڵەتی سازندەگی بە ڕێبەریی هاشمی ڕەفسنجانی بوون کە تا ڕادەیەک ئیمکانی قسەکردن لە جیاوازی و فرەدەنگیی فەراهەم دەکرد. کە ئەوەش خۆی بووە بەستێن و پێشەکییەک بۆ بزووتنەوەی دووی جۆزەردانی ۱۳۷٦ واتە ۱۹۹۷ی زایینی. لایەنی زۆرینەی حیزبە کوردییەکان کاردانەوەیان بەو ڕووداوانەی ئەو ساڵانە درەنگ وەخت بوو چون لە نێو کۆمەڵگا نەبوون و نەیاندازانی چ باسە. ئەگەرچی دواتر هەندێک سیگناڵیان ئەرێنییان بۆ لێدایەوە، بەڵام زیاتر بە دڕدۆنگی و سەرسامییەوە سەیری ئەو پێشهاتانەیان دەکرد، چون خوێندنەوەیەکی ئەوتۆیان بۆ ڕووداوەکانی ئەو ساڵانە نەبوو، زیاتر وەکوو شانۆ و سێناریۆ دەیانبینی. ئەوان لەسەر ئەو خوێندنەوانە پێیانوابوو باڵەکانی ناو جەستەی دەسەڵات هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەرچەشنە چالاکییەکی مەدەنی و سیاسی لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا تەنیا دەیتوانێ تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژتر کاتەوە، بۆیە سەرەتا بەرنامەشیان نەبوو بۆ کەڵکوەرگرتن لەو هەلانەی ڕۆژانە دەهاتنە پێشەوە. 
بەڵام لە ڕاستیدا ناکۆکیی نێوان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز، شەڕی دەسەڵات و شەڕی نێوان دوو فکریش بوو. فکرێک کە بەهیچ شێوە ملی نەدەدا و پێیوابوو بە زەبر و زەنگ و سیاسەتی مشتی ئاسنی دەبێ سەقام و ئەمنیەت مسۆگەر کا، فکرێکیش کە پێیوابوو بۆ پاراستنی خودی سیستەمی سیاسیش بووە دەبێ تا ڕادەیەک فەزاکە بکرێتەوە و جۆرە دێموکراسییەکی ئیسلامی و کۆنترۆڵکراو مەیدانی پێبدرێ. هێزە سێکۆلار و پێشڕەوەکانیش لەو نێوەندەدا بە شوێن ئەوەوە بوون مەجالێک بۆ هەناسەکێشان و ئەکتیڤ بوونەوەی کۆمەڵگای مەدەنی ببیننەوە. بەڵام هەرچی زەمان دەگوزەرا باڵی پاوانخواز هێژموونیی زیاتر دەبووەوە و زاڵ دەبۆوە بە سەر لایەنەکانی تردا. سەرەتا هێزە چەپ و سێکۆلارەکان بایکۆت بوون، دواتر ڕێفۆرمخواز و ئیسڵاحتەڵەبەکان لە مەیدان بەدەرکران، تا هەروا هات و بازنەی خودیی و ناخودییەکان بەرتەسکتر و پڕۆسەی ڕێفۆرمێک کە تازە سەرپێکەوتبوو، تەواو گەیشتە بنبەست. هەر لەو ساڵانەدا بوو کە ئەمریکا بە ڕێبەرایەتی جۆرج بووشی دووهەم هێرشی دووهەمی کردە سەر عێراق و سەدام حسێنی بە تەواوی لە دەسەڵات وەلانا.
بە لابردنی سەدام حسەین لە دەسەڵات ئەو فکرەیە بەهێزتر بووەوە کە بۆگۆڕان لە ئێراندا خەڵک دەبێ چاوەڕێی دەستی دەرەکی بن. فکرەیەک کە لە شەڕێ یەکەمی کەنداو لەساڵی ۱۹۹۱ەوە ئیستارتەکەی لێدرابوو، ئینجا زیاتر پەرەی دەساند و و زۆر کەس بیریان لەوە دەکردەوە کە ئەمجار بە زوویی نوبەی هێرشکردن بۆ سەر ئێرانە. 
ڕاستی خودی هەڵایسانی شەڕی کەنداو لە سەرچی بوو و هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا، ئەوکات ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورە و گرانەیان لەبەر چی سازکرد؟

ئەوا سی ساڵ بەسەر شەڕی کەنداو لەدژی عێڕاق تێدەپەڕێ، دەکرێ بپرسین کاردانەوەی ئەو شەڕە تا ئێستا، لەسەر فکر و مێشکی سیاسیی کورد چ بووە؟ ئایا ئەو دیاردەیە جۆرێک دڵنیایی و کەمتەر خەمیی ساز نەکرد؟ وەک بڵێی لەوەدوا ڕەوتەکە بەئارەزوو، خۆی خەریکە دەچێتە پێش و چیتر نیاز بە هیچ ڕێکخستنێک نییە؟ وادەردەکەوێ ئەم ڕوانگەیە، بەتایبەت لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەتا ئێستایش، خۆی بەسەر چوارچێوەی فکریی بەشی زۆری سیاسیی و نوخبەی کوردی لە ئێراندا داسەپاندبێ بەجۆرێک کە کەمتر بیر لە مەجالەکانی تری خۆڕێکخستن لەناوەوە کراوەتەوە. بەڵام هێرشی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی سەدام هاوکات بوو لەگەڵ خولی دووهەمی سەروککۆماری موحەمەد خاتەمی و بە بنبەست گەیشتنی هەرچی زیاتری ڕەوتی ئیسڵاحات لە ئێراندا. هەربۆیە دڵساردی و نائومێدی بۆ گۆڕان لەناوەوە، زیاتر لەوەش پەرەی ساند و هیوابەستن بە دەرەوە پتر گەشەی دەکرد. لە هەڵبژاردنی سەرەککۆماری ساڵی ۱۳۸٤ی هەتاویدا خەڵکی کوردستان بایکۆتێکی بەهێز و بێ وێنەیان کرد,بەڵام لەواقعدا، بەدەسەڵات گەیشتنی مەحموود ئەحمەدینژاد لەو هەڵبژڵرنەدا دۆخەکەی بۆ جودابیران بەرەو خرابتربوونیش برد، ڕێژەی دەسبەسەرکردن و لە سێدارەدان ڕووی لە زیادبوون کرد و فەزای سیاسی ئێران بۆ کورد ئەوەندەی تریش بەرسنوور و بەرتەسکتر بووەوە. ڕەنگە هەر ئەوە بەجۆرێک بووەوە هۆکار کە بەشی بەرچاوی چالاکیی کوردی ناوخۆ ـ و تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی کوردی دەرەوەی وڵاتـ بۆماوەیەک ڕوویان هەڵگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی ناوخۆی وڵات. لە هەڵبژاردنەکانی سەرەککۆماری ساڵی ۱۳۸۸دا، خەڵک بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویانکردەوە سندووقەکانی دەنگدان تا بەڵکوو بەری دەنگهێنانەوەی دووبارەی ئەحمەدینژاد بگیردرێ بەڵام ئەنجامی هەڵبژادنەکان ئەوە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا و خەڵک دەیویست. مەحموود ئەحمەدینژاد جارێکی تر هاتەوە سەر کورسی دەسەڵات. دیسانەوە خەڵک دڵسارد و بێ هیوا بوونەوە و ئەو زەینییەتە سەریهەڵداوە کە هیچ مەجالێک بۆ بەشداریکردنی سیاسی لەناوخۆدا بوونی نییە. لەپاڵ ئەوەدا بەهۆی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکییەوە، هەر لەو ساڵانە ئابڵووقەکان بۆ سەر ئێران، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکاوە بە ڕێبەرایەتی "باراک ئۆباما" توندتر بوونەوە و جارێکی تر ئەگەری هەڵایسانی شەڕ و ڕووخانی حکوومەت ڕووی لە زیادبوون کرد. تا هاتنە سەرکاری حەسەن ڕووحانی لەساڵی ۱۳۹۲دا و دامرکانی کاتی ئاگرەکە. لەو هەڵبژاردنەشدا بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان وەکوو زۆرینەی خەڵکی ئێران بەشدارییان کرد چون ترس لە شەڕ و فشاری گرانی و بێ دەرەتانی برستی لێبڕیبوون. من پێموایە ئەو سالانە خەڵک لە دژواری دۆخەکەدا سەڕسام بوون و گیریان کردبوو بۆیە وەک دەڵێن: تاوێک لەتاو دووپشک پاڵیان بە ئاگرەوە دەدا و تاوێک لەتاوی ئاگر دەهاتنەوە پاڵ بە دووپشکەوە بدەن.
پاش بەدەسەڵات گەیشتنی حەسەن ڕووحانی لە ساڵی دوهەزار سیانزەدا جارێکی تر هەوڵدرا تاڕادەیەک ناکۆکییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە کەمتر کرێنەەوە، سەرەتا کەمێکیش فەزای سیاسی لەناوەوە هێورتر بۆوە، هەروەها هەندێ چاکسازیش لە بواری ئابووریدا ئەنجام بوون بەڵام لەلایەکی ترەوە هێزە توندڕەوەکان کاری خۆیان دەکرد و دۆخەکەش لە بنەڕەتدا خرابتر لەوە بوو، بەو ڕێفۆرمە ڕووکەشییانە ئاڵوگۆڕێکی جددی بە ئەنجام بگا. هەتا بەدەسەڵات گەیشتنی دۆناڵد ترامپ کاندیدای نائاسایی کۆماریخوازان کە هاتوو لەژێر هەموو ڕێکەوتنێکی دا و سەرسەختترین بایکۆت و ئابڵووقەکانی خستە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتی ئابووری ئێرانی بەتەواوی لە زەوی دا. جارێکیتر نیگاکان ڕوویان لە دەرەوە کرد و دیسانەوە فکرەی چاوەڕوانی لە دەستی دەرەکی ئەمجار بە هیزتر لە جارانی پێش، سەریهەڵدایەوە. لە ڕوانگەی زۆرکەسەوە ئەگەری پێکدادانی شەڕی ئەمریکا و ئێران، لەو ڕۆ و سبەیدا بوو، تەنانەت هەندێک لە کاربەدەستانی باڵای سیاسەتی ئەمریکا وەک جان بۆڵتۆن ڕایانگەیاند کە کۆماری ئێسلامی، چل ساڵەی جێژنی سەرکەوتنی بە خۆوە نابینێ. بەڵام دۆنالد ترامپ وەک هیچکەس نەبوو، ئەو تەنیا وەک خۆی دەچوو، خۆیشی سەرەککۆمارێکی سەیر و هەمیشە چاوەڕواننەکراو بوو. دەیگوت دەوڵەتەکەی نایەوێ حوکومەتی ئێران بڕووخێنێ بەس دەیەوێ گۆڕان بە سەر کرداریدا بهێنێ. ئەگەرچی ئامانجی بەرچاوی فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەوە بوو کارێک بکا ناڕەزایی خەڵکی ئێران لە دژی حوکومەت زیاتر پەرە بستێنێ. ئەو سیاسەتە تا ڕادەیەک کارساز بوو و لە مانگی بەفرانباری ساڵی دوهەزار و هەژدە و خەزەڵوەری ساڵی دووهەزاروو نۆزدەدا ناڕەزاییەکان گەیشتنە لووتکە بەڵام سەرکوت کران، لەوە زیاتر پەرەیان نەساند و حوکومەت توانیی کۆنتڕۆڵیان کا.

