ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان راگەیەندرا و هاونیشتمانییان رۆژانە دەتوانن سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی ئەو سنوورانە لە ماڵپەڕی شەفافییەتەوە بزانن. بەپێی نوێترین ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سلێمانی، هەڵەبجە، و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان لە ماوەی ١٤ تا ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦دا، بڕی ١١,٦٠٦,٣٦٠,٧٠٠ دینار بووە. ئەگەر بەپێی ئەم داتا هەفتانەیە خەمڵاندن بۆ داهاتی مانگانە بکەین، تێکڕای داهات دەگاتە نزیکەی ٤٦ بۆ ٥٠ ملیار دینار لەو ناوچانەدا بەشێوەیەك كە82%ی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 18%ی بەشێوەی چـ.ـەكە. لە ناوەندە سیاسی و داراییەکاندا، باس لە کۆی داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم دەکرێت کە بە نزیکەی ١٢٠ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەر هەڵدەدات: ئایا ڕاستە ئەم بڕە پارەیە دەستی پێ ناگات یان ناتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ بەغدا؟ یان بۆشاییەک لە کۆکردنەوەی داهاتەکاندا هەیە کە بۆ خەرجییە ناوخۆییەكانی دیکە بەکاردەهێنرێت؟ پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گەورەترین کێشەی نێوان هەولێر و بەغدایە و كە وەک "گرێکوێرەی دارایی" وەسف دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا دەتوانێت بڕی ١٢٠ ملیار دینار لەم داهاتانە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات، لە کاتێکدا بەغدا گومانی لە قەبارەی ڕاستەقینەی داهاتەکان هەیە. نەبوونی پڕۆژەی شەفافیەت لە ناوچەکانی دیكەی هەرێم وایکردووە کە نەتوانرێت بە وردی بزانرێت ئایا ئەو ١٢٠ ملیار دینارە بوونی هەیە یان تەنیا ژمارەیەکی خەمڵێندراوە. ئەم هەڵوێستە کە وەک "مانۆڕێکی نیازپاکی" وەسف دەکرێت، ئامانجی سەرەکی لێی بڕینی هەموو ئەو پاساوە یاسایی و تەکنیکییانەیە کە بەغدا ساڵانێکە بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەکاریان دەهێنێت. حکومەت بەم هەنگاوە دەیەوێت بیسەلمێنێت کە پابەندی تەواوی بە دەستوور و یاسای بودجەوە هەیە، بەو هیوایەی کە ئەم گۆڕانکارییە لە ئەولەویەتەکاندا ببێتە هۆی ڕەوانەکردنی بەردەوام و بێ پچڕانی مووچەی فەرمانبەران کە ئێستا بووەتە گەورەترین ئاڵەنگاریی بەردەم سەقامگیریی دارایی لە هەرێمدا. لەلایەکی دیکەوە، ئەم بڕیارە ڕەهەندێکی سیاسیی قووڵی هەیە و وەک پەیامێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە داراییە جیهانییەکان دەبینرێت، کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی ڕاستگۆ و شەفاف مامەڵە لەگەڵ داهاتەکانیدا دەکات. سەرکەوتنی ئەم ستراتیژە تەنیا بەوەوە بەستراوەتەوە کە ئایا داهاتە نانەوتییەکانی هەموو ناوچەکانی هەرێم بەبێ جیاوازی و بە شەفافی کۆدەکرێنەوە یان نا. ئەگەر پڕۆژەی شەفافیەت بە تەواوی نیشتمانی بکرێت و هەموو شارەکان پابەندی ئەم "ئەولەویەتە نوێیە" بن، ئەوا هەرێم دەتوانێت پێگەیەکی بەهێزتر لە دانوستانەکاندا بەدەستبهێنێت. بەڵام ئەگەر ئەم ١٢٠ ملیارە تەنیا لایەنێکی جوگرافی بگرێتەوە، ئەوا نەک هەر کێشەی مووچە چارەسەر نابێت، بەڵکو گومانەکان لەسەر خەرجییە نەبینراوەکانی حکومەت زیاتر دەبن و هەرێم لەبەردەم مەترسیی داڕمانێکی دارایی قووڵتردا جێدەهێڵێت. ئەم بڕە دیاریکراوە (١٢٠ ملیار دینار) لە ڕاستیدا وەک "پشکی هەرێم لە تێچووی نیشتمانی" ئەژمار دەکرێت کە پێویستە ڕادەست بکرێت تاوەکو بەغدا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی تەواوی مانگانەی فەرمانبەران بدات. هۆکاری سەرەکی کە بۆچی تەنیا ئەم بڕە دەتوانرێت بنێردرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکی گەورەی داهاتە نانەوتییەکان (کە لە باج، ڕسومات، و گومرگەکان کۆدەکرێنەوە) پێش ئەوەی بگەنە بەغدا، لە ناوخۆدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییانە بەکاردەهێنرێن کە بودجەی ناوەندی نایانگرێتەوە. داهاتە نانەوتییەکان لە ناوخۆی هەرێمدا بۆ چەندین مەبەستی جیاواز خەرج دەکرێن. بەشێکی زۆری ئەم داهاتانە بۆ دابینکردنی "نەختینەی فەرمانگەکان" و خەرجییە ڕۆژانەکانی وەزارەتەکان بەکاردێن، لەوانە خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی بۆ کڕینی دەرمان، پڕۆژەکانی پاککردنەوەی شارەکان، و دابینکردنی سووتەمەنی. هەروەها، بەشێکی دیکەی ئەم پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەچێت کە تا ئێستا لەلایەن بەغداوە وەک "فەرمانبەری هەرێم" ناناسرێن. ئەم دابەشکارییە وادەکات کە هەرێم تەنیا بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک داهاتی "ماوە" و پاکتاوکراو ببینێت کە شیاوی ناردن بێت. لە لایەکی دیکەوە بەغدا فشار دەکات بۆ ئەوەی هەموو داهاتە نانەوتییەکان (کە دەگوترێت لە مانگێکدا دەگاتە سەرووی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ملیار دینار) ڕادەست بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەمە وەک "خۆکوژییەکی کارگێڕی" دەبینێت. هۆکارەکە ئەوەیە کە سیستەمی دارایی هەرێم هێشتا بە تەواوی لەگەڵ بەغدا یەکنەخراوە و هەرێم ناتوانێت بۆ بچووکترین خەرجیی نووسینگەیەک چاوەڕێی ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بێت. بۆیە، ڕادەستکردنی تەنیا ١٢٠ ملیار دینار وەک جۆرێک لە "هاوسەنگیی ناچاری" دەبینرێت؛ لە لایەکەوە مووچەی مانگانەی پێ مسۆگەر دەکرێت، و لە لایەکی دیکەشەوە بڕە پارەیەکی پێویست لە ناوخۆدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی سیستەمی خزمەتگوزارییەکان بە تەواوی دانەڕمێت. ئەم ململانێیە نیشانی دەدات کە کێشەکە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو نەبوونی متمانەی سیاسییە لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتە ناوخۆییەکان. لە کۆتاییدا، پڕۆژەی شەفافیەت، لە ناوەڕۆکەکەیدا، تەنیا پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین نییە بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارەکان، بەڵکو تاقیکردنەوەی ئیرادەی سیاسییە. وەبڵاوکردنەوەی ڕێژەی سەدی چێکەکان نیشاندەرێکی سەرەتاییە بۆ هەوڵدان بۆ هەنگاونان بەرەو بەڵگەنامەکردنی بانکی دیسپلینکراوتر. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.