رەسەنایەتی هەولێر لەژێر هەڕەشەی پاوانكردنێكی نوێدا

عەدنان كۆچەر

14/09/2019

ئەو ئاڵوگۆڕە كارگێڕییەی پارێزگاری هەولێر زیاد لە پێویست گەورەكراوە، لەكاتێكدا ئەوەی هەیە بریتییە لە پەخشكردنی ئەو ململانێ قوڵەی كە باڵ‌و جومگەكانی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد لەسەر باڵادەستی‌و زاڵبوون دەیكەن شتێكی تر نییە، ئەگەر رواڵەت‌و نمایشەكە بەو ئاراستەیەدا بێت كە بەشێكە لە ئەجێنداو پرۆژەیەكی گەورەی چاكسازیی، ئەوە لەنێوەڕۆكدا دووبارەكردنەوەی هەمان فۆڕمی پاوانكردن‌و دابڕینی هەولێرە لە كەسایەتی‌و خانەوادەو روخسارە رەسەنەكانی ئەو شارەو هەرچی زیاتری تەخشانكردنی سامانی هەولێرو زەوی‌و زاری هاووڵاتییەكانیەتی.
لەراستیدا هەولێر رۆژگارێكە لەبەردەم لێشاوێكی گەورەی سەندنەوەی ناسنامەو دابڕینیەتی لە شوناسی، زەمەنێكە گیرۆدەی ئەزموونكردنی هەموو جۆرەكانی پاوانكردن‌و دەستگرتنە بەسەر ئەو جوگرافیا رەسەنەی ناو دڵی سۆران، ئەو پرۆسەو هەنگاوانەی بە ئاراستەی قۆرخكردنی ئەو شارەدا دەهاویشترێت، بۆ گۆڕینی دیموگرافیای هەولێرە هەم بە ئامانجی سیاسی‌و هەمیش بەهۆی دەستكەوتی ئابوورییەوە، بەسەرێكدا لەرێگەی ئەو پرۆسەیەوە پارتی وەك هێزێكی میوانی ئەوێندەر، پایەكانی مانەوەی خۆی لەرێگای هاوردەكردنی هاونیشتمانی ناوچەكانی ترەوە، تەنانەت پارچەكانی تریشەوە بەهێز دەكات‌و دەیهەوێت لەرێگەی وەلا‌و پابەندی سایكۆلۆژی‌و مێژووییەوە ئەو خانەوادانە لەوێندەر جێگیر بكات، كە لانی كەم بۆ دوو دەیەی داهاتوو بە دەنگدەری جێگیری ئەو دەمێنێتەوە، ئەوەی لەو پرۆسەیەش هاوكاری‌و یاریدەی پارتی دەكات، بەدڵنیاییەوە دروستكردنی بەرژەوەندی ئابووری‌و تەخشانكردنی زەوی‌و زار‌و دامەزراندنی ئەو كەسانەیە لەناو فەرمانگە سەرەكییەكانی حكومەت، لەكۆی ئەو هەنگاوانەش، هەرچی زیاترە هەولێرییە رەسەنەكان پەراوێزدەخرێن‌و لەرێگەی ئەو چەشنە مامەڵەوە كار لەسەر سڕینەوەی شوناسی هەولێرییایەتی دەكرێت.
هەولێری عەبدولخالق مەعروف‌و كۆچەرو سەعدی گچكەو رێبازو دەیان تێكۆشەرو بیرتیژو خوێندەوار‌و منەوەرەوە، هەولێری فلكەی چەپەكان‌و مانگرتن‌و جوڵە سیاسییەكان، هەولێری رەسەن بە قەڵاو منارەو ئیسكان‌و شوێنەكانی تر، ئێستا لەرێگەی مرۆڤی هاوردەكراو، سیاسیی هاوردەكراو، بازرگانی هاوردەكراوەوە لەبەردەم نەخشێكی نوێی پارتیدایە، كە رواڵەتەكەی بریتییە لە شتێك‌و ناواخن‌و جەوهەرەكەشی شتێكی تر، راستە باڵاخانەو تاوەرەكان بە ئاسماندا چوون، بەڵام رەسەنایەتی‌و ئازادی‌و هەموو شتێكی تر لە خەڵكەكەی زەوتكراوە، ئەو پرۆسەی زەوتكردنەش بەدڵنیاییەوە لەسایەی مۆدێل‌و فۆڕمی نوێی حوكمڕانی‌و بژاردەی دەسەڵاتبەدەستی پارتی ئاراستەیەكی تری خراپتر بەخۆیەوە دەبینێ.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group