 لە یەکساڵی دوایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپدا، ئەمریکا ئەوەی لە دەستی هات، بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی کردی بەڵام بەو ئەنجامە نەگەیشت کە ترامپ دەیویست. نه خەڵکی ئێران بە تەواوی هەستان، نە حوکوومەتی ئێران ڕووخا و نە هاتیشە سەر مێزی دانووستاندن و ملدان بە داخوازەکانی ئەمریکا، بەڵکوو بەخت هات بە هانایەوە و بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە زەمان ڕابرد و ترامپ لەدەسەڵات لاچوو و مەجالێکی تر بۆ حوکوومەتی ئێران ڕەخسا تا هەناسەیک بدا تا بزانێ دواتر چی بکا؟
 ئێستاکە ترامپ لەدەسەڵاتدا نەماوە و جۆ بایدن ڕێبەرایەتی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان دەکا. ئەو پێشتر وتبووی ئەگەر ببێتە سەرەککۆمار دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتننامە ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. ئێستا ئیتر سرتەی سیگناڵ و پەیامە ئاشکرا و نهێنییەکان بۆ ڕێکەوتن، بەجوانیی دێنە گوێ و دەبیندرێن. ئەگەرچی هەڵومەرجی سیاسی نێوان ئەمریکا و ئێران لە چاو ساڵانی پێش بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپدا گۆڕاوە و مەرج نییە مەرجەکان هەر ئەوانە بن کە ئەو دوو وڵاتە ئەو کات بۆ یەکیان دادەنا، کە ئەوەش کێشەکەی نێوانیان ئاڵۆزتر دەکاتەوە بەڵام حاشا لەوەش ناکرێ کە جارێکە بۆ ماوەیەکی نادیار حکوومەتی ئێران لەو دۆخە قەیراناوییە تێپەڕیوە و پێی ناوەتە قۆناغێکی ئاسانتر. کەچی هێشتا هێندێک کەس و لایەن هەنە، لە لێکدانەوەی ئەو بارودۆخەدا پێیانوایە، زووە جارێ قسە لە بەسەرچوونی سەردەمی ترامپ و ترامپیسم بکەین. ئەو وتەیە لەخۆیدا دەتوانێ ڕاست بێ بەو مانایە کە لەوانەیە لە خولێکی تری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، دۆناڵد ترامپ یا کەسێکی وەک ئەو دیسان بتوانێ دەنگ بێنێتەوە و دیسانەوە بێەوێ فشار و گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیادتر کا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە فکرەی ترامپ و ترامپیسم پێگەیەکی جەماوەری گەورەی لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا هەیە، بەڵام واتایەکی جێی تێڕامانی ئەو ڕوانگەیە ئەوەیە بیهەوێ پێمان بڵێ با سەبووری بکەین تا یەکدوو خولی تریش تاکوو بایدێن و دێموکڕاتەکانیش لەدەسەڵات لاچن بەڵکوو ترامپێکی تر بێتەوە سەر کورسیی دەسەڵات، بزانین چ دەکا کە ئەوە دەتوانێ یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکانی ستراتیژیی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات بێ چون هیوا و فۆکووسی سەرەکیی خۆی لەسەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستی دەرەکی دادەنێ، هەر بەو بۆنەشەوە "زەینییەتی دەستەوەستانی و چاوەڕوانی" بە سەر ئەو فکرەدا زاڵە. کێشەی جددی ئەو فکرەیە لەوەدایە کە بەدەیان ساڵە نەیتوانیوە هێشتا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەکوو دیاردەیەک کە بوونێکی واقع و درێژخایەنی هەیە، قبووڵ کا و بۆیەش تا ئێستا هیچ فکرێکی جددیی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو واقعە و چۆنیەتی چالاکیی و هەڵسووکەوت لە بەرامبەر ئەو واقعەدا نەکردۆتەوە!
چاوخشاندنێک بە سەر هەندێک هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمبارەوە، هەندێ خاڵی جێی سەرنجمان بۆ ڕوون دەکەنەوە و نیشانمان دەدەن هێشتاش سەرەکیترین ستراتیژی ئەوان، چاوەڕوانی بۆ ڕووخانی حوکوومەتە بۆیە لە دەرەوەی ئەو ئاواتە، بەرنامەیەکی کارای ئەوتۆیان نییە. وەک بڵێی بە لاچوون و جێگۆڕکێی ئەو دەسەڵاتە بە دەسەڵاتێکی دیکە بەشی زۆری کێشەکانی کورد لەئێران چارەسەر دەبن!

حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران(حدکا)

مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەیەکدا لە گەڵ تەلەفزوێنی تیشک (۱) سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی پاش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئەمریکا دەڵێ:
"گەڵانی ئێران نابێ بیر لەوە بکەنەوە کە کێ لە ئەمریکا بێتە سەرکار باشترە بەڵکوو دەبێ بیر لەوە بکەنەوە چۆن ئەو ڕێژیمە لابەرن چون بە مانەوەی ئەو ڕێژیمە هەرکەسێک لەئێران بێتە سەرکار، وەزعەکە گۆڕانێکی وا ناکات". 
سەبارەت بە گەمارۆکانیش لەسەر ئێران پێیوایە:
" بە گەمارۆکانی ئەمریکا، گیروگرفتێک هاتووەتە پێش کە لە ئاستی خۆیدا تەئسیری لەسەر وەزعییەتی ژیانی خەڵک داناوە بەڵام ئەوە شوێندانەرییەکەی زۆر کەمە. ئەوەی کە کاریگەری سەرەکیی داناوە ئەو وەزعییەتەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوە بردنی وڵاتدا و ... پێکی هێناوە".
لەمجۆرە لێدوانانەدا کە لە زۆر هەڵوێست و دیمانەی فەرمی تردا هەمیشە دووپات دەبنەوە، بە ئاشکرا دەردەکەوێ داڵغە و فۆکووسی سەرەکیی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات لەسەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە. وادیارە باوەڕ یا هیوایەک هەیە کە بە لابردنی ئەو حکوومەتە، زۆربەی هەرەزۆری کێشەوگرفتەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان چارەسەر دەبن.

 ئەم خوێندنەوە لەخۆیدا خوێندنەوەیەکی جێی تێرامان و ڕەخنەیە. حاشا لەوە ناکرێ بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆی ئەو دۆخە کە ئێستا بۆ ئێران هاتووەتە پێش حکوومەت وسیاسەتەکانی حکوومەتە بەڵام جیاواز لەوەیکە حکوومەت تەنیا فاکتەری کاریگەر لەسەر بارودۆخی کۆمەڵگا نییە وفاکتەرەکانی تر لەجێی خۆیاندا دەتوانن گرنگتر بن، گرنگە بزانین ئێمە بە شێوەیەکی مێژوویی لەگەڵ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیـ سیاسیـ کولتووریدا، بەناوی ئێران، بەرەوڕووین کە بەو پێکهاتەیەوە، لەهەر چوارچێوەیەکی سیاسی تریشدا لە داهاتوو، دۆخەکە بۆ ئێمە دەتوانێ هەر بەو شێوەیە یا خرابتر لەوەش درێژەی هەبێ.
ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو هیوایە تا ئێستا هیوایەکی پووچ بووە کە کورد دڵخۆش بێ ئەو حکوومەتە و لەوەش گرنگتر ئەو پێکهاتەیە بگوڕدرێ بە ئامانجی ئەوە کە لە داهاتوودا پرسەکەی چارەسەربێ یا دۆخێکی باشتری بۆ بەرهەم بهێنرێ. لە چل و دوو ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی کورد بەو هیوایەوە ژیاوە بۆیە قەت نەیتوانیوە واقعی بوون و مانەوەی ئەو حکوومەتە و لەوەش گرنگتر ئەو پێکهاتەیە، قبووڵ کا. لەو ڕوانگەیەوە مەترسی ئەوە هەیە بۆ ساڵانێکی نادیاری تریش بیهەوێ بەو ئارەزووە سەرخۆش بێ و نەتوانێ خۆی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕاستیی و ئەگەرەکانی تر ئامادە کا.
 ئاشکرایە، ئەوەی کورد لەدەستی دێ، گۆڕینی ئەو دۆخە نییە بەڵکوو گۆڕینی ئەو ڕوانگەی هەتا ئێستای خۆیەتی، تا بزانێ لەسەر عەرزی واقع، بەشێوەیەکی کردەیی چیی لەدەست دێ و دەبێ چی بکا کەمێک وەزعی باشتر ببێ؟ تەنیا بەو شێوەیە دەتوانێ هەمیشە لە مەیداندا بێ تا بتوانێ بوونی هەمیشەیی خۆی بسەڵمێنێ.
ئارگیۆمێنتی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە خۆخەریککردن و بە ئەولەویەت کردنی شتێک، وەک ڕووخانی حکوومەت، کە لە ئەساسدا لە کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نییە، دەتوانێ جۆرێک کەمتەرخەمی یا سەرخۆشیی ئێستا و بێ هیوایی لە داهاتوو بەشوێن خۆیدا بێنێ. 
ئاوڕدانەوەیەک لە "کامۆ" (۲) لێرەدا لەوانەیە تا ڕادەیەک بتوانێ یارمەتیدەری باسەکەمان بێ . ئالبێرکامۆ، ڕەخنەگر و نووسەری فەڕانسی، بەگشتی لەگەڵ هیوا و ئارەزوو، نێوانی زۆرخۆش نەبوو. ئەو پێیوابوو، بێهوودەیە لەخۆوە لەخەیاڵی داهاتوویەکی تاهەتایی گەشدا بین، چون ـ کامۆ بەگشتی بۆ ژیان دەیگوت ـ بڕیار نییە لەداهاتودا هیچ شتێک زۆر چاک ببێ. کەواتە دەبێ دۆخەکە وەکوو خۆی ببینین و بزانین چ ئامێر و ئیمکاناتێکمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو واقعەدا بە دەستەوەیە؟ لێرەش کاتێک گۆڕانی حکوومەت بۆ بزووتنەوەیەک، وەک ڕێباز، دەبێتە ئەولەویەت، ئەوجار کەمتر بیر لە هاوکێشە و ئەگەرەکانی تر بۆ چالاکی سیاسی دەکرێتەوە و کەمتریش ئامادەکاری دەکرێ بۆ خۆگونجاندن و کەڵکوەرگرتن لەو هەلانەی کە لە بارودۆخە جۆراوجۆرەکاندا دێنە پێشەوە. بۆیە ئەگەر بڕیار بێ گۆڕانێکیش لە داهاتوودا سەربگرێ، مەرج نییە هەلومەرج حەتمەن لە بەرژەوەندی نەتەوەدا بشکێتەوە، چونکە بۆ ڕۆیشتن بەدەم ڕەوتی ڕووداوەکانەوە، وەکوو پێویست ئامادەکاری نەکراوە.
 لێرەدا گرنگی ڕۆڵی ڕێکخستن ئێجگار بەرچاوە. وەک "هانتینگتۆن" (۳) دەڵێ: لەو جیهانەی هەردەم لەگۆڕاندایە، 

