كشانەوەی هێزەكان.. ئاڵنگاری یان سەروەری

بەختیار شاوەیس

60 خولەک پێش ئێستا

 

وەك كات و وادە ئەمریكیەكان عێراق جێدەهێڵن. هەم لەكاتەكەی هەم لەپەیمان و پەیامەكەی ئیتر ئێمە شاهیدی دیتنی ئۆغر و ماڵئاوایی ئەو هێزانە دەبین كەبەتەكلیف و داواكاری حكومەتی عیراق لەدوای هاتنی داعش لەحوزەیرانی ٢٠١٤ هاتبوونە ئەم وڵاتە.
بەر لەهەرشتێ پێویستە هێما بەوەبكەین كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا  مانای كۆتایی هەیمەنە و هەژمونی واشنتن نیە لەسەر دۆخی دراماتیكی عیراق، بەڵكو لەكۆمەڵێك رەهەندی ستراتیژی ، ئابووری ، دیپلۆماسی و ئەمنیەوە ئەمریكیەكان قاچیان لەناو خۆڵ و تۆزی خاكی عیراقدا گیركردوە و ئەستەمە هەنگاو بنێنن و برۆن. هەر لەبوونی سەفارەت و كونسوڵگەری زەبەلاح لەبەغداد و هەولێر، گرێبەستە تازەكانی  كۆمپانیاكانی زەخمەكانی ئەمریكا لەبواری نەوت، دۆلاری كاشی عیراق لەئەمریكا، كۆنترۆڵی ئاسمانی عیراق، ئەمانە و زیاتریش ئەو پەیوەندیە دوولایەنە بەیەكدالكاوەی نێوان هەردوولان كەپێویستی مانەوە و پەرەپێدانی ئەم پەیوەندیانە بەرژەوەندی باڵای دوو وڵاتەكە دیاری دەكەن.
 حكومەتی عیراق ئاهەنگی سەركەوتن و پشوی فەرمی چوار رۆژە و سەماو شایی لۆغانی راگەیاندوە بۆ دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق. بەڵام لەقوڵایی پرسەكە كۆمەڵێك پێدراوی دیكە خۆیان مەڵاسداوە كەپێویستە تیشكیان بۆ بهاوین. لەوانە:
یەكەم: لەبەرامبەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ، مەرجی كۆنترۆڵی چەكی گروپەچەكدارەكان هەبوو ( هەرچەند بریاری كشانەوەكە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دەگەرێتەوە و سەرەتا پەیوەندی بە چەكدانانی گروپەكان نەبوو، دوای جەنگی ئەمریكا و ئیران ئەم مەرجە هاتە بەرباس و خواست ) بەڵام ئێستا دەركەوت كە زەیدی لەم بەڵێنەی سەركەوتوو نەبوو كەدابووی بەئەمریكیەكان و وادەكەی بۆ نۆ مانگی دیكە دواخستوە واتە كۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٧. كەئەمەش:
دووەم: جۆرێك لەنیگەرانی ئەمریكیەكانی لێكەوتوەتەوە و جگە لە قسەیەكی كورتی تۆم باراك، ناوەندی بریاری ئەمریكا وهیچ بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپی بەفەرمی رەزامەندی لەسەر دواخستنی وادەكە رانەگەیاندوە. نەك هەر ئەمە بەڵكو:
سێیەم: لەمیانەی دیداری هەفتەی رابردووی نێوان ماركۆ رۆبیۆ و عەلی زەیدی، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا زۆر بەتوندی جەختی لەهەڵوەشانەوەی گروپە چەكدارەكان كردوەتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی كەتێروانینی ئەمریكیەكان بۆئەوەیە كە دواخستنی چەككردنی میلیشیاكان هێندەی دەرفەتە بۆ خۆرێكخستنەوە و بەهێزكردنی ئەم گروپانە نیو هێندە مەسافەیەك نیە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەت و ئەمەش تاكتیكی ئێرانیەكانە بۆ كوشتنی كات و دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی كۆنگرێس و دۆرانی كۆماریەكان وەك ئەوەی هیوایان لەسەری هەڵچنیوە. ئەمە جگەلەوەی كە:
چوارەم: مەرجی دواخستنی نۆمانگیەكەی رادەستكردنی چەك ، وادەیەكی نەوەد رۆژی لەخۆ دەگرێت وەك تێست بۆ ئەوەی لەوماوەیە بزانرێت ئەم گروپانە تاچەند پابەندی هێرش نەكردنە سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو وڵاتانی هاوپەیمان و دەوربەر دەدەن، كەئەمەش شتێكی مەحاڵە. چونكە وەك دەڵێن مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە ئەوەتا هەر لەئێستاوە حیزب اللە و سید االشهدا‌و و نوجەبا بەشێوازی جیا چاوسوردەكەنەوە و هەرەشەی لێدان لەفرۆكەی ئەمریكا و لەوشوێنانە دەكەن كەهاوپەیمانی ئەو وڵاتەن. هەر لەسۆنگەی ئەم پێشهاتانەوەیە كە:
پێنجەم: پێدەچێ ئاڵنگاریەكە رووی لەهەرێمی كوردستان كردبێت یان بكات، بەوپێیەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراشكاوی مەترسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای نەشاردەوە بەتایبەتی كەسیستەمی بەرگری بۆ هەرێم فەراهەم نەكرابێت.
ماوەتەوە بڵێم: گەرچی كشانەوەی سەربازی ئەمریكا ، پاوەر و كاریگەری ویلایەتە یەكگرتوەكان لەقوڵایی عیراق بنبرناكات بەڵام لەم هەلومەرجە ناسازەی ناوخۆیی و ئیقلیمی، گرژی سیاسی و پشێوی ئەمنی و لەرزۆكی ئابووری دۆخێك دێنێتە پێشەوە كە پریەتی لەئاڵنگاری زیاد لەگەرانەوەی سەروەری. دۆخێك كەزەحمەتە زەیدی بتوانێت لەسەر تاڵی تەنافەكەی نێوان ئەمریكاو ئێران خۆی رابگرێت و نەكەوێتە خوارەوە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group