سلێمانی.. هۆشداری لە بارەی ژمارەیەك كاڵای مەترسیدار دەدرێت

5 رۆژ پێش ئێستا

نەوا
ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچو، كە تایبەت بوو بە ژمارەیەك كاڵا و كەلوپەلی مەترسیداری ناو بازاڕ.
پاش كۆبونەوەكە، لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا محەمەد وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی "دوابەدوای بەدواداچوونمان لەم مانگەدا و پێشتریش بۆمان دەركەوت دەیان كاڵا و كەلوپەل هێندراونەتە بازاڕەكانەوە بەبێ گوێدان بە یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و كۆنترۆڵی جۆری، ئەو كاڵا و كەلوپەلانەش مەترسیدارن و پێویستە هاووڵاتیان لە كڕین و بەكارهێنانیان دوربكەونەوە".


ئەو وتی "بەشێك لەو كاڵا و كەلوپەلانە تەقلیدن و دروستكراونەتەوە و هیچ مەرجێكی تەندروستییان تیادا نییە، لەوانەش جۆرێك پەنیر، كە هەردوو جۆرە ئەسڵ و تەقلیدەكەی لە بازاڕدا هەیە و پێویستە هاووڵاتیان لە كاتی كڕیندا بە ورییاییەوە تەماشایان بكات".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان كرد رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە هاتنەناوەوەی ئەو جۆرە كاڵا و كەلوپەلانە و ساغكردنەوەیان بەسەر هاووڵاتیاندا، بەجۆرێك لە بازاڕ و ماركێتەكاندا چەندین جۆر لەو خۆراك و كاڵا مەترسیدارانە بونیان هەیە.
لەلای خۆیەوە سۆران غەفور به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری بازرگانی‌ سلێمانی  داوای لە هاووڵاتیان كرد وردتر و بە وریاییەوە لە كاتی كڕینی كاڵا و شتومەكدا مامەڵە بكەن و هەر شتومەكێك جێگەی گومان بوو لێی دوربكەونەوە و لیژنەكانیان ئاگادار بكەنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group