کەسانێک بەسەر داهاتوودا سوارن، کە لەهەرحاڵدا ڕێکخستنیان بە سیاسەتی خۆیان داوە!
هەر وەها دەتوانین بڵێین، گەمارۆکانی سەر ئێران شوێندانەرییان زۆر زیاتر لەوەیە کە لەو دیمانەدا ئاماژەی پێدەدرێ. لە چەند ساڵی رابردوودا جگە لەوەی کە برسێتی و بێکاری برستی لە خەڵک و کۆمەڵگا بڕیوە، کۆمەڵگای مەدەنیشی ئەوەندەی تر خستۆتە پەراوێز وبێهێز و بێدەنگی کردووە، بەجۆرێک کە ئەگەر مەجالێکیش لەداهاتوویەکی نزیکدا بڕەخسێ، ئەستەمە بۆ ئەو کۆمەڵگایە تا بە ئاسانی، لە ماوەیەکی کەمدا سەرخۆ کەوێتەوە و بێەوێ ڕۆڵی گرنگ بگێڕێ.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە کامیەک لەو بەربژێرانەی ئەمریکا دەتوانێ بە قازانجی کورد لە ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێ؟ دەڵێ: "ئەمن دەڵێم، چ بایدن یا ترامپ بە قازانجی خەڵکی ئەمریکا کار دەکەن. کەس نایەت بۆ کورد شەڕ بکا بەڵام کورد بۆ خۆی دەتوانێ سیاسەتێک بگرێتە پێش کە سەرنجی ئەمریکا یا وڵاتانی دیکە بۆلای خۆی ڕابکێشێ و بتوانێ لە گەمەکاندا هێز بێ. هێز بە مانای یەکگرتوویی. ستراتیژییەکی یەکگرتوویان هەبێ بۆ وڵاتەکەیان کە بەداخەوە ئێمە ئەوە لە نێو کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستاندا نابینین. و ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، دەنا سەردەمێکە بە هۆی جۆراوجۆرەوە کە یەکیان شەڕی کورد لە دژی داعشە، کورد لە دنیادا ناسراوە. بەڵام کورد ئەوەندە بەربڵاوە، ئەوەندە سیاسەتی دژبەیەکیان هەیە کە ناتوانن ببن بەو هێزە شوێندانەرەی کە زلهێزەکان چاویان لێبێ و حسابی تایبەتیان بۆ بکەن".

لە لێکدانەوەی ئەو وتانەدا، یەکەم شت، ئەوەیە کە نیگاکان بەرەو دەستی زلهێزەکانە. جیاواز لەوەی ئەو شێوە بۆچوونانە دەتوانن لە خۆیاندا هەڵگری جۆرێک دژوازی و پاڕادوکس بن، ئەوەش بەڕاستی جێی گومانە کە کوردی ڕۆژهەڵات، ئێستاکە بتوانێ سیاسەتێک بگرێتە پێش کە سەرنجی ئەمریکا و وڵاتانی دی بۆلای خۆی ڕابکێشێ، وا کە دەگوترێ، لە گەمەکاندا ببێ بە هێز؟ بەتایبەت کاتێک دەڵێ هێز بە مانای یەکگرتوویی و قسە لە ستراتیژیی یەکگرتوو و کوردستانی چوارپارچە دەکرێ! لێرەدا جێی پرسیارە کە بەڕاستی خودی حدکا تا ئێستا لەو بارەوە چ بەرنامەیەکی هەبووە و چەندە هەنگاوی جددی بۆ یەکگرتوویی و هاودەنگیی هەموو حیزبەکانی، نەک چوارپارچە بەڵکوو تەنیا ئەم پارچەیە، هەڵگرتووە؟
 بۆیە باشترە کورد جارێ ئەوە لە ئەولەویەتی خۆی لابا کە بیهەوێ سەرنجی زلهێزەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ، لەجێی هەوڵ بدا بچەسپێ بە قایمکردن و داڕشتنەوەی بنچینەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کاری بەکۆمەڵ لەناو خۆیدا تا ئەگەر هەلێکی لە داهاتوودا بۆ هەڵکەوت، بتوانێ باشتر کەڵکی لێبگرێ. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە زلهێزەکان و وڵاتانی ڕۆژاوایش کوردیان زیاتر وەک سەرباز و هێزی پیادە دەوێ تا وەک هاوپەیمان. نموونەی مێژووییمان لەو بارەوە زۆرە و پێویست بە پاتەکردنەوەیان ناکا.
له درێژەی هەر ئەو دیمانەدا، ڕێبەری حدکا دەڵێ: 
"زۆر خەڵکی دنیا هەیە زۆریش برسین بەڵام شۆڕش ناکەن. بە بۆچوونی من یەکێک لە مەرجەکانی شۆڕش لەنێو ئێراندا، کە شۆڕشێکی بەربڵاو و یەکگرتووانە بچێتە پێش کە بتوانێ 

حکوومەت بڕووخێنێ، وەختێکە ئاڵترناتیڤێک بە سیاسەتێکی ڕوون و دیاریکراو حوزووری هەبێ و خەڵک ئەوە وەک پشتیوانی خۆی و هیوای دواڕۆژی خۆی ببینێ".
 هەروەها لەو بارەوە دەڵێ:
 "من پێموانییە خەڵک دەبێ چاوەڕوان بن بەڵکوو خەڵک دەبێ ئیقدام بکا، خەڵک ئاڵترناتیڤ ساز کا، چاو نەبڕنە دەرەوە کە فڵان ڕێکخراو هەیە، من نامهەوێ لێرەدا نووسخەیەک بپێچمەوە. من پێموایە ئەگەر خەڵکی ئێران بگەنە ئەو قەناعەتە کە لێبڕاو بن، کە ئەو حکوومەتە نابێ بمێنێ، نەک هەر بەقسە، بەرنامەش بۆ ئەو کارە دانێن... ئەگەر ئاڵترناتیڤێکی وا ساز بێ، دەبێ ویست و داخوازی هەموو نەتەوەکان تێیدا ڕەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی کە ئەو نەتەوانەش هەموو هاودەنگ تێبکۆشن لەگەڵ خەڵکی ئێران، ئەو ڕێژیمە بڕووخێنن. بۆ ئەوەش پێویست بە بەرنامەی ڕوون هەیە کە خەڵک بزانن پاش ڕووخانی ئەو ڕێژیمە خەڵک لەگەڵ چ حکوومەتێک ڕووبەڕووە"؟
جێی تێڕامانە ڕێبەری حیزبی دێموکڕات ئەوەندە پێداگریی و ئەولەویەتی لەسەر ڕووخانی ڕێژیم هەیە کە لە هەموو شوێنێکدا بپەرژێ ئاوڕێکی لێبداتەوە؟ ئەو هەموو پێداگرییە چ مانایەکی هەیە جگە لەوەیکە حیزب هیچ بەرنامە و ئەولەویەتیکی تری بۆ کاری سیاسی نییە! دەنا بۆ دەبێ وزە و توانا و هەموو فکر و زکری کۆنترین حیزبی کوردی، لە جێی هەموو شتەکانی تر، ئەوەندە بە مەسەلەی ڕووخانەوە خەرێک بێ؟ یا دەگوترێ "یەکێک لە مەرجەکانی شۆڕش بوونی ئاڵترناتیڤە". لێرەشدا پاڕادۆکسێکی جددی بەدیدەکرێ چون لەلایەکەوە دەگوترێ ئاڵترناتیڤێک هەبێ کە ببێتە پشتیوان و هیوای دواڕۆژی خەڵک. لەلایەکی ترەوە پێیوایە خەڵک خۆی دەبێ ئاڵترناتیڤ سازکا، بەرنامەی هەبێ و چاوەڕوانی دەرەوە نەبن . دیارنییە لەو وتانەدا بەڕاستی کێ دەبێ ڕۆڵی ڕێبەرایەتی ببینێ؟ حیزب یا خەڵک؟ بەتایبەت کاتێک لێپرسراوی حیزب دەڵێ، من نامەوێ بۆ خەڵک نوسخە بپێچمەوە! ئەوەش هیچ  واتایەک ناگەیەنێ؟ جگە لە خوێندنەوەیەکی ناواقع لە ڕێکخستن و کاری سیاسییانە، جگە لەوەی کە لە ستراتیژی حێزبدا بەگشتی جۆرێک سیاسەتی چاوەڕوانی، جۆرێک دەستەوەستانی (ئیستیسال) و بێ بەرنامەیی دەبیندرێ؟! جێی خۆیەتی لێرەدا لە ڕێبەرایەتی حدکا  بپرسرێ، ئێستا ئەگەر خەڵکی ئێران نەیەوێ بە تێکڕا لێبڕاو بێ و نەیهەوێ هەستێ بەوەی ئەو حکوومەتە بڕووخێنێ، چار چییە؟ ئەو ئاڵترناتیڤە بە هاودەنگی هەموو لایەنە جۆراوجۆر و دوور لەیەکەکانی ناو ئێران چۆن ساز دەبێ کە ویست و داخوازی هەموو نەتەوەکانی ئێرانی تێیدا بگونجێندرێ؟ بەڵام ئەمانە تەنیاجۆرێک خەیاڵ و وەک جۆرێک گەڕان لەناو بازنەی بەتاڵدایە، کاتێک هەرئێستا دەبینین تەنانەت لەنێوان خودی هێزە کوردییەکانیشدا، پێکهاتن لەسەر پلاتفۆرمێکی هاوبەش، ئەستەم و بگرە مەحاڵە!

لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە بەشی کۆتایی دیمانەکەدا دەڵێ:
 "دوا قسەم ئەوەیە کە هیوادارم حکوومەتێکی ئاوا لە ئێراندا پێک بێ، کە دیارە ئەوەش هەر بە تێکۆشانی هەموو خەڵکی ئێران و نەتەوەکان دەبێ، بەڵام بۆ ئەوەش مەرجی پێوست ئەوەیە کە لە ئێراندا هیچ گرووپێک، هیچ نەتەوەیەک بیر نەکاتەوە کە سیاسەتەکانی پێشوو بە کار بێنێ".  
لە وەڵامی ئەوەی کە ئێوە چ داهاتوویەک بۆ ئێران بە ئاوات دەخوازن، دەڵێ:
 "ئەو بەرژەوەندییەی کە بۆ ئێرانی داهاتوو دەیبینم ئەوەیە کە حکوومەتێک لە ئێراندا بێتە سەرکار کە ئەو کەموکووڕییانەی کە ڕێژیمی پاشایەتیی و کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران و نەتەوەکان بوویەتی، ئەو سیاسەتە وەلا بنێ. هەر نەتەوەیەک بیربکاتەوە کە ئەو وەکوو نەتەوەیەک بە پێناسەی خۆی بە ڕەسمی دەناسرێ و مافی بەڕەسمی دەناسرێ لە یاسا و لە حکوومەتی داهاتووی ئێراندا. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناوی ئێرانێکی ئاوادا کار دەکەین. بە کورتی سیاسەتەکەمان پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکڕاتیکی فێدراڵە. فێدرال بە مانای ئەوەیکە لەچوارچێوەی ئێراندا ئێمەی کورد و باقی نەتەوەکان، وەکوو نەتەوەیەک مافی سیاسی خۆمان هەبێ".
  و لە ئەنجامدا دووپاتی دەکاتەوە:  " ئەمریکا لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا وەکوو سیاسەتێکی ستراتیژیک بە شوێن قازانجی خۆیەتی، لەم پێناوەدا پێویستی بە هاوپەیمان هەیە. پێویستی بە هاوکار هەیە. کورد دەتوانێ یەکێک لەو هاوکارانە بێت نموونەی پ ی د کە لە لیستی تێرۆردا بوو بەڵام چون لەوێدا یەکگرتوو بوون و هێز بوون ئەمریکا حسێبی بۆ کردن". 
ئێستا لێرەدا پرسیار ئەەیە کە لەم شێوە تێروانینەوە وەکوو سیاسەت و بەرنامە چی دێتە دەرەوه جگە لە هێندێک هەڵوێست و هیوا و ئارەزوو؟ ئەویش ئارەزووگەلێک کە لەئێستاوە دیارە وەدیهاتنیان مەحاڵە. هاودەنگیی و تێکۆشانی هەموو نەتەوەکان و خەڵکی ئێران پێکەوە، چۆن سەربگرێ و کێ بڕیاڕە ڕێکیبخا دیار نییە. بەتایبەت ئەگەر مەرجی پێویست ئەوە بێ کەس بیر لەوە نەکاتەوە سیاسەتەکانی پێشووی بەکار بێنێ! ئەم ڕوانگەیە لە بنەمادا ڕوانگەیەکی پڕاتیکی نییە چون هەمووکەس دەزانێ لەکاتی وادا، ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هێز و توانایە نەک قسە و ئارەزوو و بەڵێنی. هەر حکوومەتێکیش لەداهاتوودا بێتە سەرکار ئەو سیاسەتانەی ڕابردوو وەلا نانێ مەگەر ئەوەی دەسەڵاتی لە دەسەڵاتی کورد کەمتر بێ. ئەوەی دەبیندرێ هەرئێستا زۆربەی هێزە سیاسییە ئێرانییەکانی دەرەوەی ئێرانیش تەنانەت لەسەر ڕووخانی حکوومەت و داننان بە مافی کورددا، کۆک نین. بۆیە جێی هەیە حیزب لەخوی بپرسێ چ ئامێر و میکانیزمێکی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ داخوازی ئێرانێکی دێمۆکڕاتیکی فێدرال بچەسپێنێ؟ 
گومان لەوەدا نییە هەر ئێستا و لە داهاتوودا زۆربەی هەرەزۆری هێزە سێکۆلار و دێمۆکڕاتە غەیرەکوردییەکان لە بەرامبەر پڕۆژەی فیدرالیزمدا دەوەستنەوە کەوابوو کورد یا دەبێ ئەوەندە توانای هەبێ کە ئەو داخوازە بەسەریاندا بسەپێنێ یا وازی لێبهێنێ، یا لانیکەم بێدەنگەی لێبکا و ئاراستەی چالاکیی و بەرنامەکانی خۆی بە ڕێبازێکی تردا بگۆڕێ، ئەگەر دەیەوێ لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان هاوکاریی و تەعامولی هەبێ!
و ئەمما گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی کورد لە ئێران ئەوەیە کە بیەوێ چاوی لە دەستی ئەمریکا یا هەر وڵاتێکی تر بێ. چون ئەوە لە پلەی یەکەمدا سەرنجی کورد لە چێکردنی بنەما زەروورییەکان کاری سیاسیەوە، بۆ شتانی تر دەگۆڕێ و ناهێڵێ کورد زۆر بیر لەوە بکاتەوە کە خۆی چۆن دەتوانێ خۆی ڕزگار کا. جگە لەوە کوردی ڕۆژهەڵات، وەک پێشتریش وترا، ناتوانێ بۆ ئەوان ئەو هاوکار و هاوپەیمانە ستراتیژیکە بێ بۆیە ئەوان ئەگەریش ڕۆژێک نیازیان بە هاوکاریی کورد لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا هەبێ، کوردیان تەنیا بۆ ماوەیەک وەک سەرباز دەوێ. بەتایبەت کە لێرە نە ئەوەندە یەکگرتووە و نە ئەوەندەش هێزی هەیە کە بتوانێ سەرنجی ئەوان بەرەولای خۆی ڕاکێشێ. بەرنامەی ڕۆژاوا و ئەمریکاش مەرج نییە هەمان بەرنامەی عێراق و سووریا بێ بۆ داهاتووی ئێران. ئەوکات کورد لە عێراق دوو حێزبی سەرەکی هەبوو و هێشتا زۆر پڕش و بڵاو نەبوون، ئەگەر توانیی تاڕادەیەک خۆی وەک هاوپەیمانێکی چڵ و نیوەچڵ بە زلهێزەکان بناسێنێ. لەولاشەوە ئەمریکا لە ناو بەرەی هێزە عێڕاقیی و سوورییەکانی دژی سەدام و ئەسەددا هاوپەیمانی ئەوتۆی نەبوو. نموونەی "پ ی د" یش، نموونەیەکی تەواو جیاوازە. 

ئەوان کاتێک توانییان سەرنجی وڵاتان دیکە بەرەولای خۆیان ڕاکێشن کە ئەوەندەیان دەسەڵات و ڕێکخستن و ئیرادە هەبوو، توانییان هەموو دەسەڵات یەککاسە کەنەوە و یەک تابلۆ لەخۆیان بخەنە بەر چاوی جیهانیان.

ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی ۱٦ی حدکا 

چاوخشاندنێک بە سەر ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ـکۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتـ ، شێوەنیگا و جۆری لێکدانەوەکانی ئەو حیزبەمان لە بارەی ئێراندا باشتر بۆ دەردەخا. لەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە هەڵوێستی حیزب و ڕێکخراوە ئێرانییەکان، لەمەڕ ڕاسان و خەباتی چەکداری، لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە دەگوترێ:
 " ئەم ڕەوتانە کاتێک خەبەری چالاکی و خەباتێکی جیددی لەلایەن هێزەکانی بەرهەڵستکار بەتایبەت نەتەوەکانی ئێرانی و لەنێو ئەوانیشدا، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کورد دەبیستن، بەرهەڵستی دەبنەوە و نیشانەی پرسیاری دەخەنە سەر و .... 
لە پێوەندی لەگەڵ ڕاسانی خۆرهەڵات، هەموو ڕەوتەکانی ئۆپوزسیۆن، بە چەپ و ڕاستەوە( بێجگە لە موجاهیدینی خەڵک) بە دژی وەستانەوە. هەر لەو پێوەندییەدا "حیزبی بزووتنەوەی خەڵکی ئازەربایجان" کە ... و یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بوون، بە بیانووی ئەوەی حیزبی دێموکڕات دەستی کردووەتەوە بە خەباتی چەکداری، لە هاوینی ۱۳۹٥دا جیابوونەوەی خۆیان لەو کۆنگرەیە ڕاگەیاند".

