نەوا-
بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسی زیادكردنی پشكی بەنزینی هەرێمی كوردستان، لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكان بانگهێشت دەكات.
سیپان شێروانی ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر زیادكردنی پشكی بەنزینی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، ئەمڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمان وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەكان بانگهێشت دەكات.
وتیشی، لیژنەكە راپۆرتی خۆی لەسەر پرسی زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بەنزین داوەتە وەزارەتی نەوت و دەبێت ئەمڕۆ لەنێو لیژنەی نەوت و گازدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی كەمبوونەوەی خستنەڕووی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، كێشەی زۆر بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست بوو.