لەدرێژەی هەر ئەو ڕاپۆرتەدا، سەبارەت بە "ڕێکخراوەی موجاهیدینی خەڵکی ئیران" هاتووە:
 " ئەو ڕێکخراوەیە لەباری بۆچوونی سیاسی و شێوەی بەڕێوەبەری و ... ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە، بێجگە لە خۆی کەس و لایەنێکی دیکەی بەلاوە پەسند نییە و ڕێکخراوەیەکی داخراوە بەڵام بەو حاڵەشەوە تەنیا ڕێکخراوێکی ئۆپوزسیۆنی ئێرانییە کە لە دەیەی ۱۳٦۰ی هەتاوی و لە هەلومەرجێکی تایبەتی و مێژووییدا، گەڵاڵەی خودموختاری کوردستانی ئێرانی لە "شورای ملی مقاومت" پەسند کرد و تا ئێستایش چەندجارێک پاپەندبوونی خۆی بەو گەڵاڵەیە دەربڕیوە، یەکێک لەو دەگمەن حیزبانەیە کە لە دەسپێکردنی ڕاسانی خۆرهەڵات پیرۆزبایی لە حیزب کرد و لە کاتی شەهیدبوونی پێشمەرگەکانمان لە هاوینی ۱۳۹٥دا سەرەخۆشییان لە حیزب کرد".
جێی سەرسووڕمانە! وادەردەکەوێ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران هیچ ڕێگەیەکی پێشکنایە جگە لەوەی دڵخۆشکا بە دۆستایەتی و هاوخەمی موجاهیدینی خەڵک، وەک ڕێکخراوەیەکی داخراو و ئانارشیست. مەترسییەکی گەورەیە ئەگەر حیزب وای لێبێ ناچاربێ لەسەر سازمانێکی وەها، بۆ هاوپەیمانی سەرمایەگوزاری بکا! دەکرێ بپرسین هەر لەو ساڵانەدا کە باسی پەسند بوونی گەڵاڵەی خودموختاری دەکرا،  حیزب لە سەرچی لە "شۆڕای میللی موقاومەت" هاتە دەرەوە؟ خودی ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتە دەریدەخا شەڕی چەکداری تەنانەت لە ناو جەرەیانەکانی دۆست و نێزیکی حیزبدا چەندە خاوەن جێگە و پێگەیە؟ هەرلەوێشەوە دەکرێ 

پێشبینی بکەین چەندەش بەختی بۆ سەرکەوتن لە داهاتووی ئێراندا دەبێ؟!
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: "لە ماوەی ۲ـ۳ ساڵی ڕابردوودا، حیزبی دیموکڕات لەگەڵ هەشت ڕێکخراوەی دیکە وەک ڕێکخراوی فیداییان، کۆماریخوازان، کۆمەڵە و هتد، لە زنجیرە گفتووگۆیەکدا کە تایبەت بە ڕووخانی ڕژیم و جۆری نیزامی سیاسی داهاتووی ئێران بووە، بەشداری کردووە. لەدوای دانیشتن و دیالۆگێکی زۆر، بەداخەوە هیچی لێ پێکنەهات. لەو دانیشتنانەدا کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی پێشوو، خاڵی ڕووخانی ڕێژیمیان بە تێبینی و تەبسەرەوە قبووڵ بوو و ڕێکخراوەی فیداییانی ئێران(زۆرینە) بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بە نیسبەت ڕووخانی ڕێژیمەوە ڕاگەیاند".
  لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا دەگوترێ:
"جێی ئاماژەیە کە ڕێکخراوە غەیرە کوردییەکان هیچکامیان بە  تەواوی هاوڕا نین لەسەر بۆچوونی ئێمە بە نسبەت پرسی نەتەوەیی کورد بەڵام بەشێکیان وەکوو "سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران" لە بۆچوونی ئێمە نێزیکن. "شورای موقت سوسیالیستهای چپ ایران" یش فیدرالیزمی پەسند کردووە. لە کۆنگرەی ئاخری فیداییانی ئێران(زۆرینە) یشدا، فیدرالیزم دەنگی نەهێنایەوە".
 لە درێژەدا دەڵێ، "هەروەها بەشێکی دیکەش لە ئۆپوزسیۆن وەک سێکۆلارـدێموکڕاتەکان، لە دووساڵی ڕابردوودا بۆچوونیان بە نسبەت پرسی کوردەوە، بەرتەسکتر بۆتەوە." 

ئەوە ئەو وێنەیە ڕاپۆرتی کۆنگرەی شازدە، لە بەرەی هێزە سیاسییە ئێرانییەکان، بە نسبەت پرسی کوردەوە دەیخاتە بەردەست. ئەوانە لەدەرەوەی حکوومەتن. نەهێزێکی ئەوتۆ و نە پێگەیەکی جەماوەریشیان لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا هەیە، ئێستا حیزب دەیەوێ لەکام بەرەدا و بە هاوکاری کام جەرەیان و ڕێکخراوانە، کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ و پرسی کورد چارەسەر کا، ئاشکرا نییە؟ دەمێنێتەوە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکان، وەک " کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ" کە لە سێزدە حیزب و ڕێکخراوە پێکهاتووە و بەناو تەنیا ڕێکخراوەیەکە لەو ساڵانەدا بە یەکگرتوویی ماوەتەوە، بەڵام ئەویش جگە لە دژوازیی بەرژەوەندیی و ڕکابەریی نێوان ئیتنیکە جۆراوجۆرەکانی ناو ئەو کۆنگرەیە، لەبەرێکەوە  هێندێک ڕێکخراوەی لێدەچێتە دەرەوە و بەرەو لاوازی دەچێ، کەچی هێشتا حیزبی دێموکڕات هیوادارە هەوڵ بۆ بەهێزتر بوونی ئەو کۆنگرەیە و کۆکردنەوەی هەرچی چالاکتری ئۆپوزسیۆن لەژێر ئەو چەترەدا بدا.
سەبارەت بە داهاتوو و دەسکەوتەکانی ڕاسان، لەو ڕاپۆرتەدا، لەچەند ئاستدا خوێندنەوەی بۆ کراوە بەڵام پڕۆژەی ڕاسان، کە وادیارە وەک ستراتیژیش ناسێندراوە، بە پێچەوانەی ئەوەیکە دەگوترێ، تا ئێستا نەک سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو هیچ داهاتوویەکی ڕوونیشی بۆ بەدیناکرێ. یەکەم هەر لەبەر ئەوەیکە لەباری ئابوورییەوە حیزب کێشەوگرفتی جددی هەیە و ئەو گرفتە کاریگەری بەرچاوی لەسەر هەموو بەشەکانی چالاکیی حیزب داناوە. ئاشکرایە شەڕی چەکداری جگە لە تێچووە گیانی و ئینسانییە قەرەبوونەکراوەکانی، نیازی بە ئیمکاناتی مادیی و لۆجستیکی بەرفراوان هەیە ئەگینا تێچووی گشتیی لە دەسکەوتەکانی زۆر زیاتر دەبن. دووهەم لە باری دەنگدانەوە و پێشوازی لێکردنی لە نێو خەڵکدا، بە پێچەوانەی ئەوەیکە لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزی ۱۳۹٥دا هاتووە، خەڵکی ناوخۆ نەک ئەو پەیامەی ڕاسانی بە جددی وەرنەگرتووە بەڵکوو تا ئێستا هیچ ئامادەیی و پێشوازییەکی ئەوتۆشی بۆ نەخستۆتە ڕوو. گومانی تێدا نییە ئێستا ڕێژەیەکی ئێجگار کەمی خەڵکی، بەتایبەت شارەکان، حازر دەبن بۆ ئەو جۆرە خەباتە بێنە مەیدان و گیانی خۆیان بەختکەن. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەبێ لە خوێندنەوە و لێکدانەوەکانی حیزبە کوردییەکاندا ببیندرێ ئەگینا هەرچی لەوبارەوە بڵێن زیاتر وەک  پڕۆپاگەندایەکی خۆدڵخۆشکەر دەبیندرێ تا شتێک کە ڕەوایەت لە ڕاستییەکان بکا. لەئاستێکی تردا، هەر لە خودی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ:
 "هەوڵەکانی ڕاسان ئەگەرچی بووەتە شوێنی مشتومڕی هەندێک لە میدیا و ڕۆژنامە بیانییەکان، بەڵام لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە، بەدەمەوە هاتن و حسێبێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوه". 
کەچی هێشتا لەئاستی چوارەمدا دەگوترێ:
 "بە لەبەرچاوگرتن و لێکدانەوەی هەموو ئەو پرس و بۆچوونانە "پێمانوایە کە دوای وەشاندنی زەربە یەکلاکەرەوەکان و کۆتایی لە پەیکەری داعش، لە عێراق و سووریا، ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی قووڵی سیاسی لە ناوچەدا هەیە کە لەڕاستای بەرژەوەندی کوردی خۆرهەڵات بچێتە پێش."
لەم لێکدانەوانەدا بەڕوونی دوو خاڵ دەبیندرێ. یەکەم  پاڕادۆکسێک کە لە ڕاپۆرتەکدا سەبارەت بە جێی هیوابوونیی داهاتووی شەڕی چەکداری هەیە، دووهەم ئەو خوێندنەوە هەڵەیە لەسەر ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو کە لە شرۆڤەکاندا بەرچاو دەکەوێ.  ئەوا چوارساڵی تریش لە مێژووی خەباتی کورد ڕابورد. ترامپیش ڕۆیشت، بایدن هات. ئێستا دەکرێ بپرسین کامەیە ئەو ئاڵوگۆڕانە کە بڕیارە لە بەرژەوەندی کوردی ڕوژهەڵات بشکێنەوە؟ بەوجۆرە کە لەخودی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە، بۆ ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا گرنگترین پرس پرسی ئەمنی و داعشە، ئەورووپا بەرجامی دەوێ و کۆمپانیاکانیان هەر بەهیوان وخۆ ئامادە دەکەن بۆ سەرمایەگوزاری، کەچی هێشتا حیزب دڵخۆشە بەوەی کە هیچکام لە وڵاتانی بیانی، ئێمەیان لە ڕاسان مەنع نەکردووە.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان(حدک)

خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستان (٥)، ئۆرگانی ئەو حیزبە، سەبارەت بە پرسیارێک دەربارەی کوردستانی گەورە و گرێدانەوەی هەر چوار پارچە دەڵێ:
 "لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا شتێکی وا لە ئارادا نییە".  ئەو دەڵێ " لەو ماوەیەدا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی بیانی تەنیا باسی ئەوەمان کردووە کە پرسی کورد لە ئێراندا چۆنە و بێدەنگ نەبن لەمەر مافەکانی ئێمە. ئێمە باسمان ئەوە بووە کە ئێعدام دەکرێین، دەمانکوژن و بێ مافین، بە چاوی ئەمنییەوە سەیرمان دەکەن و کورد وەکوو هاووڵاتی پلە دوو دەبیندرێ". هەروەها دەڵێ:
 "لەو شوێنانە پێش هەمووشتێک لێت دەپرسن کوردی کوێی؟ 

واتە ئەوان لە پەیامی خۆیاندا ڕاشکاون و کاتێک لەسەر  ئەوە بابەتانەش بێنە سەر خەت، ئەوە هیچکات بە قیمەتی تێکدانی پێوەندی خۆیان لەگەڵ ئێراندا نابێ". 
لەسەر ئەو قسانەی سکرتێری حدک، یەکەم شت دەتوانین بیڵێین ئەوەیە کە ئەوجۆرە قسانە لە ناوخۆش دەکرێن. حیزبێکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بەو پێوەندییانەوە کە دەیبێ، ئەرکی زۆر لەوانە زیاترە. خۆ مەحدوودکردنەوە لەو ئاستەدا ئەویش بۆ حیزبێک لەدەرەوەی ئێران کە هیچ فشار و زەختێکی یاسایی لە بەرامبەریدا نییە، ڕەوایەت لەجۆرێک لاوازیی و بێ بەرنامەیی ئەو رێکخراوە دەکا. ئەوەی کە ئێستا  لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئێمکانی لێکگرێدانەوەی هەرچوارپارچەی کوردستان نییە ڕاسته، مەبەست ئەوە نییە بڵێین حیزبی دێموکڕات ئێستا دەبێ درووشمی یەکخستنەوەی هەرچوار پارچەی کوردستان هەڵگرێ. بەڵام ئەوەش کە حیزبێک لە باری فکرییەوە هیچ یوتۆپیا و ئارمانجێکی گەورەتری بۆ داهاتوو نەبێ یا ئەوەندە چوارچێوەی کاریی و چالاکیی خۆی بە ناوچەیەکی دیاریکراو بەرتەسک کاتەوە، جگە لەوەیکە ئەو حیزبە خۆی لە هەندێک پێوەندیی و ئەزموون و ئێمکانی تر مەحرووم دەکا، لە ئەنجامدا هەر دێتوو لاوازتر دەبێتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە لەکاتی پێویستدا نەتوانی پرسی کورد لە بازنەیەکی گەورەتردا ببینی! 
لە درێژەدا، خالید عەزیزێ، لەمەڕ ڕووداوەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەڵێ: "سیاسەتی ئێمە تابعێک نییە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڵام لەسەر هێڵ دەبین. لە واشنتۆن چ ئەو دەسەڵاتە - دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ- لەسەر 

کار بێ و چ دەسەڵاتێکی دیکە، دەتوانین ئەو بەرچاو ڕوونییەیان بدەینێ کە کەس ناتوانێ مەسەلەی کورد، لەئێراندا نادیدە بگرێ".
جێی پرسیارە؟ یانی چی ئەو وتانە؟ چۆن ناتوانن نادیدەمان بگرن؟ بەرنامە و میکانیزمی حیزب لەو بارەوە چییە؟ و بە کام پشتگەرمییەوە ئەو جۆرە قسانە دەکرێن؟
لە درێژەی دیمانەکەدا لێی دەپرسن:
 "حیزبی دێموکرات حیزبێکە یارمەتی داوە بە یەکگرتوویی خەڵک. ئەم حیزبە دەبێ لە ئێستا و داهاتوودا چی بکا زیاتر یەکڕیزی ببەخشێ، یارمەتیدەری کۆمەڵگا بێ بەرەو ئازادی و سەرکەوتن"؟
 لە وەڵامدا سکرتێری حدک دەڵێ:
 " پێویستە ئێمە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دۆست پەیدا کەین".
 خالید عەزیزی پاش ئەوەی کە ئاماژە دەدا تا ئێستا رێبەرانی پێشووی کورد چەند لەو بوارەدا هەوڵیان داوە، دەڵێ:
 "هەوڵدانەکە بۆچییە؟ بۆ ئەوەیە بڵێین حیزبی دێموکڕاتی کوردستان حیزبێکی ئاشتیخوازە، حیزبێکە باوەڕی بە دێموکڕاسی هەیە"
وتەیەکی سەیرە. ئەوە چ سیاسەت و بەرنامەیەکە؟ ئایا بەڕاستی دنیا بە حسێبی ئەو جۆرە لێدوانە، وەک سکرتێری حیزب دەڵێ، قەزاوەت لەسەر کورد دەکا و دەبێ بە دۆست لەگەڵی؟ یا چاو لە توانا و ئیمکاناتی ئێمە دەکا بۆ ڕێکخستن، بۆ ئیدارەی وڵات و ڕۆڵی کورد بۆ سەقامگیری داهاتوو؟  نموونەکانی تاڵبان و موقتەداسەدر ئاشکرای دەکەن ئەمریکا بە 

شوێن چییەوەیە و کەی لایەنێک  بە فەرمی دەناسێ و ڕازی دەبێ  لەگەڵی دانێشێ بۆ دانوستاندن.
هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێ:
"پەیامی دووهەم ئەوەیە کە، لەبەر ئەوەی کێشەی کورد لە بەینی چوار دەوڵەتدایە، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، مەحدوودەیەکی کاری سیاسی خۆمان هەیە، ئەوەش چوونە نێو ئێران و لە چوارچێوەی کوردستانی ئێراندایە، بۆیە ئێمە دوژمنایەتی هیچ لایەن و هیچ میللەتێک ناکەین. ئێمە تەنیا کێشەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە. ئەوەش یارمەتی بەوە دەدا کە حیزبی دێموکڕات بەپێی زەروورەت و بەرژەوەندی کوردستانی ئێران خۆی تووشی کێشەیەکی زۆر نەکا و پەیامێکی ڕوونمان هەیە".
بەڵام ئەو شێوە تێڕوانینەی "حدک" لەڕاستیدا جۆرێک لەڕادەبەدەر خۆ مەحدوودکردنەوەیە. یەکەم لەباری فکریی و ئارمانییەوە، دووهەم جۆرێک خۆلادانە لە بیرکردنەوە لە سازدانی ئەو ئامێر و میکانیزمانە کە ئیمکانەکانی داهاتوو پێماندەبەخشن! 
ئەولەویەتدان و خۆخەریک کردنی لەڕادەبەدەریش بە دوژمنایەتی و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییەوە، جگە لەوەیکە دەریدەخا حیزب لەئێستادا هیچ کار و پلانێکی تری بۆ ئەنجامدان نییە،  هیچی تر نییە. بۆیە ئەو شێوە تێڕوانینە ڕەنگە لە ناسینی کێشە سەرەکییەکانی داهاتوو و پێوێستی ئامادەکارییەکان لەو پێناوە، دوورمان خەنەوە و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە لە ناسینی ڕەقیب و دوژمنە ستراتێژییەکانمان لەناوچەدا بە لاڕێمان بەرێ. کۆماری 

ئیسلامی بەم شێوەیە حکوومەتێکی موتەعارف نییە و هەر بەم شێوەیە ناتوانێ بمێنێتەوە بەڵکوو دەبێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ. کێشەی سەرەکیی ئێمە لە داهاتوودا لەگەڵ ئەو دەوڵەتە موتەعادل و دێموکڕاتانەیە کە ناگۆڕێن و ناڕووخێن و دەمێننەوە!
لە کۆتایی ئەو دیمانەدا سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، دەڵێ:
 "بەشێکی دیکە لە پەیامە سیاسییەکەی ئێمە ئەوەیە، مادام گوتم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ئێراندا چاو لە مەسەلەی کورد دەکەن، ئێمە ناتوانین بەرامبەر بە ڕای گشتی ئێران بێ تەفاوت بین. دەبێ لە نێوخۆدا دۆست پەیدا کەین و وێنەیەکی جوان لە حیزب نیشان دەین. ئێمە ناتوانین بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کەمتەرخەم بین. دەبێ حوزووری خۆمان هەبێ، دیار بین و بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵێین ئێوە ناتوانن نسبەت بە مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێراندا بێ تەفاوت بن. بۆیە لەوێدا گوتوومانە لەگەڵ یەک ڕێکەوین، دێموکڕاسییەکی تەوافوقیمان هەبێ. جا لەوێدا حیزب دەبێ دەوری خۆی بە باشی بگێرێ. هیوادارین هەموولایەک پێکەوە ئەو ئەرک و مەسئوولییەتە بەڕێوە بەرن".  
بەڵام بەم شێوەیە سیاسەتکردن و لەم قسانەی خالید عەزیزیش هەروەک دیمانەکەی لێپرسراوی "حدکا" بەڕاستی هیچ وەک پلان و بەرنامەی ستراتیژیک نایەتە دەرەوە جگە لە هەندێ هەڵوێست و ڕاگەیاندن و هیوا خواستن. بەڕاستی ئەگەر "حدک" ئەوەندە ڕاگرتنی دڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەلاوە گرنگە، خۆ ئیتر ناتوانێ باس لە کۆماری کوردستان و تەنانەت فیدرالیزم بکا چون ئەوانە بە ئۆپۆزسیۆن و ڕای گشتییانەوە بە هەموویان لەبەرامبەریدا دەوەستنەوە. بۆیە لێرەش زیاتر هێز وتوانایە کە یەکلاکەرەوەیە نەک ئەوەی وەک حیزبی کوردی، بەهەرجۆرێک بەس هەوڵ بدەی سیمایەکی جوان و دێموکڕاتیک لەخۆت نیشاندەی.  ئەوە پاڕادۆکسێکە دەبێ چارەسەر بێ، بۆیە ئەگەر حیزبێک توانای هەیە، دەبێ داخوازەکەی بچەسپێنێ، ئەگەر نا، باشترە وازی لێبێنێ و جارێ دروشمێک هەڵگرێ کە توانای جێبەجێکردنی لە دنیای واقعدا هەیە؟

ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی ۱۷ی حدک

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان(حدک) چ داهاتوویەک بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا پێشبینی دەکا؟ لەبەڵگەنامە و داکیومێنتەکانی کۆنگرەی ۱۷ی حیزب (٦)، دەگوترێ:
 "هەر بۆیە ئەگەر بەوردی سەیری ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەو وڵاتانە بکەین و خۆێندنەوە بۆ شوێنەوار و کاریگەریی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان بکەین، هیچ دوور نییە چارەنووسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیران، هاوشێوەی چارەنووسی ڕێژیمەکانی حاکم بەسەر یەکیەتیی سۆڤیەت، کۆرەی باکوور و ڤێنزوێلا بێ. بێجگە لەو خاڵە هاوبەشانەی کە ئەو وڵاتانە لەگەڵ حکوومەتی ئێران هەیانە، هێندێک خاڵی جیاوازیشیان هەیە کە دەکرێ هۆکار بن بۆ یارمەتیدانی گوشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت ئەمریکا، بۆ سەرحکوومەتی ئێران".

بەو شێوەیە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی جیاوازیی، وەکوو گوشاری لە ڕادەبەدەری دەسەڵات بۆ سەر خەڵک، ڕاهاتنی خەڵک بەژیانی خۆش و خۆشبژێوی، جیاوازی ئەم سەردەمە لەگەڵ ئەودەم کە خەڵکی سۆڤیەت تێیدا دەژیان، جیاوازی جۆری گوزەرانی خەڵکی کۆریا و ڤێنزۆئێلا، لەئەنجامدا دێتە سەر ئەوەیکە:
"سەرەڕای هەموو گوشار و فشارێک و لە دوای چل ساڵ، خەڵکی ئێران هیوا بڕاو نەبوون و بە بەربڵاوی لە هەلەکان کەڵک دەگرن بۆیە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی بەدەر نابێ لە چارەنووسی حکوومەتە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکان".
سەبارەت بەو لێکدانەوانەی سەرەوە، بەر لە هەمووشتێک مەرج نییە چارەنووسی ئێران حەتمەن وەک چارەنووسی ئەو وڵاتانەی لێبێ. چل ساڵ ڕابرد و، ئەوا چوار ساڵی تریش هاتە سەری. ئەو ڕووداوانە بۆ کەی دەبن، جارێ دیار نییە. داستانی یەکیەتی سۆڤیەت کە داستانێکی جیاواز بوو. جگە لە هەرەسهێنانی فکری و ئابووری کە داوێنی سۆسیالیزمی نەوعی شەوڕەوی گرتبۆوە و ئەو وڵاتە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ لە ژێر فشار و گوشارەکانی هەموو وڵاتانی ڕۆژاوادا بوو، لە نێو خودی کۆمەڵکا و خەڵکەکەدا خواستێکی جددی و هەڵبەت مەدەنی، بۆ گۆڕان هەبوو. لە هەموو گرنگتر لەو بارەوە ڕۆڵی نوخبە حوکوومەتییەکانە. شایانی ئاماژە پێدانە ئەوسا لە نێو خودی ڕێبەرانی باڵای حیزبی کۆمونیستدا کەسانێکی وکوو گورباچۆف، یێڵتسین، شواردنادزە و عەلییۆف لە ڕێزی پێشوەی گۆڕانکارییکان بوون. شتێک کە لێرە نابیندرێ. بەڵام با وایدانێن لە ئێرانیش شتێکی وا ڕوودەدا، بەڕاستی لە لایەن خەڵک و ئۆپۆزسێۆنی کوردەوە چ ئامادەکارییەک کراوە بۆ هاوئاهەنگبوون و کەڵکوەرگرتن لە فرسەتەکان؟ گرنگتر لەوە چی کراوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتە نەخوازراوەکان؟ بۆ نموونە ئەگەر نموونەی هەر ئەو شەڕانەی لەنێوان ئازەری و ئەرمەنەکاندا، پێشهاتن، لێرەش لەنێوان کورد تورکدا ڕووبدەن، ئێمە چ دەکەین؟ بەسەرهاتی وێنزۆئێلایش هەر ئێستا بە بەرچاومانەوەیە خەریکین دەیبینین. سەرەڕای ئۆپۆزسیۆنی بەهێز و ڕێبەرایەتی لێهاتوو وناسراو و وێڕای هەموو پشتیوانییەکان کە ڕۆژاوا لێیان دەکا، هێشتا گۆڕانێکی ئەوتۆ  لەوێ ڕووینەداوە، باری ژیانی خەڵکیش بەرەو خراپتربوون دەچێ.  بەڵام نموونەی کۆریای باکوور دەبێ گەورەترین نگەرانیمان بێ چون لەوانەیە فشاری ئەمریکا و ڕۆژاوا بۆ سەر ئێران ڕێک شتێکی وای لێکەوێتەوە، وێرانتربوونی هەرچی زیاتری ئابووری ئێران، هەژاری و بێدەرەتانی لەڕادەبەدەری خەڵک و  تەواو لە ناوچوونی کۆمەڵگای مەدەنی. حکوومەتیش بۆ خۆی هەر بمێنێ و بە بەرزی بانانەوە بسووڕێتەوە!
لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ:
" ئەوەی لێرەدا زۆر گرینگ و جێی بایەخە، هێزی کۆمەڵانی خەلکە. خەڵکی ئێران لە شۆڕشی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاویدا نیشانیاندا کە دەتوانن ناوەندی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بن. دەکرێ خەڵک گوشاری سیاسی و ئابووری دەرەکی وەک کێشەیەک بۆ سەر ڕێژیم و دەرفەتێک بۆ تێکۆشان و بەگژداچوونەوەی دەسەڵات سەیڕ بکەن" هەڵبەت لە درێژەدا ئەوەش دەڵێ:
 " هیچ دوور نییە لەدواڕۆژدا ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بکەوێتە سات و سەودا، هەربۆیە هەوڵ و تێکۆشانی گەلانی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تەنیا ڕێگەی ڕزگازییە کە دەبێ بە ئاراستەی نەمانی ئەم ڕێژیمەدا هەنگاو بنێ".
بەڵام کێشەی ئەو خوێندنەوەی سەرەوە لەوەدایە کە ناتوانین ئاوا بەدڵنیایی بڵێین ئەو خەڵکەی ئێستای ئێران هەمان خەڵکی ساڵی پەنجاوحەوتن تا بمانەوێ چاوەڕوانیی شۆڕشێکی سەرانسەرییان لێبکەین. ڕاستییەکەی ئەوەیه لەو سی چل ساڵەی ڕابردووە هەندێک گۆڕان بەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێراندا هاتووە کە ئەوە شوێندانەریی لەسەر ڕەفتاری سیاسی خەڵکیش داناوە. بەتایبەت خەڵکی ئێران ئەزموون و ئاکامی شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوت هێشتا بە بەرچاویانەوەیە و ئەستەمه بە سادەیی بیانەوێ گیان و ماڵی خۆیان بخەنە گرەوی دووپاتکردنەوەی ئەزموونێکی لەو شێوەیە. فشاری، بەتایبەت ئابووری، دەرەکیش بۆ سەر حکوومەتی ئێران ئەگەرچی دەتوانێ لایەنی پۆزەتیڤی خۆی هەبێ بەڵام کاردانەوەی نێگەتیڤی لە سەر چینی مامناوەندی کۆمەڵگە و هەرچی زیاتر لاوازبوونی کۆمەڵگای مەدەنی حاشاهەڵنەگرە، بەجۆرێک کە ئیتر ناتوانین بە ئاسانی چاوەڕانیی خۆڕێکستن و بەگژداچوونوەی دەسەڵاتیان لێبکەین. چینەکانی سەروەش کە بێ خەمن و دەردیان نییە، دەمێنێتەوە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا کە ڕەفتاریان پێشبینینەکراوەو نازانرێ ئەگەریش ڕۆژێ بە شۆڕشێکی بێ پلان و لەناکاو هەستن، چ داهاتوویەک لەو شڵەژانە دەکەوێتەوە؟ ئەوەش کە دەگوترێ لەداهاتوودا لەوانەیە ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ ئێران پێکبێ زۆر 

ڕاستە بەڵام نەتیجەیەک کە لەو دیاردەیە دەگیردرێ هەڵەیە چون لەو حاڵەدا، بەداخەوە، ئیتر مەرج نییە وا کە دەگوترێ خەڵک بتوانن ناوەندی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بن. بەڵام لێرەش وادیارە پێداگریی و ئەولەویەتی "حیزبی دێموکڕاتی کوردستان" هەر لەسەر ڕووخان و نەمانی حکوومەت بێ وەک بڵێی ئەمیش هیچ کار و ئەرکێکی گرنگتری لە ڕووخانی حکوومەت نەبێ یا پێیوایە بە ڕووخانی حکوومەت هەمووشتێک جێبەجێ دەبێ!
لەدرێژەی ڕاپورتەکەدا سەبارەت بە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندانەکانی ئەو ساڵانەی ناوخۆی ئێران دەگوترێ:
" ئەو خۆپێشاندانانە لە دەرەوەی وڵاتیش هیوایەکیان داوە بە ئۆپوزسیۆن و بوونە هۆی لێک نێزیکبوونەوەی بەشێک لە ئوپوزسیۆنی ئێرانی کە ... لە هەوڵی ئامادەکردنی پلاتفۆرمێکدان بۆ داهاتووی ئێران. ئەم جموجۆڵ و بەخۆدا هاتنەوەیە تاڕادەیەک ئێمەشی گرتووتەوە. حیزبی ئێمە هەوڵی داوە لەگەڵ کەسایەتی و لایەنە چەپ و دێموکڕاتەکانی سەر بەنەتەوەکانی دیکەی ئێران بگاتە لێک تێگەیشتن".
 بەو شێوەیە ڕاپۆرتەکە قسە لە ڕێکەوتن لە دوو هاوپەیمانیدا دەکا بە ناوەکانی "شۆڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران" و " هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران". 
ئەوە وەک لە خودی ڕاپۆرتەکەی "حدک"دا هاتووە جۆرێک پێکهاتن و سەرمایەگوزاری کردنە تەنیا لەسەر ئەو کەسولایەنانە کە باوەڕیان بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد، گۆڕینی ڕێژیم و دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکڕاتیک و فیدرال هەیە چون لە درێژەدا دەڵێ:

 " تەنیا لەگەڵ ئەو هێزولایەنانە دەچینە هاوپەیمانییەوە کە ئەو مەرجانە لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا بگونجێندرێن".
 تەنانەت لە شوێنێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا دەڵێ: "لەگەڵ ئەو بەشەش لە چالاکانی نێوخۆ کە لەژێر چاوەدێری حکوومەتدان و زوریان باوەڕ بە ڕووخانی حکوومەت نییە و پتر باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕە تا وەلانانی ئەو ڕێژیمە، بیروبۆچوونەکانمان جیاوازن و لێکتێگەیشتنەکانمان لێک دوورن".
ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکە نیازی بە لێکدانەوەی زۆر نییە. چاوخشاندنێکی خێرا بەسەریدا خۆی پێمان دەڵێ ئەنجام و دەسکەوتی ئەو شێوە سیاسەتکردنەی "حدک" لە داهاتوودا چ دەبێ؟ ئۆپۆزسیونی ئێرانی خۆی لەخۆیدا، دۆخی ڕوون و ئاشکرایە. وێناچێ ئەوانە خۆیان بەو شێوەیە، جارێ بتوانن بە ستراتیژێکی هاوبەش لەژێر چەترێکا کۆبنەوە. ئەو پلاتفۆرم و هاوپەیمانییانەش باسیان لێوەدەکرێ، پاش نزیک بە دووساڵ، لەوە ناچێ شتێکی جددییان لێ هاتبێتە دەرەوە. سەبارەت به کەسولایەنەکانی سەر بە نەتەوەکانی تر، تا ئێستاش ئاشکرا نییە ئەوانە چەندە هێز و پێگەیان لە ناو جەماوەر و کۆمەڵگای خۆیاندا هەیە؟ سەرەڕای ئەوە هەر ئەوانەش لەسەر بڕێک لەو مەرجانەی کورد بۆ خەباتی هاوبەش دیاری دەکا، لەگەڵی هاوڕا نین. لە پێوەندی لەگەڵ چالاکانی نێوخۆی وڵاتیشدا پرسەکە دەتوانێ لەوەش ئاڵۆز و هەستیارتر بێ.  بەتایبەت کاتێک ئەوانەی ناوخۆ زۆریان گەشبینییەکی ئەوتۆیان بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو نەبێ و نەیانەوێ نرخێکی گران بۆ ئەو شێوە سیاسەتکردنە بدەن، بەم پێیە ئەو پێداگرییە 

موتڵەقە لە سەر شەڕی چەکداری و گۆڕانی حکوومەت، تەنیا جیاوازی ومەوداکان لەنێو ئەو دوو بەرەیەدا زیاد و زیاتر دەکاتەوە.

بەرەنجام

ئەنجامێک کە تا ئێرە لەم باسە دەگیردرێ ئەوەیە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات ـ بە حدک و حدکا ـوە، لە ئێستادا هیچ پلان و پڕۆژە سیاسیی دیاریکراویان بۆ ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتوو و چۆنیەتی دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی گەلی کورد نییە چون  بەگشتی خوێندنەوەیەکی گونجاویان بۆ سیاسەت و دۆخی ئێران و کوردستان و ناوچەکە نییە. ئەو بێ بەرنامەیی و خوێندنەوە هەڵەیە لە لێدوانی ڕێبەرایەتیی دێموکڕاتەکان و ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتە ناوەندییەکاندا بە ئاشکرا دەبیندرێ. ئەو پلان و بەرنامانەی ئەوان و ئەو ڕێگایانەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان باسی دەکەن، لەگەڵ تواناکانیان و لەگەڵ هەلومەرجی کورد لەسەر عەرزی واقع یەکناگرێتەوە. بۆیە دەکرێ بڵێین کێشە و بەربەستی جددی سیاسەتی کورد ـلێرەدا هی حیزبی دێموکراتـ لە جۆری خوێندنەوەکەدایە کە پێش هەمووشتێک دەبێ ئەو خوێندنەوەیە گۆرانی بەسەردا بێ. پێش ئەوەش بەڵام سەبارەت بەو حیزبانە هەمیشە ئەو ئیبهامە بەرچاوە کە خاڵی جیاوازیی ئەو دوو حیزبە چی بووە وا لێکی دابڕیون؟ بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە ئەو جیابوونەوە، تواناکانیانی هێندەی تر بەرتەسک کردۆتەوە! و 

ئەوەش خۆی بەربەستێک لە بەربەستەکانی سیاسەتی کورد لە ڕۆژهەڵات زیاد دەکا. ستراتیژی سیاسی هەردووک حیزب - کە لەڕاستیدا دەتوانین بەیەکەوە هێشتا هەر بە "حیزبی دێموکڕات" ناویان ببەین-  لە سەر سێ کۆڵەکەی شەڕی چەکداری،  ڕووخانی ڕژیم و دامەزرانی حوکومەتێکی دێموکڕاتیکی فێدرال دامەزراوە کە ئەو ئامانجانە تا ئێستاش بەگشتی بەختێکیان بۆ سەرکەوتن نییە، کەوابوو جێی خۆیەتی پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەسەر ئەو سیاسەت و ستراتیژانەدا بکرێتەوە و بزوتنەوەی کوردی بیر لەوە بکاتەوە، ئەو ڕێبازانە چۆن و بە چ شێوە لە ڕێباز و شێوازەکانی تری خەبات بگۆڕدرێ؟
 شێوە خەباتی چەکداری ئەگەرچی لە سەردەمانێکدا شێوازێکی ناچار و پێویست بوو و ڕەنگە تاکە ڕێگای خۆناساندنی کورد بە دنیای درەوەی خۆی بووبێ، بەڵام ئێستا کورد لەمێژە ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە و بۆ جیهانیان ناسراوە. جگە لەوەش ئێستاکە نرخ و تێچووی گیانی ئەو جۆرە خەباتە ئیتر لەوانەیە لە دەسکەوتەکانی پتر بێ بۆیە چیتر ناتوانێ سەرنجی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت دانیشتووانی شارەکان و چینەکانی ناوەڕاستی کۆمەڵگا بەرەولای خۆی ڕابکێشێ. لەناو ئێرانیشدا بێگومان ئەو ستراتیژە لەگەڵ دژکردەوەیەکی سەرانسەری و گشتگیر ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەو ڕاستیانە لە پێداچوونەوە و خوێندنەوە نوێکاندا دەبێ ببیندرێن.
پڕۆژەی ڕووخانی حووکوومەتی کۆماری ئیسلامیش، تا ئێستا پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و هێشتایش دیار نییە کە ئەو حوکوومەتە تا کەی دەمێنێ و یا لە ئەگەری نەمانیدا چ 

حکوومەتێک بڕیارە بێته جێگای. ئەگەریش بڕیار بێ ڕووخان یا گوڕانێک ڕووبدا ئەوا خۆی بە ئەنجام دەگا و پێوەندیی ئەوتۆی بە ئیرادەی کوردەوە نییە کە بیهەوێ کات و ئینرژی خۆی بۆ دانێ. کەواتە گۆڕانی حکوومەت ئێستا نە کێشە و نە ئەرکی سەرەکیی کوردی ڕۆژهەڵاتە. بۆیە واباشە لانیکەم حیزبەکان ئەو پرسە لە ئەجێندا و ئەولەویەتی کاری خۆیان لابەن و فۆکووس یەکەمیان بخەنە سەر لایەنەکانی تری کاری خۆڕێکخستن و خۆئامادەکردن بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئەگەرەکانی داهاتوو.
 سەبارەت بە فیدرالیزم یا ئۆتۆنۆمی یا درووشمێکی لەو شێوەیە دەتوانین بڵێین مادام ئەو دروشمانە لە لایەن خەڵک و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە وەرناگیرێن و کوردیش ئەو هێز و توانایەی نییە کە بتوانێ ئیرادەی خۆی بسەپێنێ، باش وایە لە ئێستادا درووشمەکان بگۆڕدرێن بە درووشمی گوجاوتر و گشتیتر تاکوو کورد بتوانێ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ئێستا و داهاتووی ئێرندا بگاتە ڕێکەوتن بەڵکوو خۆی بهاوێتە ناو لێژنەی نووسینەوەی یاسای بنەڕەتیی داهاتووی ئێران بو پێکهاتن لەسەر جۆرە دێموکڕاسییەکی نسبی تەوافوقی. ئەوەیکه کورد لەداهاتوو و لەوەدوا ئاڵای چ درووشم و داخوازێک بەرزکاتەوە، پێوەندیی بە ئاستی دەستەبەربوونی مافەکانی لەو هەلومەرجەدایه و هەروەها پێوەندیی بە ئیمکانەکانی تری بەردەمی کورد و بە ڕادەی ئامادەبوون و توانای ئابووریی و سیاسیی و لەباربوونی بارودۆخی ناوچەیی و جیهانییەوە هەیە.
 لەم ڕوانگەوە  هەڵبەت مەرج نییە هەمیشە و حەتمەن ئاستی داخوازەکان دابەزێنین بەڵکوو دەکرێ داخوازەکان تەنانەت لە فیدرالیزم و ئۆتۆنۆمیش ڕادیکالتر بن بەو مەرجە لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان چڕوپڕتر و شێوازی خەباتی کورد هەمەلایەنە و مودێرنتر و بێتەوە. هەتا بتوانێ سەرنجی جەماوەری کورد وهەروەها کۆمەڵگای جیهانی بەرەولای خۆی ڕابکێشێ.
 لەکۆتاییدا، ئەم وتارە بێ شک ناتوانێ وەڵامێکی تەواو کۆنکرێت بەو پرسیارە، کە لەوەدوا چی بکردرێ، بداتەوە. ئەوەش خۆی تاڕادەیەکی زۆر لە دژواریی و ئاستەنگە جددیەکانی کێشەی کورد و ئەو هەلومەرجە ناوچەیی و نێونەتەوەییە سەرچاوە دەگرێ کە بەگشتی کوردی ڕۆژهەڵاتی تێدایە. بەڵام دەتوانێ وەک دەلاقەیەک بە ڕووی هەنێک باسی زانستیی و ئاکادێمی نوێدا، لەمبارەوە، بکرێتەوە بە مەبەستی ئەوە کە ڕێچارەیەکی نسبی بۆ چۆنیەتی بەیانکردن و داسەپاندنی ئەو دێموکراسییە مەبەستی کوردە بدۆزرێتەوە. بەڵام هەنگاوی یەکەم دووبارە خوێندنەوە و پێداچوونەوەیە بە سەر ئامانج و ڕێبازەکانی ڕابردوودا. چون لەبەرامبەر ئەوەدا واتە پێداگریی و  ڕاوەستان لەسەر ئەو شێوازانەی تا ئێستا لەلایەن حیزبەکانەوە تاقی کراونەتەوە، تەنیا دایەرەی چالاکییەکانی ئەوان بەرتەسک دەکاتەوە و لە ناوەندی هاوکێشە و گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران دووریان دەخاتەوە! 

سەرچاوە و ژێدەر

(۱)  ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ۷۸۷، ڕێکەوت ۳۰ی خەزەڵوەری ۱۳۹۹

(۲) ئالبێر کامۆ. (۱۳۹۲). ئەفسانەی سێزیف( وەرگێڕ مەحموود سوڵتانیە، چاپ داڵاهۆ
(۳) سامۆئێل هانتینگتۆن. (۱۳۸٦). سامانی سیاسی(وەرگێڕ موحسن سەلاسی، پەخشی عیلمی
(٤) کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، ڕێکەوت ۱تا٤ی ڕەشەمەی ۱۳۹٦
(٥) ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ۷۸٤، ئورگانی حدک
(٦) کۆنگرەی ۱۷ی حدک، بەشی ڕاپۆرتی سیاسی، ڕێکەوت ۱۹و۲۰ی ۱۳۹۸







 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group